هەواڵ
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆتایی هات
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆتایی هات، لە کۆبوونەوەکەدا پرسى دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان،سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گشت لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کرد و سوپاسی پێشمەرگە و پۆلیس وهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بە گشتی کرد کە ئەرکی خۆیان سەرکەوتووانە بەجێگەیاند لە ڕەخساندنی زەمینەیەکی ئارام بۆ پرۆسەی دەنگدان.

 جەختی لەوە کردەوە: پێویستە نوێنەرانی کوردستان، لێرە بەدواوە، لە پەرلەمانی عێراق، بەیەکەوە یەکگرتوانە و بەهەماهەنگیی و یەکڕیزی، کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان، دور لە ململانێی ناوخۆیی.

  دوپاتیشی کردەوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەمو جیاوازیی وڕەنگەکانەوە، بۆ درێژەدان بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی ماف وشایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان.

  هەروەها ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کرد و پیرۆزبایی دەرچوونی نوێنەرانی کوردی لەو ناوچانەدا کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕێنراوەکان، دوپاتکردنەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە، نوێنەرانی کوردستان لە ڕێی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستور، کاربکەن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.

پاشان کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد كە تایبەت بو بە بەرەوپێشچون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبونەوەکە، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچون عەبدولحەکیم خەسرەو، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕو، کە چەندین ڕاسپاردەی تێدابو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە پێناو  بەکارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی وپڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە.

لە کۆتایی کۆبونەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەر یەک لە فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و  ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدرالی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە، بە ئاراستەی زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن بە باشترین شێواز لە ماف ودەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێم، لە ڕێگای تیمی قانونی شارەزا، لە ژێر ڕێنمایی وسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران.

 

232 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/13/2021 4:13:19 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ