هەواڵ
تۆمەتبارێکی داواکراو بەچەک ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەکان بۆوە .
 ئاڕاستە : هەردی حەسەن

 لە شاری ڕانیە و دوای هەوڵی دەستگیرکردنی  تۆمەتبارێکی داواکراو  لە لایەن پۆلیسەوە کە بەچەند ماددەیەکی جۆراوجۆر داوا کرابوو  ، دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە بەچەک ڕووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوویەوە دەستگیر کرا هاوکات تۆمەتبارێکی تریش لەماڵەکەی دەستگیر کرا .

شۆڕش ئیسماعیل ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند " دوای ئەوەی هێزێکی هاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین پێک هات بۆ دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک کە بەچەندین ماددە لەسەر چەند کەیسێکی جۆراوجۆر و لەچەند دادگایەک و بنکەکانی پۆلیس لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین داواکرابوو، وە لەدوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد دوێنێ بەرواری ٢٢ / ١١ /  ٢٠٢١ کاتی نیوەڕۆ هێزەکانمان تۆمەتبارەکەیان لە شاری ڕانیە دەست گیر کرد، بەڵام لەکاتی دەستگیر کردنیدا بەچەک ڕووبەرووی هێزەکانی پۆلیس بوویەوە" .

ناوبراو وتیشی " تۆمەتبارەکە بەناوی (ئ، ن، ق) لەدایکبووی ١٩٨٥ دانیشتوی ناحیەی چوارقوڕنە/ گردجان لەسەر چەندین کەیسی وەک بازرگانی کردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و چەند کەیسێکی تریش داواکراو بوو، دوای ئەوەی تۆمەتباری ناوبراو بەچەکی جۆری کڵاشنکۆف ڕوبەڕوی هێزەکانی پۆلیس بوویەوە کەسێک بەفیشەک برینداربوو وە کارمەندێکی پۆلیس بە سووکی بریندار بوو، چارەسەری پێویستیان لە نەخۆشخانە بۆکراوە"

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا "دوای دەستگیر کردنی تۆمەتبارەکە دەستیش گیرا بەسەر چەکەکەی کە لەجۆری کڵاشنکۆف وە لەگەڵ ١٢٩ فیشەک و ٦ مەخزەنی کڵاشنکۆف و حەربەیەک و ١ بەتانە. دوای گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان تۆمەتباری ناوبراو بە بڕیاری بەڕێز دادوەر لە ئێستادا ڕاگیراوە ".

وتەبێژی پۆلیس باسی لەوەشکرد " دواتر ماڵی تۆمەتباری ناوبراو پشکێندرا و لەئەنجامدا لەماڵی تۆمەتبارەکە کەسێک بەناوی (ه، ع، ح) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١ لە ڕەگەزی نێر لەکاتی بەکار هێنانی مادەی هۆشبەردا دەستگیر کرا و بە بڕیاری بەڕێز دادوەر ئەم تۆمەتبارە هەواڵەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین کرا .وە لەهەمان کاتدا لە ماڵی تۆمەبار (ئ، ن، ق) دەستیشت گیرا بەسەر کۆمەڵێک مادەی هۆشبەری وەک حەشیش، کریستال، سلیکۆن و حەب ، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە".
907 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/23/2021 6:21:11 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ