دۆسیە
عیراق سوودی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت وه‌رگرتووه‌؟
 ئاڕاستە

دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆ سه‌رووی 72 دۆلار، عیراق له‌ فرۆشتنی هه‌ر به‌رمیلێك بڕی 25 دۆلار له‌ بودجه‌كه‌ی زیاد ده‌كات. ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی داراییش رایده‌گه‌یه‌نێت، عیراق سوودی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت بۆ زیادكردنی داهات وه‌رنه‌گرتووه‌. به‌دووریشی ده‌زانێت حكومه‌تی فیدڕاڵ بتوانێت پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوو ئاماده‌ بكات.

به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و زیادبوونی داهاتی نه‌وت له‌ عیراق له‌كاتێدایه‌، رێكخراوی ئۆپیك ئاشكرایكردووه‌، مانگی ئابی رابردوو عیراق له‌ نێو 13 ئه‌ندامی رێكخراوه‌كه‌دا، له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا هاتووه‌ بۆ به‌رزكردنی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت.
له‌وباره‌یه‌وه‌، شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێبه‌رانی عیراق، رایگه‌یاندووه‌: له‌كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ئه‌مساڵی عیراق، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ بڕی 45 دۆلار خه‌مڵێنرا، به‌ڵام دواتر نه‌وت بۆ سه‌رووی 72 دۆلار به‌رزبوه‌وه‌، كه‌چی ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ نه‌بۆته‌ هۆی زیادكردنی داهات و دانانی بودجه‌ی ته‌واوكاری.

وتیشی: "هۆكاری سوود وه‌رنه‌گرتنی حكومه‌تی عیراق له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ساڵی 2021دا كورتهێنانێكی زۆر هه‌بوو، ئێستا له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌و كورتهێنانه‌ی هه‌بوو پڕ ده‌كرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ راشیگه‌یاندووه‌: ئێستاش كه‌ له‌كۆتایی ساڵ نزیك ده‌بینه‌وه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوو بنێرێت، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت به‌هۆی هه‌ڵبژاردنی مانگی 10ه‌وه‌، حكومه‌ت نه‌توانێت بودجه‌ ئاماده‌ بكات،  له‌م حاڵه‌ته‌شدا یان ده‌بێت ساڵی داهاتووش كار به‌ بودجه‌ی ساڵی 2021 بكرێت، یاخود كابینه‌ی داهاتوو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ئاماده‌ ده‌كات.

عیراق له‌ پێشه‌وه‌ی ریزبه‌ندییه‌كه‌دایه‌
هاوكات، رێكخراوی ئۆپیك ئاشكرایكردووه‌، مانگی ئابی رابردوو عیراق له‌ نێو 13 ئه‌ندامی رێكخراوه‌كه‌دا، له‌پله‌ی یه‌كه‌مدا هاتووه‌ بۆ به‌رزكردنی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت.
رێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت، كه‌ به‌ ئۆپیك ناسراوه‌، له‌ نوێترین راپۆرتیدا رایگه‌یاندووه‌، مانگی ئابی ئه‌مساڵ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی رێكخراوه‌كه‌یان 151 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا زیادیكردووه‌ و گه‌یشتۆته‌ 26 ملیۆن و 762 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، عیراق له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ئه‌ندامانی ئۆپیكدا هاتووه‌ و مانگی رابردوو رۆژانه‌ 91 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی زیادكردووه‌ و به‌تێكڕا ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ گه‌یشتۆته‌ چوار ملیۆن و 56 هه‌زار به‌رمیل، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ مانگی ته‌مموز شه‌ش ملیۆن و 950 هه‌زار به‌رمیل بووه‌.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، عه‌ره‌بستانی سعودی له‌ پله‌ی دووه‌مدا هاتووه‌ و 69 هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌مهێنانی زیادكردووه‌ و كۆی به‌رهه‌مهێنانی گه‌یشتۆته‌ نۆ ملیۆن و 488 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.
مانگی رابردوو مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌باره‌ی سوودی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سێكته‌ری ئابووری و دارایی عیراق ئاشكرایكرد، ته‌نها له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا توانیویانه‌ بڕی پاره‌ی یه‌ده‌كی عیراق له‌ 51 ملیار دۆلاره‌وه‌ بۆ 61 ملیار دۆلار به‌رزبكه‌نه‌وه‌. وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌ گێڕانه‌وه‌ی عیراق بۆ رێڕه‌وی ئاسایی خۆی له‌ رووی داراییه‌وه‌.

252 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/17/2021 11:01:39 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ