دۆسیە
هۆكار چیە ڕێژەی جیابونەوەی هاوسەران ڕۆژانە زیاد دەكات
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

جیابوونەوەی هاوسەران یەكێكە لە كێشە گەورەكانی هەموو كۆمەڵگایەك، هۆكارەكانی زۆرە، بەڵام بە زیادبوونی ئاماژەیەكە بۆ بوونی تەنگژەیەكی سەختی كۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری، كە وای كردووە ئەو پرۆسە گرنگە كۆتاییەكی كارەساتبار هەبێت،پارێزەرێكیش دەڵێت ڕێژەی جیابونەوە لە هەرێم ڕۆژانە لە زیاد بوندایە وبەپێی ئاماری دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق رۆژانە زیاتر لە 200 حاڵەتی جیابوونەوە تۆماردەكرێت،دادوەرێكی عیراقی و پارێزەرێكی كورد هۆكارەكان دەخەنە ڕوو.

 ڕۆژانە لە هەرێم ئاماری جیابونەوەكان زیاد دەكات

 پارێزە هەژار غەفور تایبەت بۆ(ئاڕاستە) ڕایگەیاند"لە ئێستادا ئامارێكی دروستی جیابونەوە نە لە هەرێم و نە لە سلێمانی نیە بە ڵام كۆتای ئەمساڵ ئاماری دروست دەرئەكەوێت ،بەڵام بە داخەوە ڕۆژانە لە هەرێم ئاماری جیابونەوەكان زیاد دەكات كە ئەوەش كارەساتێكی گەورەیە".

ئەو پارێزە لە بارەی هۆكارەكانی جیابونەوەشەوە وتی" دۆخی خراپی ئابوری و جیاوازی تەمەن و تەكنەلۆژیا و ڕاگەیاندنەكان هۆكارن ، لە هۆكارە گەورە و سەرەكیەكانیش دەستتێوەردانی كەسی سێ هەمە ,كەسی سێ هەمیش دایك و باوكان دەگرێتەوە بە پلەی یەكەم  بە تایبەت كاتێك كچ دەدەن بە شوو بەردەوام قسەی هەمەجۆرو بێ‌ سودیان بۆدەكەن بە بێ‌ ئەوەی بیربكەنەوە یاخود داواكارییان زۆرە لە هاوسەری كچەكانیان كە ئەوەش دەگاتە خاڵی كۆتایی و بە ناچاری جیابونەوە دروست دەبێت.

 فلتەر لەسەر دەزگا ڕاگەیاندنەكان نیە

 هەژار غە فور وتيشى" مۆبایل و بەرنامەكانیشی بە هۆكاردانە لە گەڵ دەزگا ڕاگەیاندنەكان كە نیگەرانە لەوەی فلتەرو سانسۆریان لەسەر نیە و چەندەها فیلمی توركی و بیانی پەخش دەكەن كە هەموی بە زیانی خێزانەكان دەشكێتەوە و لە كۆتایشدا ناپاكی دروست بێت چ لە لایەن زنەكەوە یاخود پیاوەكەوە".

ئەو پارێزەرە وتیشی گەر شۆڕشێكی هۆشیاری دروست نەكەین بە داخەوەم كە دەڵێم كۆمەڵگاكەمان زۆر بەرەو شێواوی دەڕوات و كارەساتی گەورە چاوەڕێمان دەكات.

 هەر رۆژێك 210 حاڵەتی تەڵاقدان تۆمار كراوە

 بەپێی راپۆرتێكی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق كە بەمدواییە دەرچووە، ئاماری هاوسەرگیری لە عێراق لە مانگی ئابی رابردوو 23500 حاڵەت بووە، لەوكاتەی ئاماری حاڵەتەكانی جیابوونەوە لەو مانگە 6250 حاڵەت بووە، بە رێژەی 30% لە كۆی ژمارەی حاڵەتەكانی هاوسەرگیری، واتە هەر رۆژێك 210 حاڵەتی تەڵاقدان تۆمار كراوە و لە هەر سەعاتێك نۆ حاڵەت.

 پێشبینی دەكرێ رێژەكە بۆ ئەم مانگە لە تۆماركراوی مانگی رابردوو زیاتر بێت

دادوەرێكی عێراقیش ئاماژەی كردووە كە ژمارەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە زیادبووندایە، بەتایبەتی لە مانگەكانی یەكەمی هاوسەرگیریدا، كاتێك زۆرینەی حاڵەتەكان لە كەمتر لە ساڵێك لە تەمەنی هاوسەرگیری بووە و زۆرینەی هەوڵەكانی دادگا بۆ ئاشتكردنەوەی هاوسەران شكست دێنێت، بۆیە ئەو زیادبوونە مایەی نیگەرانییە و پێشبینی دەكرێت بۆ ئەم مانگە لە تۆماركراوی مانگی رابردوو زیاتر بێت.

 كێشە داراییەكان و بێكاری هۆكاری سەرەكیی جیابوونەوەكانن

 ئەو دادوەرە پێی وایە زوو بەشوودانی كچان و خراپیی بەكارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێت و جیاوازی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی هاوسەران و كێشە داراییەكان و بێكاری هۆكاری سەرەكیی جیابوونەوەكانن، لای خۆیەوە واسق حەمدانی پارێزەر دەڵێت، زۆرینەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە بەهۆی دۆخی ناسەقامگیریی عێراقە، بەتایبەتی ناسەقامگیریی دەروونی، بەهۆی خراپیی دۆخی تەناهی و ئابووری و نەبوونی هەلی كار، ئەوانەیش بە نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانیان رەنگی داوەتەوە.

باسی لەوەشكردوە، زۆرێك لە گەنجان دوای ژنهێنان تووشی شۆك دەبن، چونكە ناتوانن پێویستییەكانی خێزان دابین بكەن و خێزان بەخێو بكەن، بەتایبەتی لەوانەی كاریان نییە، یان ئەوانەی بە رۆژانە كار دەكەن و ماوەیەك بێكارن، ئەوانە وایان لێ دەكات پەنا بۆ جیابوونەوە ببەن بۆ رزگاربوون لە قورسایی بەخێوكردنی خێزان.

 جێگەی باسە، بەرێوەبەرایەتی پلان و ئامار لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان ئامارێكی بڵاوكردۆتەوە كە لەهەرێمی كوردستاندا لەساڵی ڕابردوو لەماوەی نۆ مانگ نزیکەی 10هەزار حاڵەتی تەڵاق لەدادگاکان تۆمارکراوە.

 

528 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/23/2021 3:54:32 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ