هەواڵ
یەکێتی وەڵامی پارتی دەداتەوە
 ئاڕاستە
ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە وەڵامی راگەیاندراوەکەی ئەمرۆی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم لێدوانەی بۆ راگەیاندنەکان دا : 


 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە دوێنێ ٢٣ی کانونی دووەمی٢٠٢٢، بۆ رای گشتی کوردستانیی بڵاویکردەوە، خستنەڕووی راستییەکانی تێدابوو ،چونکە لەدانوستاندنەکاندا ھەر لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە ھەوڵەکانمان بۆ ئەوە  بوو بەیەکڕیزی و پڕۆژەیەکی یەکگرتوی نیشتمانییەوە  لەگەڵ  لایەنە سیاسیەکانی  عێراق بە شیعە و سوننەوە   بچینە بەغدا، بەڵام بەداخەوە پێشبینی ئەوە دەکرا  پێشوەخت پارتی  لەگەڵ چەند لایەنێکی تردا بەبێ  ئاگاداری  ئێمە و لایەنەکانی  تر چوبوونە ناو رێککەوتنێکەوە کە بەھیچ شێوەیەک خزمەت  بە پرۆسەی سیاسی لەعیراق و مافەدەستوریەکان  و قەوارەی ھەرێمی کوردستان  ناکات. ھەر لەسەرەتای ئەو کۆبوونەوانەوە ھەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی و وەفدەکانی یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستان  بە دەسەلاتی تەواو و بە بڕیاری سەربەخۆی  نیشتمانیەوە لەگەڵ پارتی دا گفتوگۆیان دەکرد دور لە پرەنسیپەکانی تاکڕەوی و  قۆرخکاری لە  پرۆسەی  بڕیاردانی  سیاسیدا   .


بەڵام بەداخەوە ئەوە وەفدەکانی پارتی بوون کە بە ناوەڕۆکێکی تەم و مژاویەوە دەھاتن بۆ کۆبوونەوەکان.
ھەر لێرەدا بە بیر پارتی دیموکراتی کوردستان  دەھێنینەوە کە ھیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتیمان لەگەڵیان نەبووە، چونکە خۆیان ھەلی وایان نەڕەخساندو دەیانوویست رێککەوتنێکی  ناشەفافمان  لەگەڵ بکەن.
بەشداری نەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لەیەکەم دانیشتنی عیراق لەبەر ھەڵوێستی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت (راکان جبوری) و کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بوو و ھیچ پەیوەندی بەھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نەبووە.


لەبارەی دووبارە کاندیدکرنەوە ی سەرۆک بەرھەم ساڵح بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، پێداگریمان بۆ ئەوەیە کە ئەو وەک پارێزەری دەستووری عێراقی فیدراڵ و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی گەلانی عیراق و  قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەبێت، وەک چۆن ھەمیشە نوێنەرانی تری یەکێتی نیشتمانی لەبەغدا بەپێی دەستوور ئەم ئەرکەیان جێبەجێکردووە.


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە لەگەڵ یەکڕیزی ماڵی کور د بووەو ھەوڵی بەردەواممان دوپاتکردووەتەوە بەڵام کە دڵنیابووین پارتی بەئەجێندایەکی تەم و مژاوی ھاتە ناو دانوستانەکان و نێو پرۆسەی سیاسی عێراقەوە ھەستمان کرد ئەو ھەوڵانە مەترسیدار دەبن و خزمەت بەپرۆسەی دیموکراسی و مافە دەستووریەکانی گەلانی عیراق و قەوارەی ھەرێم ناکات، بۆیە ئێمەش لەڕوانگەی بڕوای نەگۆڕو چەسپاومان بەڕێکارە دەستووری و دیموکراتییەکان لەپرۆسەی سیاسی عێراق کاندیدی پەسەندکراوی خۆمان و بەرەزامەندی زۆر لایەنی تری عێراقی و کوردستانی  بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکرد.           


لە کۆتاییدا  دوپاتی دە کەینەوە کە یەکێتیی  نیشتمانیی   کوردستان   بۆ  چارەسەرکردنی کێشەکان ھەمیشە بڕوای   بە  پرەنسیبی   دیالۆگ   ودانوستاندن   نەگۆڕە  و ئێستاش  لە پێناوی  بەرژەوەندی  گشتی دەرگای  ئەو بژاردەیەمان  دانەخستووە بەمەرجێ بۆ رێککەوتنێکی کۆنکریتی بێت

 
130 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/24/2022 1:04:17 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ