هەواڵ
بەهۆی تەقینەوەی TNT یەوە کەسێک گیانی لەدەستدا 2 کەسیش برینداربوون
 ئاڕاستە : هەردی حەسەن
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دووەمین ڕۆژی جەژنی قورباندا ، لە گوندی سەید ئەحمەدانی قەزای پشدەر لەکاتی کارکردندا ( TNT) بە کرێکارێکدا تەقیەوە دەستبەجێ و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

شۆڕش ئیسماعیل ، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند " کەمێک پێش ئێستا تەرمێک بەناوی ( م . س . ح ) لەدایک بووی ساڵی 1988 دانیشتووی گوندی سەیداحمەدان لەگەڵ 2 برینداری تر گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە لەکاتی هەڵکەندنی بیری دەستی ویستویانە TNT بەکاربێنن و دەستبەجێ پێیاندا تەقیوەتەوە" .

ناوبراو وتیشی "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لەکاتی تەقینەوەکەدا کوڕێکی بریندار بووە کە تەمەنی( 8 ) ساڵە لەگەڵ مێردمنداڵێکی تر کە تەمەنی  ( 16 ) ساڵە و بە ڕۆژانە ئیشی بۆ ناوبراو کردووە" .

وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد " قوربانیەکان وەستای هەڵکەندنی بیر بوون و لەکاتی کارکردن بۆ خاوەن باخێک TNTیان بەکار هێناوە، بەوتەی خاوەن باخەکەش، ئەوانی بەکرێ گرتووە تا بیری دەستی بۆ هەڵکەنن، بەڵام لەناو بیرەکە گەیشتونەتە شاخ و ویستویانە بە سود وەرگرتن لە TNT شاخەکە بشکێنن، بەڵام پێیاندا تەقیوەتەوە ، لە ئێستادا باری تەندروستی بریندارەکان جێگیرە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە ".
242 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/21/2021 3:25:27 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ