هەواڵ
لاهور شێخ جەنگی ، پێشوازی کرد لە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان .
 ئاڕاستە : هەردی حەسەن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16 ی حوزەیرانی 2021 ، لاهور شێخ جەنگی ، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ،  لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە جەیمس سۆرنتۆن، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی سەردانی هاوسەرۆکی کردبوو.

لەو دیدارەدا ، لاهور شێخ جەنگی ، سوپاس و پیزانی پیشکەش کرد بۆ ئەو کار و هەنگاوانەی کە لە ماوەی مانەوەی لە پۆستەکەیدا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردوون و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا.

هەرلەو دیدارەدا ، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق .

هاوسەرۆک ، جەختی کردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە بوونەتە مایەی بەردەوامی کێشە و قەیرانەکان، ئەویش لە ڕێگەی ڕەخساندنی دیالۆگی نیشتمانیی و بنیاتنەر و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان هەموو لایەنەکانەکان.سیاسەتە ڕاست و دروستەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان دووپات کردەوە بە ئاڕاستەی بەغدا و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان ‌‌‌حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پەنابردنە بەر دەستوور کە دەرەنجامی فشار و پێداگریی و هاندانی هەردوولا و سەردان و کۆبوونەوەکانمان بوو لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان لە بەغدا، کە خۆشبەختانە لە ئێستادا ئاماژەکانی جێبەجێکردن و پابەندییەکان بە ڕێککەوتنەکە بەدەردەکەون، یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەو رێککەوتنەش دوای دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، مەسەلەی پاشەکەوت و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە کە دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت.

هاوسەرۆک ، لاهور شێخ جەنگی ،  بە گرنگییەوە باسی لە چاکسازیی و یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە کرد و ئامادەیی و پشتیوانیی یەکێتیی دووپات کردەوە بۆ ئەو پرۆسەیە ، پێزانینی پێشکەش بە تیمی سەربازیی بەریتانیا کرد لەنێو هێزەکانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی کە ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لەو پرۆسەیەدا.ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کرد و جەختی لە گرنگی و چارەنوسسازی پرۆسەکە کردەوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و چاکسازیی و بەدیهێنانی ئامانجەکان .

هاوسەرۆکی یەکێتی ،  داوای یەکڕیزیی و یەکدەنگیی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی کرد کە بێنە ژێر چەتری هاوپەیمانی کوردستان و ڕایگەیاند ،  بەیەکەوە دەتوانین پێگەی کورد لە بەغدا و پارلەمانی عێراق بەهێز بکەین.
160 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/16/2021 11:31:29 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ