هونەر
من خۆم به‌ قه‌رزداری ده‌زانم و هیچ ڕۆژێك نیه‌ بیری نه‌كه‌م
 ئاڕاستە:ڤانیا بێستون
هونه‌رمه‌ند نه‌وید زه‌ردی‌ له‌یادی‌ بنیادنانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌ ستۆری‌ ئینستاگرامدا هه‌ست و نه‌ستی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر شاری‌ شاران ده‌خاته‌ڕوو ،   شارێك كه‌ كۆڵانه‌كانی پڕن له‌ نه‌غمه‌ و ئاوازی كوردی، خشتی ماڵه‌كانی فه‌رهه‌نگی كوردی وێنا ئه‌كه‌ن و ئاسمانی پڕه‌ له‌ ئازادی و ماناكان له‌وێ قووڵتر و ڕه‌نگینتر و كاریگه‌رترن، لانكه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و پێگه‌یاندن و ده‌ستگرتن و هاندانی‌ به‌هره‌مه‌ندانه‌.

خه‌ڵكه‌كه‌ی باوه‌شی پڕ سۆزی كوردایه‌تییان كراوه‌یه‌ بۆ كورده‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ و ده‌رگای میواندارییان هه‌رده‌م واڵایه‌ و بوونه‌ته‌ پشتیوانێكی به‌ هێز بۆ كوردستانیان.
گه‌وره‌ترین به‌ختی ژیانی من گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆ ئه‌و شاره‌ و ناسینی ئه‌و هه‌موو هه‌ست و مێهره‌بانیه‌ بوو كه‌ تا مردن له‌ ڕۆحمدا هه‌ستی پێده‌كه‌م و خۆشه‌ویستی كوچه‌ و كۆڵان و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ دڵمدا به‌ مردنیش نامرێ و زیندوو نه‌مر ده‌مێنێته‌وه‌.
دوای ساڵێكی پڕكار و كۆنسێرتی جیاواز له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ یه‌كه‌م جار سه‌ركه‌وتووترین كۆنسێرتی (sold-out)ی خۆم به‌ پێشوازییه‌كی بێوێنه‌ی هه‌وادارانم و شاری خۆشه‌ویستی سلێمانی ئه‌نجامدا.
به‌ڕاستی من له‌و بڕوایه‌دام هونه‌ر و ئه‌ده‌بی كوردی كه‌ ده‌گاته‌ سلێمانی گه‌وره‌تر و به‌رزتر ده‌بێت، سلێمانی شارێكی زیندووه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ چالاكی جۆراوجۆر له‌ هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ر و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاستی ڕۆشنبیری تاكه‌كانی، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ كه‌ ده‌بینی چالاكییه‌ هونه‌ریه‌كان زیاتر له‌وێوه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات و سه‌رچاوه‌ ده‌گرن.
بۆ ئه‌وه‌ی عاشقی سلێمانی بیت نابێ ته‌نیا وه‌ك شارێك بیبینی ده‌بێ هه‌ستی پێ بكه‌ی و لێی تێبگه‌ی، تێیدا بژیت...
هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتێك شیرینیه‌كی زۆر ده‌خۆیت و دڵت ئه‌گرێ.. سلێمانی ئه‌و شاره‌ شیرینه‌یه‌ كه‌ دڵ ده‌گرێ و هۆگر  و ئالووده‌ی خۆیت ده‌كات، ئه‌وه‌ی ڕۆژێك تێیدا بژی،، ئه‌سته‌مه‌ بۆی له‌ یاد بكرێ، خۆشترین هه‌ست تێیدا ژیان كردنه‌، ناخۆشترینیش دوور بوونه‌ لێی.

‎ نه‌ویده‌كه‌تان
119 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/15/2021 7:50:09 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ