دۆسیە
47 خاڵ بۆ یادی 47 ساڵەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

دەبێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تەواوی یەکێتییەکانی، هەمیشە شانازی بەڕابردووی خۆیەوە بکات، بەڵام لەو ڕابردووەشدا نەمێنێتەوەو هەنگاو بۆ داهاتوویەکی جوانتر بهاوێت، بۆئەوەیشی داهاتوویەکی جوان بونیادبنێت و لەگەڵ سەردەم تەریب بێت، بەبڕوای ئێمە پێویستە یەکێتی ئەم 47 خاڵە بکاتە بنەمای کارکردنی بۆ 47 ساڵی دیکەی، کە هەندێکیان گشتی و هەندێکیشان تایبەت و حزبین.

یەکەم : خزمەتکردنی هاووڵاتیان                

یەکێتی و هەر حزبێکی دیکەش، بەبێ جەماوەرو هاوڵاتیان، مانایەکیان نییە، مادام یەکێتیش دروشمێکی هەیە دەڵێت "یەکێتی، لەخەڵکەوە بۆ خەڵکە"، کەواتە دەبێت یەکێتی لەئایندەدا زیاتر لەهاووڵاتی و خەڵک نزیک ببێتەوە.

دووەم : ڕەهەندی نیشتمانی

هەموو نەیارەکانی یەکێتی زیاتر لەهەر حزبێکی دیکە، ئەم ڕەهەندە لەلای یەکێتی دەبینن، بۆیە دەبێت یەکێتی دەمەزەردی ئەم ڕەهەندەی بکاتەوە.

سێیەم : سنوور و سەروەری خاکی کوردستان

دەبێت یەکێتی لەسەر سنوورو پێشێلکردنی خاکی کوردستان بێتە وەڵام، هەموو گۆشەیەکی کوردستان بەهی خۆی بزانێت و بچێتە بەردەم دەرگای دادگا جیهانییەکان دژ بەهەر پێشێلکارییەکی سنووری لەلایەن نەیارەکانی کوردستانەوە.

چوارەم : پارچەکانی دیکەی کوردستان

دەبێت سیاسەتی یەکێتی ڕوون و ڕەوان بێت بەخزمەتکردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئەگەر ئەم یارمەتییە ماددی، ڕۆحی، لۆجستی و ... هەرچیتریش بێت.

پێنجەم : پێشمەرگە

یەکێتی و پێشمەرگە وەکو دڵ و خوێن وەهان، دەبێت یەکێتی ئەم هێزەی خزمەت بکات، چی خزمەتی کەسی پێشمەرگە، چی پڕچەککردن بێت.

پێنجەم : سەرچاوەکانی ئاو

ئێستا مۆدێلی جەنگی ئاو، مۆدێلێکی باوە لەجیهاندا، بۆیە یەکێتی دەبێت ئەم مۆدێلە لەکوردستان پێڕەوبکات و کاری لەسەر بکات و ئاوی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی بخاتە خزمەت سیاسەت و کشتوکاڵەوەو بەنداوی زیاتریان بۆ دروست بکات.

شەشەم : کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ

پێویستە یەکێتی لەسەر ئاستی حزب و حکومەت، خەمی جوتیاران بەخەمی خۆی بزانێت، زیانەکانیان قەرەبوو بکاتەوە و  کۆمەکی دەغڵودان و ئامێرو چارەسەری نەخۆشییە کشتوکاڵی و ئاژەڵییەکانیان پێببەخشێت.

حەوتەم : بازاڕ

یەکێتی دەبێت لەساڵانی داهاتوودا بازاڕ بەجۆرێک ڕێک بخات کە لەدەرەوەی کاری حکومەت، شوێن دەستی خۆی پێوە دیاری بکات، تەنها لەپێناو هەژاران و نەداران.

هەشتەم : پرسی گەندەڵی

گەندەڵی بووەتە نەخۆشی لەهزرو بیری سیاسیەکانی کورددا، پێویستە یەکێتی سیاسەتی لێپرسینەوە لەداهاتی بەرپرسەکانی دابهێنێت و بیکاتە مۆدێل بۆ حزبەکانی دیکەیش.

نۆیەم : سەروەری دادگاکان

ئەگەر مرۆڤ لەسایەی یەکێتییدا و لەبەردەم دادگاکاندا هەست بەیەکسانی بکات، ئەوا شانازییەکەی بۆ یەکێتی دەگەڕێتەوە، وەک چۆن پێچەوانەکەیشی ڕاستە، کەواتە پێویستە یەکێتی ئیش لەسەر سەروەری دادگاکان بکات.

دەیەم : پرسی ئازادی

ئەم خاڵە دەمێکە بنەمای ئیشکردن و سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی بووە، بەڵام ڕەنگە سەردەمەکە ئەوە بخوازێت لە یەکێتی کە، پانتایی ئازادییەکان فراوانتر بکات.

یانزدەیەم : ژن

یەکێتی لەهەموو حزبەکانی دیکە ڕێژەی بەشداری ژنانی باشە، بەڵام بۆئەوەی باشتر بێت پێویستە ئەم ڕێژەیە زیاتر بکات.

دوانزدەیەم: پێگەیاندنی ژنی سەرکردە !

ئەم خاڵە جیاوازە لەخاڵی پێشتر، نابێت بەشداری ژن لەناو یەکێتیدا ڕووکەش و مارکێتی بێت، بەڵکو دەبێت سەرکردەیی بێت و ڕەمز بێت.

سیانزدەیەم : گەنجان و لاوان

ڕەنگە زەوی و مێژووش تەمەنیان کردبێت و پیربووبن، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی پێویستە و مێژووی تێدا دەنووسێتەوە گەنجان و لاوانن، دەبێت یەکێتی زۆر هەستیارانە کار لەسەر ئەم توێژە گرنگە بکات.

چواردەیەم : خوێندکاران

لەگەڵ ڕاگەیاندنی کاری سیاسی، یەکێتی بڕوای بە کاری ڕێکخراوەیی و خوێندکاری هەبووە، دەبێت بەم خاڵەدا بڕواتەوەو بڕیار لەسەر کۆنگرەی ڕێکخراوەکەی بدات و خوێنێکی تازە بە جەستەیاندا بکاتەوە.

پانزدەیەم : ڕاگەیاندن و میدیا

ڕووی دەرەوەی یەکێتی میدیاکەیەتی، بەڵام دەبێت میدیای یەکێتی زۆر لەئێستا چاکتر بکرێت و بایەخی زیاتری پێبدرێ.

شانزدەیەم : کادر

هیچ حزبێک هێندەی یەکێتی کادری بێ بەرژەوەندی نییە، دەبێت یەکێتی غرووری ئەم دڵسۆزییەی کادرەکانی نەیگرێت و بەجدی ئیشیان لەسەر بکات و خزمەتیان بکات و  ئیهمالیان نەکات.

حەڤدەیەم : گوندەکان

وەک مام جەلال دەڵێت "گوندەکان بەردی بناغەی شۆڕشن" ئێستا ئەم بەردە جێ لەق بووە! پێویستە یەکێتی خۆی بەخاوەنی گوندەکان بزانێت و خزمەتیان بکات.

هەشتدەیەم : داهاتی ناوخۆ

ئەگەر یەکێتی بتوانێت هەم خزمەت بەگوندەکان و هەم جوتیاریش بکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەتوانێت بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بکات و کەرتی کشتوکاڵیش ببوژێنێتەوە.

نۆزدەیەم : ڕێگاوبانەکان

ڕێگاوبان شادەماری جوڵەی بازرگانی و کشتوکاڵە و یەکێکە لەڕێگاکانی گەیاندن، پێویستە یەکێتی چاکیان بکات و ئیتر وشەی "مەرگ" نەکرێتە ناونان بۆ ڕێگاکان.

بیستەم : وەرزش

ئێستا پرس و ویست بۆ وەرزش شتێکی جیهانییە، لەم ڕێگەیەوە دەکرێت خزمەتێکی باش بە گەنجەکان بکرێت.

بیست و یەک : دیدگای ڕوون

دەبێت یەکێتی چ بۆ حزب و چ بۆ حکومەت، خاوەن دیدگای ڕوون بێت لەسەر کۆی پرسەکان.

بیست و دوو : نەوت

بۆئەوەی نەوت بخرێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە، دەبێت یەکێتی لەسەر پرسی نەوت بێتە وەڵام و داوای ڕوون و شەفافیەتی نەوت  لە داهاتەکەیدا بکات.

بیست و سێ : زمان و فەرهەنگی کوردی

بەداخەوە حزبە کوردییەکان تەنها چاویان لەسەر هەندێک بابەتی لاوەکییە وەک کێشە دەیبینن و زمان و فەرهەنگی کوردییان پشتگوێ خستووە، پێویستە یەکێتی بایەخی تەواو بەم بوارە بدات و خەمی لێبخوات. چونکە زمانەکەمان لەبەردەم کارەساتدایە.

بیست و چوار : کوالێتی خۆراک و تەندروستی

بازرگانی چاوچنۆک گەدەی مرۆڤی کوردی کردووەتە حاویەو زباڵە!، دەبێت یەکێتی سزا بۆ هەر بازرگانێکی خۆی دابنێت ئەگەر ئەم بازرگانییە نەوەستێنێت.

بیست و پێنج : ڕۆحی نەتەوەیی

دوژمنەکان بۆ چەندانجار ڕۆحی نەتەوەیی کوردیان پارچە پارچە کردووە، کورد بۆخۆیشی ئەم ویستەی هەیە، یەکێتی دەتوانێت ئیش لەسەر چاککردنەوەی ئەم ڕۆحە تێکشکاوە بکات و چاکی بکاتەوە.

بیست و شەش : ئەنفال

تاکو ئەبەد ئەنفال شوناس و ناسنامەی کوردە، ئەرکی یەکێتییە ئەم شوناسە بەجوانی بپارێزێت و خزمەتی کەسوکاریان بکات زیاتر لەوەی ئێستا کردویەتی. دەشتوانرێت ئەم پرسە بکرێتە لۆبییەکی گەورە بەدەرەوە.

بیست و حەوت : دەسەڵات

چی بە مومارەسەکردن و چی وەک شۆڕکردنەوەی دەسەڵات، دەبێت یەکێتی دەسەڵاتی خۆی بەگەڕ بخاتەوەو کۆی کایەو جومگەکانی وڵات خزمەت بکات، یان بیخاتە خزمەت هاوڵاتیانەوە.

بیست و هەشت : هەلی کار

داواری هاوڵاتیان بۆ دامەزراندن و کار، مافێکی سروشتی خۆیانە، حکومەت ناتوانێت ئەوە بۆ هاوڵاتیان بکات دایانبمەزرێنێت، بۆیە دەبێت یەکێتی هەوڵبدات هەلی کار بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکات.

بیست و نۆ : کارکردن بەئەزموونی ئەوروپا و ئەمریکا

کارکردن لەسەر شێوازی ئەوروپاو ئەمریکا، یاخود ئاسانکردنی سەفەر تاکو هاوڵاتی کورد، ئەزموونی ئەوروپا و ئەمریکا ببینن لەهەموو کایەیەکدا، یەکێتی دەتوانێت لەڕێگای نوێنەرەکانیەوە لەوڵاتانی دەرەوە، یان لەڕێگەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەرێم، یان لەڕێگەی ئەو لینکانەی بەدەرەوەوە هەیەتی، ئەم کارە بکات.

سی : بواری ڕۆشنبیری

لەناو خودی یەکێتییەوە بۆ هەر تاکێکی کوردستانی، پێویستە یەکێتی بایەخێکی تەواو بە مەسەلەی ڕۆشنبیری بدات و دەرفەتی چالاکی و کتێب چاپکردن و کۆڕ و سیمینار بدات و تێچووی ئابوورییان بگرێتە ئەستۆ (ئەم خاڵەیان لەڕووی کتێب چاپکردنەوە بۆخەڵکی، ئێستا ئاگادارم مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی پێی هەستاوە)

سی و یەک : پێشینەکان

لەڕابردوودا و لەو کابینەیەی کە یەکێتی سەرۆکی بوو، پێشینەکان دەستیان پێکرد، پێویستە دووبارە یەکێتی ئیش بۆ ئەوە بکات ئەم پێشینانە دەست پێبکاتەوە، تەنانەت ئەگەر وەک حزبیش جۆرێک لەهاوکاری سەرەتایی هاوڵاتیان بۆ زەواج و بونیادنانی خانوو بدات، ئەمەش بەپشتبەست بە بەڵگەی قانوونی.

سی و دوو : منداڵ

هەموو دەسەڵاتە جیهانییەکان بایەخێکی جدی و وردیان بەمنداڵ داوە، یەکێتیش بۆخۆی منداڵپارێزی هەیە، پێویستە لەم ڕێگەیەوە کارلەسەر توانای منداڵ، یان پاراستنی یاخود گەشەپێدانیان بکرێت بەڕێگەی زانستی.

سی و سێ : کەشێکی ئارام

بەبڕوای تایبەتم و دۆست و نەریارو مێژووش شاهیدە. ئەم خاڵە زۆری ناوێت لەسەری بووەستین، تائێستاش یەکێتی خوێنی لەبەر دەڕوات لەپێناو ئارامی کوردستان و خەڵکەکەیدا.

سی و چوار : شەهیدان و کەسوکاریان

شەهیدان ڕەمزو بەها پیرۆزەکەی یەکێتین، دەبێت یەکێتی یاساو شێوازێکی تایبەت دابڕێژێت کە هەر گیانفیداکارێکی یەکێتی کە لەڕیزەکانی یەکێتیدا شەهید دەبێت، یەکێتی خزمەتکردنی خێزانەکەی بگرێتە ئەستۆ.

سی و پێنج : پرۆژەکانی نیشتەجێبوون

هەموو ئەو خاڵانەی لەپێشوودا بۆ خزمەتی هاوڵاتیان نووسیومن، دەشێت تێچوویەکی ئابووری گەورە بێت، بەڵام یەکێتی دەتوانێت لەبابەتی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و زەوی دابەشکردندا، بەرامبەر پارەیەکی ڕەمزی، خزمەت بەژمارەیەکی زۆر هەژارو دەستکورت و کرێچی بکات.

سی و شەش : ڕۆژنامەنووسان

ئەلیف/لەبواری خزمەتکردندا بەڕۆژنامەنووسان و نووسەران، تاکو ساڵانی 2010یش یەکێتی باشی هێنابوو، کەم ڕۆژنامەنووسی یەکێتی هەبوو خزمەت نەکرابێت، بەڵام بەداخەوە یەکێتی ئێستا ئەم خزمەتەی وەستاندووە و پێویستە دەستی پێبکاتەوە.

بێ/ پێگەیاندنی کادیر و ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری نوێ بەعەقڵ و تەکنیک و خەونی نوێ، تاکو باشتر و مۆدێرنانە خزمەت بکات.

سی و حەوت : ژینگە

لەکوردستان بەگشتی بایەخێکی کەم بەبواری ژینگەو سروشت و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دەدرێت، بەپێچەوانەوە ژمارەی ڕاوکارو بکوژی ئاژەڵ، لەژمارەی ئاژەڵەکان زۆرترن، پێویستە یەکێتی ئەم بابەتە بباتە پەرلەمان و یاسایەکی ئەوتۆ بۆ ڕاوکار دەربکرێت کە هیچی کەمتر نەبێت لە بکوژی مرۆڤێک!.

سی و هەشت : پرسی توندوتیژی

ئەمەش بوارێکی گرنگە کە یەکێتی چ لەڕێگەی وانەکانی خوێندنەوە، یان لەڕێگەی یاسای پەرلەمانەوە، یاخود لەڕێگای برا پۆلیس و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆوە، تەواوی هەوڵەکانی بخاتەکار بۆ وەستاندنی هەرجۆرە توندوتیژییەک.

سی و نۆ : ڕێکخراوەکان

ڕێکخراوەکان دەسەڵاتی پێنجەمن لەهەر کۆمەڵگەیەکدا، بەڵام لەکوردستان بەهەر هۆیەک بێت، ئەم ڕێکخراوانە سست و لاوازبوونە و پێویستیان بەهەوڵی جدی هەیە تاکو بخرێنەوە گەڕو ئەکتیڤ بکرێنەوە تاکو ڕۆڵی ڕێکخراوەکان لەکۆمەڵگەدا دەربکەوێت.

چل : لایەنگر و دەنگدەر

حزبە سیاسییەکان بەگشتی، باس لەداکشانی دەنگەکانیان دەکەن، ئەمەش پەیوەستە بە خزمەتنەکردنی دەنگدەری  خۆیانەوە، ئەگەر یەکێتی تەواوی خاڵەکانی پێشتر وەک کارێکی گشتی ئەنجام بدات بۆ هاوڵاتیان، ئەوا بێگومان دەنگدەرەکانیش مافی دەنگدانیان بۆ یەکێتی لەلا دەبێتە ئەمری واقیع.

چل و یەک : یەکێتی و پەیوەندییەکانی

یەکێتی هەر پەیوەندییەکی بچڕابێت، هێندەی ئەو پەیوەندییە خراپ نییەو زەرەری لێنادات کە پەیوەندی نێوان سەرکردایەتییەکەی لەگەڵ میللەت و هاوڵاتیان بپچڕێت، پێویستە یەکێتی تەواوی پەیوەندییەکانی ڕێکبخاتەوەو وردتر ئیشیان لەسەر بکات.

چل و دوو : نوێنەرانی یەکێتی لە حکومەت

دەبێت یەکێتی نوێنەرەکانی خۆی لەحکومەت دەستکراوە بکات بۆ خزمەتی زیاتر، ئەگەر هەر ڕێگری و کۆسپێکیش دەخرێتە بەردەمیان لەلایەن حزبی دیکەوە، لێیان بێتە دەنگ و هەڵوێستی توندو بەهێزی هەبێت.

چل و سێ : بەغدا و یەکێتی

دەبێت یەکێتی سیاسەتێکی ڕوونی لەگەڵ بەغدا هەبێت و بەقوڵایی ستراتیژی بزانێت لەپێناو هاوڵاتیانی کوردستان، سەرۆک مام جەلال چەندە لەگەڵ بەعس و خودی سەدام حسێندا لەپێکدادان و شەڕدابوون، بەڵام هەرگیز حیوارو گفتوگۆی ڕەت نەدەکردەوە، دەبێت هەمیشە یەکێتی بەغدای پێقبوڵتر بێت لەهەر پایتەختێکی دیکەی ناوچەکە.

چل و چوار : ڕەوەندی کوردی و نوێنەرەکانی یەکێتی لەدەرەوەی کوردستان

بۆئەوەی یەکێتی خزمەت بە ڕەوەندی کوردیش بکات لەدەرەوەی کوردستان، پێویستە لەڕێگەی نوێنەرە حزبی و حکومییەکانیەوە لەوڵاتاندا، خزمەتیان پێ بکات و لەپرس و کێشەکانیاندا هاوکارییان بکات.

چل و پێنج : پرسی غاز

لای هەمووان ڕوونە پرسی نەوت بووەتە بەڵا بۆ هەرێمی کوردستان، دەبێت یەکێتی نەهێڵێت غازیش بەم دەردە ببرێت و تەنها ویستی یەکێتی لەپرسی غاز، بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بێت.

چل و شەش : داهاتی ناوخۆ

دەبێت یەکێتی بەدواداچوون بۆ چەندێتی داهات و چۆنیەتی سەرفکردنی بکات و بۆ هاوڵاتیانی ڕوون بکاتەوە، دەبێت پێداگربێت کە داهات تەنها بۆ یەک ناوچە نەبێت و ناوچەکانی دیکە پشتگوێ بخرێن و ئاوڕیان لێنەدرێتەوە.

چل و حەوت : پێشنیارو سەرنجی هاوڵاتیان

دەبێت یەکێتی گوێ لەهەر ڕەخنەو پێشنیارێک بگرێت کە ئاراستەی یەکێتی دەکرێت، منێکی یەکێتی بەپێی دەرفەت توانیم 47 خاڵ وەک ئیشی داهاتووی یەکێتی بنووسم، ئەکرێت کەسێکیش لەدەرەوەی یەکێتی بتوانێت 47 خاڵی دیکە بۆ یەکێتی بنووسێت و پێشنیاری بکات، پێویستە یەکێتی بەهەندی وەربگرێت.

95 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/1/2022 12:02:28 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ