هەواڵ
ئاسایشی سلێمانی: نابێت بهێڵین ئاسایش وئارامی شار تێک بدرێت
 ئاڕاسته‌:شانیا حه‌سه‌ن

بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی راگە‌یە‌ندراوێك بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، ئەرک و بەرپرسیارەتی ئێمەیە وەک ھێزی ئاسایش بەوپەڕی پیشەییانە‌ و سەردەمییانە مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیکاران بکەین. 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

پاراستنی سەر و ماڵ و ئاسایش و ئارامی شار ئەرک و بەرپرسیارێتیمانە.
 لە کاتێکدا خوێندکاران لەڕێی خۆپیشاندانێكی شارستانییە‌وە‌ ناڕەزایەتی خۆیان دە‌ردە‌بڕی و داواکاری خۆیان دە‌خستە‌روو، بە داخەوە لەڕێی چەند کەس و لایەنەکەوە بۆ مەرامی سیاسی هەوڵدرا بە‌دروستكردنی گرژی و ئاژاوە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان بگۆردرێ بە‌رە‌و توندو تیژی. 
لە کاتێکدا کە پێمانوایە هەموو چین و توێژێک مافی خۆیەتی لە چوارچێوەی یاسا و لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی داوای مافی خۆیان بكە‌ن یان ناڕەزایەتی خۆیان دە‌ربڕن، لە‌ ھە‌مانكاتدا ئەرکی ئێمە‌یە‌ رێگر بین و نەهێڵین یاسا پێشێل بکرێت و ئاسایش وئارامی شار تێک بدرێت. 

ھە‌روە‌ھا ئەرک و بەرپرسیارەتی ئێمەیە وەک ھێزی ئاسایش بەوپەڕی پیشەییانە‌ و سەردەمییانە مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیکاران بکەین. 
بۆیە دوای بڵاو بوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کەتێیدا کەسێک بە شێوەیەکی نەشیاو و نا یاسایی ئازاری دە‌گەیاند بە خۆپیشاندەرێک، بەڕێوەبەرایەتیمان لە‌سە‌ر راسپاردە‌ی بە‌ڕێز قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھە‌رێم، هەستا بە لێکۆڵینەوە و دەست بەسەر کردنی ئە‌و كە‌سە‌.

ھە‌ربۆیە‌ هاوڵاتیانی ئازیز دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێک دەخەینە گەر لە پێناوی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و لە هەمان کاتدا ناهێڵین ئەفسەرانمان و كارمە‌ندانمان بە‌ھیچ شێوە‌یە‌ك و بیانوویە‌ك یاسا پێشێل بکەن.

بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
72 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/24/2021 9:40:04 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ