دۆسیە
ساڵیادی مامۆستای ناودار نەجمەدین مەلایه‌
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

 نەجمەدین مەلا (1898-1962)

 مامۆستای ناودار و ناسراو «نەجمەدین مەلا»، کوڕی مەلا غەفوری مەلا عەلی مەلا ئیبراھیمە، باپیرە گەورەی لە کاتی دروستکردنی شاری سلێمانی و فەرمانڕەوایی بابانییەکاندا لەسەر خواستی «ئیبراھیم پاشا» لە قەڵاچوالانەوە ھاتووەتە سلێمانی و بووە بە مامۆستا لە مزگەوتێکدا.

 

پاش جێگیربوونی ئەم بنەماڵەیە لە سلێمانی، ساڵی 1898 نەجمەدین مەلا لەدایکبووە کە ڕێکەوتی ساڵی ڕشانەوەکە بووە، ئەو ڕۆژگارە ڕەشەی بووەتە ھۆی مردنی زیاتر لە ھەزارەھا خەڵکی هەژار و ڕەشوڕووتی ئەم ناوچەیە، سەرەڕای دەربەدەرکردنی دانیشتووان بەرەو دێهاتەکان، ھەر ئەمەش مەلا غەفوری ناچارکردووە کە خۆی و خێزانی ڕووبکەنە دێی (ڕەشەکانی) لە شارباژێڕ.

مامۆستا نەجمەدین مەلا حەزی لە ژیانی مووچەخۆری نەکردووە


نەجمەدین مەلا، خوێندنی لەلای «حاجی مستەفای قازی» هاوکات لەلای باوکی و پاشان لە سلێمانی و لە ساڵی 1912 لەو قوتابخانەیەدا خوێندویەتی کە «سەفوەت بەگی تورک» کردبوویەوە لە سلێمانی و بە پلەی یەکەم دەرچووە.

مامۆستا نەجمەدین مەلا حەزی لە ژیانی مووچەخۆری نەکردووە بۆیە ماوەیەک بە بێ ئیش ‌و ماوەیەکیش بە ڕەنجی شان تەمەنی ھەرزەکاری بەسەربردووە.

مامۆستا لە سلێمانی حوجرەیەکی لە شێوەی خوێندنگەیەکی تایبەتیدا کردووەتەوە بۆ فێرکردنی خوێندەواری، هەر لەو حوجرەیەشدا کە ناوی نابوو (قوتابخانەی کەشتیی نوح) کتێبخانەیەکیشی دامەزراندبوو، کە کتێب و ڕۆژنامە ‌و هەموو بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەی تێدا دەفرۆشت.

حەوت ھەزار کەسی لە تەمەنە جیاوازەکان لە نەخوێندەواریی ڕزگار کرد

مامۆستا نەجمەدین مەلا لەو قوتابخانەیەدا نزیکەی حەوت ھەزار کەسی لە تەمەنە جیاوازەکان لە نەخوێندەواریی ڕزگار کرد و ژمارەیەکی دیکەشی فێری زمانی فارسی کرد.

نەجمەدین مەلا ھەروەکو زۆر لە ڕۆشنبیران و ئەدیبان بەر لافاوی نەھامەتی ڕۆژگار و کارەساتی جەرگبڕ کەوتووە، لە ھێرشی تورکە عوسمانییەکاندا بۆ سەر کوردستان، «عەبدولمەجید»ی برای کە زۆر زانا و زیرەک بووە، تورکەکان لەگەڵ قوتابی و فەقێیەکی تر گرتیانن و ڕەوانەی شاری (حەڵەب)یان کردن، باوکیشی ھەر بەو داخەوە لە ساڵی 1915 دا سەرینایەوە.

مامۆستا نەجمەدین مەلا حەزی بە مەلایەتی نەکردووە،

 زیاتر لە (35) ساڵی تەمەنی بە وانەوتنەوە لە قوتابخانەکەیدا بەسەربردووە، ئەگەرچی ماوەیەکیش لە (ڕانیە) موچەخۆری دەوڵەت بووە
.

سەبارەت بە ژنهێنانی مامۆستا، ھەندێک دەڵێن ژنی نەھێناوە، گوایە لە دەستنووسەکانی مامۆستادا ناوی هاوسەر و منداڵ نەھاتووە، بەڵام لە ڕاستیدا ژنی ھێناوە و تەنانەت کچێکیشی لێی بووە، بەڵام بە جوانەمەرگی سەریناوەتەوە و پاش مردنی کچەکەی، مامۆستا نەجمەدین مەلا لەگەڵ فاتمە خانی هاوسەری لە یەکترجیابوونەتەوە.