دۆسیە
ئاڕاستە نهێنی هاتنی وه‌فدەکەی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات
 ئاڕاستە
دۆسیەی ئاڕاستە
 
ڕۆژی 4ی ئەیلولی 2021، شاندێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتنە هەرێمی کوردستان و بڕیار وایە ماوەی هەفتەیەک لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام بدەن. شاندەکەی جەهەپە لە ئۆوز کان سالیجی، جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، ئوناڵ چەڤیکۆز، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پارتەکە، نەواف بیلەک، مەهمەت حەسەن ئەکەن و ئەنوەر ئۆمور پۆلات، ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی پارتەکە پێکهاتوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمی مالپەڕی جەهەپە، شاندەکە لە شاری هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی و گۆڕان و نوێنەری باڵای یەزیدیەکان کۆدەبنەوە، پاشان لەشاری کەرکوک سەردانی بەرپرسانی جەبهەی تورکمانی دەکەن.

هاوکات بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، مەبەستی سەردانی شاندە باڵاکەی جەهەپە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستکردنی ڕایەڵەی دیالۆگ و هاریکاریە لەنێوان جەهەپە و بەرپرسانی هەرێم، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەکانی ئاڕاستە مەبەستی هاتنی شاندەکە ئامادەکاریە بۆ ئەگەری شکستی ئاکپارتی و سەرکەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا و دروستکردنی ڕایەڵەی دیبلۆماسی نوێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم. 

کۆبوونەوەی شاندی جەهەپە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی

شاندەکەی جەهەپە ڕۆژی یەکشەممە 5ی ئەیلولی 2021، لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ هەر یەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێ کۆبووەوە.

ئۆغوز کان ساڵیجی، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی جەهەپە کە سەرکردایەتیی شاندەکە دەکات لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: "لە هەولێرین... باس لە رێکخراوی هاوئاهەنگی و ئاشتەوایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (OBIT) دەکەین. لەپێناو ئەوەی رێڕەوەکانی دیالۆگ لەگەڵ دراوسێکان واڵابن، لەپێناوی هێوربوونەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک پارتی گەلی کۆماری ئەوەی لەسەر شانمانە ئەنجامی دەدەین".

ئەم سەردانە لە تورکیادا دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، لەلایەک رەخنەی تووند ئاراستەی جەهەپە کرا و لەلایەکی دیکەش پشتیوانی و دەستخۆشی لێکرا. لەبارەی ئەو رەخنانەی لەلایەن ئاکپارتی و مەهەپە ئاراستەی جەهەپە دەکرێن بەوەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئایکان ئەردەمیر، پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە رایگەیاند: "راستە ئەم هەنگاوەی جەهەپە درەنگ کەوت، بەڵام دیسانیشەوە هەنگاوێکی راستە. زۆر گرنگە جەهەپە چ لە ناوەوە چ لە دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد بەرەو پێش ببات و لەو چوارچێوە تەنگ و سنووردارە دەری بکات کە دەسەڵات بۆی داناوە".

ئایکان ئەردەمیر لەبارەی نزیکیی جەهەپە لە کورد بەگشتی و هەدەپە بەتایبەتی وتی: "لە سەردەمێکدا کە لە تورکیا گوشارەکانی سەر هەدەپە چڕتر دەبنەوە و سیاسەتی کورد بە نایاسایی دەکرێت، ئەم هەڵمەتەی جەهەپە گرنگە و هاوکات پەیامێکی پشتیوانییە بۆ دەنگدەرانی کورد".

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست ئاڕاستە کەوتوون، شاندەکەی جەهەپە ویستویانە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام ناوبراو سەرەتا ئامادە نەبووە پێشوازیان لێبکات. ئەو سەرچاوەیە هۆکاری پێشوازینەکردنی نێچیرڤان بارزانی لە شاندەکەی جەهەپە بۆ پەیوەندی بەهێزی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان و ڕێکەوتنی 50 ساڵەی نێوان تورکیا و هەرێم بۆ هەناردەکردنی نەوت گەڕاندەوە و ڕایگەیاند، "سەرۆکی هەرێم نایەوێت دڵی بەرپرسانی ئاکپارتی لەخۆی زویر بکات و زیان لە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی هەولێر بدات".

بەڵام دوای ڕۆژێک لە سەردانەکەیان بۆ لای مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، ڕۆژی ٦ی ئەیلول شاندەکەی جەهەپە دوور لە چاوی میدیاکان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیش کۆبوونەتەوە بەڵام لەلایەن میدیاکانی نزیک لە نێچیرڤان بارزانیەوە هیچ گرنگیەکی ئەوتۆی پێنەدرا.


سەردانی جەهەپە بۆ لای یەکێتی

دوای سەردانەکەیان بۆ لای پارتی، شاندەکەی جەهەپە سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد لە هەولێر لەلایەن سەعدی ئەحمەد پیرە و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی ئەو حیزبە کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردولا و پەرەپێدانی خەباتی هاوبەش لەپێناوی "خۆشگوزەرانی ھاوڵاتییان و مافی مرۆڤ و دیموکراسی".

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەمڕۆ پێشوازییان لە شاندێکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا) جەهەپە ( بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پارتەکە ئۆغوز کان سالیجی کرد، جەھەپە یەکێکە لە پارتە مێژوییەکانی تورکیا و پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەو پارتە دەگەڕێتەوە بۆ "سەردەمی مام جەلال و ئەردال ئەنینۆ، کە ھەردوکیان دو پیاوی گەورەی نێو رێکخراوی سۆشیال دیموکراتی جیھانی بون". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە پێویستە پێکەوە خەبات بکەین لەپێناو خۆشگوزەرانی ھاوڵاتییان و مافی مرۆڤ و دیموکراسی".

لای خۆیەوە سەرۆکی شاندی جەھەپە ئۆغوز کان سالیجی لەبارەی سەردانەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمرۆ لە ھەولێر لە سێیەم رۆژداین، زۆر خۆشحاڵین بە کۆبوونەوەمان لەگەل شاندی یەکێتی و لە ھەرێم باسی سیاسەت و ھەرێمایەتیمان کرد. لەگەڵ بەرپرسانی جیاجیای ھەرێم دا کۆبووینەوە. چاومان کەوت بە بەرێز مەسعود بارزانی و بەرێز سەرۆکی حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان. لەگەڵ لایەنی تورکمان و بەرێز ئایدن مەعروف کۆبووینەوە. چووینە کەرکووک و لەگەل شاندی بەرەی تورکمانی کۆبووینەوە".

هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، " ئێمە پێویستمان بە ھاریکاری سەقامگیری ھەرێمایەتی ھەیە، پێویستمان بە ئاشتی ھەیە. پێویستمان بە رۆژھەڵاتێکی ناوەندە کە سەرجەم لایەنەکان لە کێبرکێدابن بۆ ئاشتی. ئێران، تورکیا و سووریا و عێراق وڵاتانی گرنگی ناوچەکەن. کێ لەم وڵاتانە بژین ئێمە لەگەڵی دادەنیشین. ئەگەر لەبەغدا سەقامگیریی ھەبوو ، لە ھەولێر، لە دیمەشق سەقامگیری ھەبوو ئەوا لە ئەنقەرەش سەقامگیریی دەبێت. ئێمە پێویستمان بە ئاشتی ھەیە، بۆیە وەک جەھەپە چی لە تواناماندا بێت ئەنجامی دەدەین".

پلانی داهاتووی جەهەپە چیە؟

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی گەورە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ شکستهێنان بە پارتەکەی ئەردۆغان و گەڕانەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات. بۆ ئەم مەبەستەش، جەهەپە هەوڵی دامەزراندنی هاوپەیمانێتیەکی گەورە دەدات لەژێر ناوی هاوپەیمانی "میللەت" و دەیەوێت شکست بە هاوپەیمانی "کۆمار"ی نێوان ئاکپارتی و پارتی نەژادپەرستی تورکیا (مەهەپە) بهێنێت.

بەوگوێرەی نوێترین ڕاپرسی دەزگای میترۆپۆڵ، دەنگەکانی ئاکپارتی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کە بڕیار وایە لە حوزەیرانی 2023 بەڕێوەبچێت بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکات. بەپێی پێشبینیەکان ڕێژەی دەنگەکانی ئاکپارتی لەسەدا 42% ەوە دادەبەزێت بۆ لەسەدا 29%، هەروەها دەنگەکانی مەهەپەی هاوپەیمانی بۆ خوار لەسەدا 10% دادەبەزێت و ناتوانێت بەربەستی دەنگەکان تێپەڕێنێت و هیچ کورسیەکی پەرلەمانی بباتەوە.

لە بەرامبەردا ڕێژەی دەنگەکانی جەهەپە بەنزیککراوەیی بە ڕێژەی لەسەدا 22% وەک خۆی دەمێنێتەوە یاخود ڕوو لەبەرزبونەوەیەکی سنوردار دەکات. هاوکات دەنگەکانی (ئیی) پارتی هاوپەیمانی جەهەپە ڕوو لە هەڵکشانی بەرچاو دەکات و دەگاتە زیاتر لەسەدا 14%. لە هەمان کاتدا هەدەپە بەربەستی لەسەدا 10% تێدەپەڕێنێت و دەتوانێت هەمان دەنگەکانی خۆی لەساڵی 2018 بەدەستبێنێتەوە.

پلانی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنەکان ئەوەیە کە لەگەڵ (ئیئ) پارتی و هەدەپە و پارتی (ئایندە)ی عەلی باباجان و پارتی (دەڤا)ی ئەحمەد داودئۆغڵو لێکتێگەیشتنێک ئەنجام بدات تا بتوانن دوای هەڵبژاردنەکان حکومەتێکی بنکەفراوان دابمەزرێنن. هاوکات، جەهەپە دەیەوێت نەک تەنها لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، بەڵکو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیش دوای 20 ساڵ مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات شکست بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بهێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش سێ کەسی دیاریکردووە کە ڕکابەری ئەردۆغان بکەن کە ئەوانیش بریتین لە: کەمال کلچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە، مەنسور یەڤاش پارێزگاری ئەنکەرە، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو پارێزگاری ئەستەنبوڵ.

هەر بۆیە جەهەپە هەوڵ ئەدات پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی تورکیا و پارتە باڵادەستەکانی ناوچەکە فراوان بکات و سەردانی شاندەکەی جەهەپە بۆ هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە بۆ جێگرتنەوەی ئاکپارتی.

کورتەیەک لەبارەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)

پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كۆنترین پارتی سیاسی توركیایە، لە 9ی ئەیلولی 1923 لەسەر دەستی كەمال ئەتاتورك دامەزراوە و ئێستا بە گەورە پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دەناسرێت. 

جەهەپە تا ساڵی 1950 بە تەنیا حوكمی توركیای كرد لەگەڵ ئاوابوونی سەردەمی یەك پارتی لە ساڵی 1950، بەهۆی سیاسەتی چەپی نەتەوەپەرستی و عەلمانیەتی رەها، مۆمی جەهەپە بەرەو كزبوون رۆیشت. جەهەپە لە پارتی زۆرینەوە بووە پارتی توێژێكی دیاریكراوی دەنگدەران، بووە پارتی بیرۆكراتەكانی دەوڵەت، چەپە كەمالیستەكان و سوپا و كارمەندانی دەزگا گشتییەكان.

ئەو پارتە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانییدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو 22.8٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا 146 کورسیی بردەوە. جەهەپە ئێستا لەگەڵ (ئیی) پارتی لە نێو هاوپەیمانیی میللەتدایە و هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی دەسەڵات لە ئاکپارتی بسەننەوە.

جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ساڵی 2019 بە پشتیوانیی کورد گەورەشارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ و چەند شارێکی دیکەی گرنگی لە ئاکپارتی سەندەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەدەپە رایگەیاندووە کە هیچ رێککەوتنێک ناکات و ئەوەی دەیەوێت هاوپەیمانی لەگەڵ هەدەپەدا بکات، پێویستە بە روون و ئاشکرا هەنگاو بنێت.

249 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/8/2021 8:42:31 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ