هەواڵ
بکوژی سەرباز بڕی ٢٢٧٠٠ دۆلاری لە خێزانی سەرباز وەرگرت لە بەرامبەر ئەوەی مێردەکەی بۆ بکوژێت .
 ئاڕاستە : هەردی حەسەن

دوای ئەوەی لە شەوی 21 / 4 / 2021 ، گەنجێکی 33 ساڵان بە ناوی ( سەرباز) لە شارۆچکەی حاجیاوا کوژرا ، وتەبێژی پۆلیس ڕاپەڕین تەواوی زانیاریەکانی بۆ ئاڕاستە خستەڕوو .

شۆڕش ئیسماعیل ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین تایبەت بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند "
دوای ئەوەی لەبەرواری ٢١ /٤/ ٢٠٢١ نزیک کاتژمێر ١٠ی شەو لە ناحیەی حاجیاوا هاوڵاتی (س،خ،پ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ پیشەی کاسب دانیشتوی حاجیاوا/دابان لەنزیک ماڵەکەی خۆی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا، و لەهەمان کاتدا ڕێکاری یاسایی گیرایە بەر و مەلەفی لێکۆڵینەوە کرایەوە. دواتر ( ٢ ) تۆمەتبار دەستگیرکران کە یەکێکیان خێزانی کوژراوەکە و ئەوەی تریان خەسوی کوژراوەکە بوو بە پێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسایی سزادانی عێڕاقی ڕاگیران ".

ناوبراو وتیشی "لەدوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری کردن، لەلایەن بنکەی پۆلیسی حاجیاوا و بە هاوکاری ئاسایشی حاجیاوا بکوژی سەرەکی ڕوداوەکە بەناوی (س،آ ، آ ) دەسگیرکرا و بە هەمان مادە بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیرا " .

وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشدا " دوای ئەوەی بەڵگەی تەواو و کۆکرایەوە لە دژی تۆمەتباری سەرەکی (س،آ،آ) بەڵام لەسەرەتادا نکۆڵی دەکرد. وە دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردەکاری زیاتر و خستنە ڕووی بەڵگەی زیاتر، تۆمەتبار (س،آ،آ) لە ئێستا دانی ناوە بەتاوانەکەیدا و لە ئێستادا تۆمەتبار (س،آ،آ) لە بەردەم پۆلیس و دادگا دانی نا بەتاوانەکەی، بە وتەی خۆی دەڵێت کە لەگەڵ خێزانی کوژراو ڕێک کەوتووە کە لە بەرامبەر بڕی ( ٢٢٧٠٠ ) دۆلاری ئەمریکی لە خێزانی کوژراو وەربگرێت و مێردەکەی بۆ بکوژێت، وە ئەوەبوو لەبەرواری ٢١ /٤/ ٢٠٢١ نزیک کاتژمێر ١٠ی شەو تاوانی کوشتنەکەی ئەنجامدا" .

شۆڕش ئیسماعیل باس لەوەشکرد " وە تۆمەتباری ناوبراو لەگەڵ خێزانی کوژراو و خەسوی کوژراو بەهەمان ماددەی یاسایی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە " .

بە پێ ی زانیاریەکانی ئاڕاستە ، هاوسەری سەرباز هەوڵی داوە دوای ڕووداوەکە بەرەو ئەوروپا کۆچ بکات ، چونکە پێشتر سەرباز ڕێگربووە لە وەی خێزانەی سەفەر بکات بۆدەرەوە ، هۆکاری سەرەکی ئەم ڕووداوە لە سەر گەشتکردن بووە بۆ ئەوروپا .
183 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/17/2021 11:25:55 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ