دۆسیە
به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار دانابه‌زێنرێته‌وه‌
 ئاڕاستە

هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی عیراق و به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئه‌گه‌ری ده‌ستكاریكردنی نرخی دۆلاریان بۆ ساڵی داهاتوو راگه‌یاند، به‌ڵام وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق ئاشكرایكرد، نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دینار له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2022 جێگیره‌ و هیچ گۆڕانكارییه‌كی تیادا ناكرێت.

بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌
حه‌سه‌ن نازم، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق به‌ رۆژنامه‌ی (سه‌باح)ی راگه‌یاندووه‌، بیرۆكه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار چه‌ندین ساڵه‌ پێشنیازكراوه‌، به‌ڵام حكومه‌ته‌كانی پێشوو بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ جێبه‌جێی بكه‌ن، چونكه‌ چه‌ندین كێشه‌ و گفتوگۆ به‌دوای خۆدا ده‌هێنێت.

روونیشیكرده‌وه‌، حكومه‌تی عیراق چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌گرێته‌به‌ر و دواتر بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌دات، له‌و باوه‌ڕه‌شدا نیم ئه‌م حكومه‌ته‌ نرخی دۆلار دابه‌زێنێت و له‌ بودجه‌ی 2022شدا كه‌ هه‌ر ئه‌م حكومه‌ته‌ ئاماده‌ی ده‌كات، پاشه‌كه‌شه‌ی لێ ناكات و نرخی دۆلار دانابه‌زێنێت.
وته‌بێژه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ ماوه‌ی رابردوودا حكومه‌ت دڵنیانه‌بوو له‌وه‌ی بتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات، به‌ڵام دواتر نرخی نه‌وت به‌رزبووه‌وه‌، ئێستاش هه‌رچه‌نده‌ نرخی نه‌وت به‌رزه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ باشی ئیداره‌ی نه‌وتی خاو نه‌درێت، ئه‌وه‌ گرفتی بۆ دروست ده‌بێت.

نه‌توانراوه‌ زیاد بكرێت
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئاشكرایكرد، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار، یه‌ده‌كی دراوی عیراق گه‌یشتۆته‌ بڕی 61 ملیار دۆلار.
ساڵی رابردوو له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و دابه‌زینی راده‌به‌ده‌ری نرخی نه‌وت، عیراق به‌ ناچاری بۆ دابینكردنی به‌شێكی زۆری مووچه‌، ده‌ستی بۆ یه‌ده‌كی دراو برد. به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وكات لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هۆشدارییان دا، كه‌ بڕی یه‌ده‌كی دراوی عیراق بۆ 50 ملیار دۆلار كه‌مبۆته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌، حه‌سه‌ن نازم باس له‌وه‌ ده‌كات، جۆرێك له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی یه‌ده‌كی بیانیی عیراق هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی كورتهێنانی كه‌ڵه‌كه‌بووه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد بكرێت.

كورتهێنانه‌كانی پێ پڕ ده‌كاته‌وه‌
وتیشی: "هه‌ر زیاده‌یه‌كیش له‌و پاره‌ یه‌ده‌كه‌ هه‌بێت، ئه‌وا حكومه‌ت له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاویدا كورتهێنانه‌كانی پێ پڕ ده‌كاته‌وه‌".

له‌ مانگی (1)ی 2021، وه‌كو هه‌نگاوێكی خێرا بۆ ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانی دارایی، بانكی ناوه‌ندیی عیراق بڕیاریدا نرخی یه‌ك دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌ دینار بۆ هه‌زار و 460 دینار به‌رزبكاته‌وه‌ و تائێستاش هیچ هه‌وڵێك نییه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌و دراوه‌.

570 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/7/2021 3:04:11 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ