هەواڵ
ڕێكه‌وت زه‌كی:نرخی به‌نزین ده‌بێت حكومه‌ت كۆنتڕۆڵی بكات
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
لە كوردستان كەرتی تایبەت بونی نییەو ئەوەی هەیە كەرتی نزیك لە بەرپرسانەو ئەوانیش نرخی بەنزین دیاری دەكەن بۆیە بەنزین گرانە.

رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: سێ کاڵا و مادده‌ هه‌ن له‌ هه‌مو وڵاتێکدابەتەواوەتی لە كۆنترۆڵی حكومەتدا، ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆش ده‌ستی تێوه‌ر نه‌دات له‌نزیکه‌وه‌ ئاگای لێیه‌تی و ئه‌وانه‌ش بریتین له‌ گه‌نم، ده‌رمان هه‌روه‌ها سوته‌مه‌نی، چونکه‌ ئه‌م سێ مادده‌یه‌ کاریگه‌ری گه‌وره‌ دروست ده‌کات له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ و نرخی گشتی و له‌داهاتوشدا ده‌بنه‌ به‌شێک له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.

وتیشی: به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان یان له‌ پارێزگای سلێمانی ئه‌م لایه‌نه‌ چۆڵکراوه‌ بۆ که‌رتی تایبه‌ت و بازرگانان به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی ئه‌و پڕه‌نسیپه‌ گشتیه‌ بکات که‌ باسمکرد، ته‌نها ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ ده‌کات قازانجی ماددی بكات، له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر حکومه‌ت ئه‌مه‌ کۆنتڕۆڵ بکات، ڕه‌چاوی قازانجی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات ئینجا قازانجی ماددی.

ئەوەشی خستۆتەڕوو:"راسته‌ هه‌ندێک کاریگه‌ری بچوک ده‌بێت به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بۆرسه‌ی جیهانی، بەڵام به‌وجۆره‌و‌ به‌و بێ کۆنتڕۆڵی و به‌م بێخاوه‌نییه نییە که‌ ئێستا له‌سه‌ر حسابی گیرفانی هاوڵاتی ڕوده‌دات."

وتیشی"ئیستغلالی ئه‌وه‌ کراوه‌ که‌ به‌حساب بازاڕی جیهانی بوژاوه‌ته‌وه‌و نرخی نه‌وت ڕۆژانه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌، ئه‌م به‌رزبونه‌وه‌ی نرخه‌ له‌ڕاستیدا کاریگه‌رییه‌کی زۆر که‌مه‌ به‌ژماره‌ و به‌ڕێژەو کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ که‌ ئێستا لیتری به‌نزین له‌ بازاڕی سلێمانی 750 دیناره."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بازاڕی چۆڵکردوه‌ بۆ که‌رتی تایبه‌ت یان ئه‌وه‌ی که‌ ناونراوه‌ که‌رتی تایبه‌ت، له‌ڕاستیدا که‌رتی نزیکی چه‌ند که‌سێکه‌و که‌رتی تایبه‌ت نییەو که‌رتی نزیکی به‌رپرسانه‌، ئه‌وه‌ی که‌ ته‌حه‌کوم ده‌کات و نرخ داده‌نێت بازرگانه‌و که‌رتی تایبه‌ته‌ که‌ له‌ڕاستیدا ده‌بێت حکومه‌ت بێت به‌ڵام بازرگان نرخ داده‌نێت بۆ بەنزین بۆیه‌ حاڵه‌ته‌که‌ ئاوایه‌ (نرخی بەنزین بەرزە.).

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئێوە وەک ئەنجومەنی پارێزگا چیتان کردوە لەسەر بەرزبونەوەی نرخی بەنزین؟ لە وەڵامدا ڕێکەوت زەکی وتی"له‌ڕاستیدا من پێشتر له‌ لیژنه‌ی وزه‌ کارم ده‌کرد به‌ڵام له‌مکاته‌ له‌و لیژنه‌ دیاریکراوه‌ نیم بێگومان به‌پێچه‌وانه‌‌ی شته‌کانی تره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ لای خودی پارێزگاره‌ ڕاسته‌ له‌ زۆر شتدا به‌مه‌رکه‌زی ده‌سه‌ڵات لای حکومه‌ته‌، به‌ڵام له‌مه‌دا ده‌سه‌ڵاتی پێدانی مۆڵه‌تی هێنانی سوته‌مه‌نی لای خودی پارێزگاری پارێزگاکانه‌، واته‌ پارێزگاری سلێمانی مۆڵه‌ت ده‌داته‌ ئه‌و کۆمپانیایه‌ی که‌ چه‌ندێک سوته‌مه‌نی داخل بکات و چۆن داخلی بکات، ماده‌م مۆڵه‌ته‌که‌ لای پارێزگاره‌ واته‌ کۆنتڕۆڵکردنه‌که‌ و ته‌حه‌کومه‌که‌ به‌ پارێزگار ده‌کرێت، به‌ واژۆی پارێزگار نه‌بێت یه‌ک لیتر سوته‌مه‌نی ناتوانرێت له‌ هیچ خاڵێکه‌وه‌ داخل بێت له‌سنوری هه‌ر پارێزگایه‌ک بێت."
158 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/19/2021 10:13:47 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ