هەواڵ
دەنگ ‌و كورسییەكان پێكەوە هی یەكێتی ‌و گۆرانن
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

دەرەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، هاوپەیمانی كوردستان زیاتر لە (17) كورسی مسۆگەر كردووە ‌و چاوەڕێی تانەكانی هەڵبژاردنیشە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

بەم بۆنەیەوە پێش هەموو شتێك دەنگدەرانی هاوپەیمانی كوردستان شایانی دەستخۆشی ‌و پیرۆزبایین، شایانی پاداشت ‌و میدالی شایستەیین كە بە هیمەت ‌و هەڵمەتەوە بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان كرد ‌و دەنگیان بۆ هاوپەیمانی كوردستان دا.

كۆمەڵانی خەڵكیش كە لەرێی دەنگەكانیانەوە بەشداریان لە دیاریكردنی داهاتووی خۆیان، كرد ‌و بایكۆتی بژاردەی هەڵەی بایكۆتیان كرد، دیسانەوە ئەوانیش شایانی دەستخۆشی ‌و ئافەرینن، بەتایبەتی لە رەوشی كەمی ڕێژەی دەنگدان بە تایبەتی لاوان كە ئەمە زەنگێكی مەترسیداری نیشتمانییە و لە ئاستیدا هەق نییە كەس خۆی بە براوە و بێ باك بزانێت.  

 ئەم سەركەوتنە لە پاراستنی رۆل ‌و پێگەی یەكێتی ‌و هاوپەیمانی رێگایەكی ئاوەدان لەبەردەم یەكێتی دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان باشتر جەماوەر ‌و لایەنگرانی  هانبدات ‌و ساز بداتەوە. هەر سەبارەت بەم ڕاوەستان ‌و مانەوەشە یەكێتی خۆی بە سەركەوتوو دەزانێ ‌و ئەم سەركەوتنەش، لەم دووڕیانە، لەباریدایە هەڵسانەوەیەكی چۆنایەتی بەدواوە بێت، بە مەرجێ:

یەكێتی درێژە بە بەرنامەی چاكسازی حزبی، بە نۆرماڵكردنەوەی ژیانی حزبایەتی و ئۆرگانیكی خۆی بدات.

هەڵسەنگاندنێكی وردی ئەدای كادیر ‌و هەڤاڵەكانی لە هەموو ئاستەكاندا بكات.

بەپێی پرەنسیپی حزبیی دەستخۆشی و پاداشت ‌و لێپرسینەوە مامەڵە بكات، دوور لە كەمتەرخەمی ئەو كادیر یان ئەم ئۆرگان، دەنگدەر ‌و جەماوەری ڕاستەقینەی خۆی سەرلەنوێ بۆ ئەركەكانی قۆناغی تازە ساز بداتەوە.

رەوتی رێكخستنەوەی ژیانی حزبایەتی كە پێش هەڵبژاردنەكان دەستی پێكردبوو، لەمەودواش بە گوروتینێكی زۆرترەوە درێژەی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی تێپەڕاندنی پیلانگێری ‌و بەربەستەكانی ناوخۆیی حزبی ‌و دەرەكی ببێتە وێستگەیەكی ڕاست ‌و ڕەوا بۆ سازدانەوەی یەكێتی ‌و بوژاندنەوەی زیاتری.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان، كە پێكهاتووە لە یەكێتی ‌و بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداری كێبركێی دیموكراتی هەڵبژاردنی كرد. بۆیە دەسكەوت ‌و ئاكامەكانی، دەنگ ‌و كورسییەكانیشی پێكەوە هی یەكێتی ‌و گۆرانن، چونكە ئەو ئەرك ‌و ئامانجە هاوبەشەی هەردوولا لەسەری رێككەوتوون بەردەوامە. یەكێتی پێی وایە ئامانجەكانی هاوپەیمانی ‌و بەرنامەكەی دەتوانێت چەتری كۆكەرەوەی لەمەودواش بێت، بۆیە ئێستاش هەر بەیەكەوە بەهێزترین.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەفیقی نیوەی رێ نابێ و وێرای رێزگرتنی لە بڕیار ‌و هەڵسەنگاندنی ناوخۆیی هاورێیانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان، بە ویستی هاوڕێیانە ‌و ئەركی هاوبەشەوە كورسییەكانی هاوپەیمانی ‌و كاندیدانی سەركەوتووش بە نوێنەری یەكێتی ‌و گۆڕان دادەنێت، ‌هەر بەركەوتەیەكیش لەحكومەتی داهاتووی عیراق بدرێتە یەكێتی، پشكی هاوپەیمانی كوردستانەو لەگەڵ هاوڕێیانمان لەبزوتنەوەی گۆڕان بەهاوبەشی بەڕێوەی دەبەین.

چاویشمان لە ئایندەی پێكەوەیی ‌و كاری هاوبەشی خەباتگێری نێوانمانە كە لەسەر یەك وێستگەی هەڵبژاردن پەكی ناخەین.

ئەمەش هەم هەڵسەنگاندنی یەكێتییە لە بەرزترین ئاست، هاوسەرۆك ‌و مەكتەبی سیاسی وەك لە دوایین كۆبوونەوە لە (11/10/2021) تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە، هەمیش سەرەنجام وەك گیانی هەڤاڵبەندی ‌و هاورێتی نێوانمان شۆر دەبێتەوە بۆ ئۆرگانەكانی خوارەوە
.

797 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/12/2021 2:45:54 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ