هەواڵ
خاتوو شاناز: منداڵپارێز لە خزمەتكردندا نمونەیەكی باڵایە
 ئاڕاستە
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان كرایەوە، ئەم ڕێكخراوە لەسەر دەستی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و چەند كەسایەتییەك دامەزراوە و لە سەرجەم شارو شارۆچكەكان ناوەندی تایبەت بەخزمەتكردنی منداڵانی كردۆتەوە لەبوارە جیاجیاكاندا.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەمیانەی وتەیەكیدا، وێڕایی دەربڕینی پەیامی پیرۆزبایی لە ستافی منداڵپارێز وتی: ئەم یادە پیرۆزبێت لەهەمووان، دەستی یەك بە یەكەتان دەگوشم و دڵنیام بەدڵسۆزی و توانا و لێهاتوویتان دەتوانن بەرنامە و پرۆژەی جوان جێبەجێ بكەن.
وتیشی: منداڵپارێز لە خزمەتكردندا سەلماندوویەتی نمونەیەكی باڵایە و لەمەشدا رۆڵی مام و دادە هەرگیز لە یاد ناكرێت، لێرەوە پیرۆزبایی و سوپاسگوزاری دووپاتدەكەینەوە بۆ ئەو ئازیزانەی لە منداڵپارێزدا خزمەتیان كردوە.
منداڵپارێزی كوردستان ڕێكخراوێكی سەربەخۆی ناحكومی تایبەت بە منداڵانە لەساڵی 1991 دا لەلایەن خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد  و چەند كەسانێكی خۆبەخشەوە دامەزراوە و كاردەكات بۆ دڵنیابوون لە دابینكردنی پاراستن و تەندروستی و پەروەردە بۆ هەموو منداڵێك .
ئامانجی منداڵپارێزانی كوردستان پاراستنی مافی منداڵە بەبێ ڕەچاوكردنی نەژاد، ڕەگەز یان پابەندییە ئایینی و سیاسییەكان و مسۆگەركردنی پاشەڕۆژێكی باشترە لەڕێگەی چاككردن و دابینكردنی پێداویستی جۆراوجۆری مادی، تەندروستی، كۆمەڵایەتی،ئابوری و پەروەردەیی .
ئۆفیسی سەرەكی لەشاری سلێمانییە و لە شارەكانی هەولێر و كەركوك و دهۆك ئۆفیسی هەیە لە ساڵی 1993 لە بەریتانیا تۆماركراوە و لەوێ بەناوی ( سندوقی منداڵانی كوردستان – KCF ەوە كاردەكات .
منداڵپارێزانی كوردستان كاروچالاكیەكانی لە سێكتەرە جۆراو جۆرەكانی پاراستن، گرتنەخۆ،تەندروستی و پەروەردە چڕكردۆتەوەو لەماوەی ئەو سی ساڵەی تەمەنیدا، هەزاران منداڵ و خێزان بەبێ‌ جیاوازی سوودمەندی پرۆژەكانیان بوون.

100 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/16/2021 9:16:47 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ