دۆسیە
ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ی قوباد تاڵه‌بانی كه‌ ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی گۆڕی
 ئاڕاستە

ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ی قوباد تاڵه‌بانی كه‌ ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی گۆڕی
"ده‌بێت هه‌مووان شانازی پێوه‌ بكه‌ن"

سیستمی بایۆمه‌تری و پڕۆژه‌ی خزمه‌ت، دوو كاری ستراتیژیی حكومه‌تی هه‌رێمن، به‌جۆرێك كاتێك باس له‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیی ده‌كرێت، ده‌ستبه‌جێ ئاماژه‌ به‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ ده‌كرێت. په‌رله‌مانتارێكیش رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ی قوباد تاڵه‌بانی ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بوون بۆ جێبه‌جێكردنی چاكسازیی له‌ هه‌رێم و وتیشی: "ئێستا عیراق ده‌یه‌وێت هاوشێوه‌ی ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، سیستمی بایۆمه‌تری جێبه‌جێبكات".

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ده‌ستپێكی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی هه‌شته‌مدا، كۆمه‌ڵێك قه‌یران روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌تایبه‌ت قه‌یرانی دارایی له‌دوای بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستپێكردنی شه‌ڕێكی قورس دژی تیرۆریستانی داعش. به‌ڵام به‌ سه‌رپه‌رشتیی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی قۆناغی یه‌كه‌می سیستمی بایۆمه‌تری كرا و له‌كابینه‌ی نۆیه‌میشدا جێبه‌جێكردنی قۆناغه‌كانی به‌رده‌وامه‌.

به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی حكومه‌ت
سیستمی بایۆمه‌تری له‌ چه‌ند قۆناغێك پێكدێت، كه‌ قۆناغی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ سه‌رژمێریكردنی ته‌واوی مووچه‌خۆرانی شارستانی و سه‌ربازی و خانه‌نشینان، دواتر جیاكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ زیاد له‌ مووچه‌یه‌كیان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتووه‌ یاخود "بندیوار" بوون. پاشان قۆناغه‌كانی به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی مووچه‌ و دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی میلاكاتی فه‌رمانبه‌ران به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كاندا. به‌و هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 50 هه‌زار پله‌ی وه‌زیفی وه‌همی سڕایه‌وه‌ و ملیۆنه‌ها دۆلاری مانگانه‌ی بۆ حكومه‌ت گێڕایه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ته‌نیا شه‌ش مانگیشدا نزیكه‌ی ملیۆنێك و 200 هه‌زار كه‌س خرانه‌ ناو داتا به‌یسه‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌، لوقمان وه‌ردی په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕی (ئاراسته‌)ی راگه‌یاند: قوباد تاڵه‌بانی وه‌كو جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كابینه‌ی رابردوو و ئێستاشدا، رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌ هه‌نگاونانی حكومه‌ت به‌ ئاراسته‌ی چاكسازییكردن و به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی حكومه‌ت.
وتیشی: "پڕۆژه‌ی بایۆمه‌تری، یه‌كێكه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ له‌كابینه‌ی رابردوو و ئێستاشدا له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی عێراقیش ده‌وێت هه‌مان ئه‌و سیستمه‌ هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێبكات و سه‌رژمێری مووچه‌خۆرانی بكات، چونكه‌ ئه‌م سیستمه‌ ته‌نانه‌ت له‌ به‌شێكی وڵاتانی دراوسێشدا نییه‌".

كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاتی
به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، جێبه‌جێكردنی سیستمی بایۆمه‌تری هه‌نگاوێكی گرنگ بوو به‌ ئاراسته‌ی به‌رچاو روونی حكومه‌ت بۆ دانانی پلانی كاركردنی ساڵانی داهاتووی له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی مووچه‌خۆره‌كانی. ئه‌م هه‌نگاوه‌ گرنگ بوو به‌ ئاراسته‌ی چاكسازی و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت و زیادكردنی داهاتی گشتیی. ئه‌وه‌بوو له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می سیستمه‌كه‌دا داهاتێكی زۆر بۆ حكومه‌ت گه‌ڕایه‌وه‌ و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی "بندیوار" و "دووجار سووده‌مه‌ند" له‌ حكومه‌ت نه‌هێڵدرا و ئامار و داتا و زانیاری پێویست تایبه‌ت به‌ مووچه‌خۆران به‌رده‌ستخرا.

لوقمان وه‌ردی ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، كاتێك قسه‌وباس له‌سه‌ر چاكسازیی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت، هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌بێت باس له‌ جێبه‌جێكردنی سیستمی بایۆمه‌تری بكرێت كه‌ جێ په‌نجه‌ و رۆڵی سه‌ره‌كی قوباد تاڵه‌بانی تێدا هه‌بووه‌. تائێستاش سیستمه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كاردانه‌وه‌ی زۆر باشی هه‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تدا.

پۆرتاڵی خزمه‌ت
یه‌كێكه‌ دیكه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بریتییه‌ له‌ دانانی "پۆرتاڵی خزمه‌ت" كه‌ ئامانج لێی ئاسانكاریكردنی كۆنتاكتی نێوان حكومه‌ت و هاووڵاتیان و خێرا راپه‌ڕاندنی مامه‌ڵه‌ تایبه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و په‌یوه‌ستكردنیانه‌ به‌ ئینته‌رنێته‌وه‌.
له‌ رێگه‌ی ئه‌و پۆرتاڵه‌وه‌، هه‌موو هاووڵاتییه‌ك ده‌توانێت زانیاری ورد له‌باره‌ی هه‌موو مامه‌ڵه‌ كارگێڕییه‌كانه‌وه‌ وه‌ربگرێت و پێداویستییه‌كانی ئاماده‌ بكات و فۆرمی ئه‌لیكترۆنی به‌شێك له‌ مامه‌ڵه‌كان پڕ بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتیان ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ به‌وه‌ی به‌بێ رۆتین مامه‌ڵه‌كانیان رایی بكه‌ن. بڕیاریشه‌ بره‌وی زیاتر به‌م پڕۆژه‌یه‌ بدرێت و سیستمی "تاك په‌نجه‌ره‌" له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بۆ هاووڵاتیان ده‌ستبه‌ر بكرێت.

له‌باره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه‌، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی گرنگه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی حكومه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتیان، به‌مه‌به‌ستی راییكردنی مامه‌ڵه‌كانیان، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هاووڵاتیان به‌ ته‌واوه‌تی زانیاریی پێویستیان له‌باره‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌ ته‌واو بوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ئیتر پێویست به‌وه‌ ناكات بۆ به‌شێك له‌ مامه‌ڵه‌كانیان هاووڵاتیان سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵكو له‌ رێگه‌ی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ ئه‌و كاروبارانه‌ رایی ده‌كه‌ن".

ئاشكراشیكرد، ئه‌مه‌ یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك شانازی پێوه‌ بكه‌ن.
له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ساڵی 2014دا، قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك كاندید توانی 182 هه‌زار ده‌نگ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ به‌راورد به‌ سه‌رۆك لیست و كاندیده‌كانی تر به‌رزترین ژماره‌ی ده‌نگی هه‌بوو. بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌ حوزه‌یرانی 2014 وه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ستنیشان كرا.

436 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/6/2021 3:09:52 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ