سلێمانی
فولکەی‌ بەردەرکی‌ سەرا دەگەڕێتەوە
 ئاڕاستە

فولکەی‌ بەردەرکی سەرا کەبەفولکەی‌ نۆبەچی بەردەرکی سەرا ناسراوە، بە کۆنترین فولکەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئەژمار دەکرێت و یەکێکە لە رەمزەکانی شاری شاران کەپڕە لە یادگاری بۆ خەڵکی شارەکە، ئەم فولکەیە لە بەردەرکی‌ سەرای‌ سلێمانیدا بووە‌ و هەر چوار شەقامی‌ (سابونکەران‌ و پیرەمێرد ‌و کاوە ‌و مزگەوتی‌ گەورە)ی‌ بەیەک بەستۆتەوە، لەئێستا فولکەکە کاری نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەی لەسەر شێوازە کۆنەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت، لەلایەن رۆڵەیەکی شار و خەمخۆرێکی شار و گەڕەک و خانووە دێرینەکانی شار، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەپێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا کارەکانی تەواوبێت و بەو شێوازە دێرینەی‌ جارانی بێتەوە بەرچاوی هەمووان.

فولکەکانی‌ سلێمانی‌
لەناوەڕاستی‌ ساڵانی‌ چلەکانی‌ سەدەی‌ رابردوودا، تەنها پێنج فولکە لەشاری‌ سلێمانیدا هەبووە، ئەوەش وەکو چەترێک بۆ پۆلیسی‌ هاتوچۆیان دروستکردووە و پێیانوتووە نۆبەچی‌، هەموو ئەم نۆبەچیانەش کۆنکرێتێکی‌ بازنەیی‌ بوون ‌و چەترێکیان بەسەرەوە بووە، سەرجەم ئەم نۆبەچییانەش (وەستا ئەوڕەحمانی‌ وەستا گوورونی‌ دارتاش) لە چیمەنتۆ درووستی‌ کردوون.

مێژووی‌ دێرینی سەرا 
سەرا مەیدانێکی فراوانی شاری سلێمانییە و دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەوە، شەش شەقامی دەکەوێتە سەر ئەوانیش شەقامەکانی (مەولەوی، کاوە، گۆران، سابونکەران، بێکەس، پیرمێرد)ن، ئەمەو زۆرێک لە بازاڕە گەورەو ئەو شوێنە پێویستیانەی کە رۆژانە هاووڵاتیان رێیان تێی دەکەوێت دەکەونە نزیک سەراوە.
لەکۆنیشدا سەرا شوێنی بایەخدانی هاووڵاتیان و دەسەڵاتدارانی شارەکە بووە و زۆرێک لە فەرمانگە حکومییەکانی تێدا بووە، ئەمە بێجگەلەوەی کە یەکەم حکومەتی کوردی لە سەراوە راگەیەنراوە.

سەرا لەزاری شاعیر و مێژوونوسانەوە 
لای خۆیەوە، شێخ رەزای تاڵەبانی لە هۆنراوەیەکی بەناوبانگیدا ئاماژەی بەسەرا داوە و دەڵێت:

لە بیرم دێ سلێمانی کە دارولمولکی بابان بوو
نە مەحکومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لە بەردەرکی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید 
مەتافی کەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو

مامۆستا رەفیق ساڵح، مێژوونوس و شارەزا لەبواری بەڵگەنامەدا، لەبارەی مێژووی سەراوە دەڵێت:"مێژووی سەرای سلێمانی بۆ سەردەمی بابانەکان دەگەڕێتەوە".
هاوکات مامۆستا رەفیق باس لەوەشدەکات، لە سەرای سلێمانی لە رۆژی 17ی 11ی 1918دا بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، "مێجەر نوئێل" مەندوبی سامی بەریتانی لە بەغدا جاڕی بە مەلیک بوونی شێخ مەحمودی حەفیدی دا وەکو یەکەم مەلیکی کوردستان کە ئەمە رووداوێکی گرنگە لە مێژووی شاری سلێمانی و کورد دا.

شەڕی‌ بەردەرکی سەرا 
لە رۆژی 6ی 9ی 1930دا، بۆ یەکەم جار وەکو داهێنانێکی نوێی خەباتی مەدەنی لەشاری سلێمانیدا، خۆپیشاندان دژی ئینگلیز لەبەر دەرکی سەرا سازکرا. ئەم رووداوە لە مێژووی کورد-دا بە شەڕی بەردەرکی سەرا ناسراوە، چونکە شەهید و برینداری لێکەوتەوە کە یەکێک لە شەهیدە دیارەکان "عەولە سیس" بوو.

گەڕانەوەی‌ تەرمی مەلیکی کوردستان 
پاشان لەساڵی 1956 کاتێک تەرمی مەلیکی کوردستان شێخ مەحمودی حەفید هێنرایەوە بۆ سلێمانی، لە بەردەرکی سەرا پێکدادان دروست بوو لە نێوان هاوخەمانی مەلیکی کوردستان و دەسەڵاتدا روویداو خێزانی هونەرمەند رەشۆڵ شەهید کرا.

سەرا لەسەدەی‌ بیست و یەکدا 
ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کتێبفرۆشان و فرۆشیارە دەستگێڕەکان لە چواردەوری بەردەرکی سەرادا سەرقاڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانن، ئەم شوێنە بووە بەجێگەی کۆڕ و کۆبوونەوەی بەشێک لە خەڵکی سلێمانی و ئێواران بۆ پشوودان دێنە بەردەرکی سەرا.

624 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/27/2021 9:16:42 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ