وەرزش
هەنگاوەکانی بن سەلمان بۆ پێشخستنی تۆپی پێی ئافرەتان لە سعودیە بەردەوامن
 ئاڕاسته‌: بانه‌ عه‌بدوڵا
ئەگەر سعودیە خاوەنی یەکێک لە بەهێزترین خولەکانی تۆپی پێ پێت لەسەر ئاستی ئاسیادا، ئەوا بەنیازە تۆپی پێی خانمانیش پێشبخات، دەیەوێت خولی بەهێز، تیپی باش و هەڵبژاردەیەکی خانمان دروستبکات، کە لە داهاتوودا بەشداری لە مۆندیالی خانماندا بکات.
 
یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە رایگەیاند، دەزگایەک دادەمەزرێنێت بۆ برەودان و پێشخستنی ئاستی تۆپی پێی خانمان لە وڵاتدا و دامەزراندنی یەکەم هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی سعودیە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەشداری لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا بکات، بەتایبەتیش لە مۆندیالدا.
 
سعودیە، کە تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایی بە پاساوی شەرعی ئافرەت بۆی نەبوو وەک هاندەریش بچێتە نێو یاریگەکان، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو بۆی نەبوو ئۆتۆمبێلیش لێبخوڕێت، ئێستا دوا چاکسازییەکانی محەممەد بن سەلمان و بە تایبەتتر لەدوای راگەیاندنی پڕۆژەی روانین بۆ 2030، پلانێکی جددی هەیە بۆ پێشخستنی تۆپی پێی خانمان، کە لەم رۆژانەدا کۆنفرانسێکی بە ناوی ستراتیژیەتی پێشخستنی تۆپی پێی سعودیە ئەنجامدا و عەبدولعەزیز بن تورکیی وەزیری وەرزشی سعودیە، لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، پلانێکی تایبەتمان هەیە بۆ پێشخستنی تۆپی پێی خانمان.
 
ئەم بڕیارەی لایەنە بەرپرسەکانی وەرزشی سعودیە، دەرئەنجامی ئەو خواستە زۆرەیە، کە ئێستا لەنێو کچانی سعودیەدا هەیە بۆ ئەنجامدانی یاری تۆپی پێ.
 
سعودییەکان دەیانەوێت تاوەکو 2030 تۆپی پێی خانمان لە وڵاتەکەیاندا ببەنە قۆناخێکی پێشکەوتوو، بۆ ئەوەی لەم وڵاتەدا هەست بە بایەخ و گرنگی ئەم یارییە وەرزشییە لەنێو خانماندا بکرێت و ئیدی یانە و هەڵبژاردەکانی وڵات بتوانن بەشداری لە خول و پاڵەوانێتییە کیشوەری و نێودەوڵەتییەکاندا بکەن.
 
 
 
 
51 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/25/2021 10:37:06 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ