هەواڵ
دواجار وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم بڕیاره‌كه‌ی ده‌ركرد
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، دوای وەرگرتنی رەزامەندی، بڕیار درا بە كردنەوەی ئەژماری بانكیی (حیساب بانكی)، بۆ ئەوەی پارەی لێبڕینی خانەنشینی فەرمانبەرانی تێبكرێت.

حازم ئیسماعیل گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینان و سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینی، له‌ لێدوانێكدا بۆمیدیایه‌كی پارتی راگەیاندوه‌: "یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجوومەنی كارگێڕیی سندووقی خانەنشینی كراوە، دوای ئەوەی رەزامەندیی كردنەوەی ئەژماری بانكیمان وەرگرت، بڕیار درا بە كردنەوەی ئەو ئەژمارە بانكییە و بە كردار دەكرێتەوە، كە تایبەتە بە خانەنشینی، بۆ ئەوەش نووسراومان بۆ وەزیری دارایی کردووە".

وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە 15/12/2021 بڕیاری دا بە پێکهێنانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینی.

ئاماژەی بەوەش داوه‌، فەرمانگەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینی دەكرێتەوە و وەزارەتی دارایی فەرمانبەر بۆ ئەو فەرمانگەیە دەگوازێتەوە، گوتیشی: "فەرمانگەكە بەڕێوەبەرێكی بۆ دادەندرێت بە پلەی جێگری بەڕێوەبەری گشتی و چەند هۆبە و بەشێك دەكرێتەوە و باڵاخانەی دەبێـت دەست بە كار دەكەن، ئیستا شوێنێکمان بۆ کردوونەتەوە تاکوو باڵەخانەکە ئامادە دەبێ".

ئەوەشی خستە ڕوو، فەرمانگەكە كاری خۆی دەكات و لێبڕینی خانەنشینی فەرمانبەران دەچێتە سندووقەكە، وتیشی: "كە سندوقەكە پڕ پارە بوو، ئەو كات مووچەی خانەنشینان لەو سندووقە دەدرێت و بارگرانی لەسەر بودجەی گشتیش كەم دەبێتەوە".

هەر فەرمانبەرێك مانگانە 7%ی لە مووچەی بنەڕەتی، بە ناوی لێبڕینی خانەنشینی لێدەبڕێت، ئەو پارەیە بەپێی یاسای سندووقەكە، دەچێتە نێو سندووقەكە، حكوومەتیش 12%ی مووچەی بنەڕەتیی هەر فەرمانبەرێك دەداتە سندووقەكە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینی ئاشكراشی كرد، ئێستا حكوومەت مانگانە 110 ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینان خەرج دەكات، كاتێك سندووقەكە كەوتە سەرپێ و پارەی تێدابێت، ئەو كات پێویستی بەو پارەیە لە گەنجینەی گشتیدا نابێت.

جەختیشی کردەوە سوود لە سندوقی خانەنشینی پارێزەرانی کوردستان و سندووقی خانەنشینی عێراق وەردەگرن.

لە هەرێمی کوردستان، یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆر هەن، کە نزیکەی 250 هەزاریان خانەنشینن.

659 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/6/2022 11:11:38 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ