هەواڵ
لە بەغدا ، بافڵ تاڵەبانی ،چاویکەوت بە باڵیۆزی ولایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لە عێراق
 ئاڕاستە : هەردی حەسەن

ئەمڕۆ دووشەممە 7 ی حوزەیرانی 2021 ، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق.

لەدیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون ، بیروبۆچوون لەبارەی پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان، پەیوەندی نێوان ھەرێم و عێراق ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و عێراق، جێبەجێکردنی یاسای بودجە و رێکەوتنی ھەردوولا، وەفدی یەکێتی جەختی لەدرێژەپێدان بەگفتوگۆی بونیادنەرانە کرد لەپێناو چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی بودجەی ھەرێم و رایانگەیاند، یەکێتی پشتگیری و پشتیوانی ھەر ھەوڵێک دەکات کە پرۆسەی ئاشتی و تەبایی سەربخات و ھەوڵی نیشتمانیی ئێمە بۆ بنیادنانەوەی متمانەو گەیشتن بە دیالۆگی نیشتمانییە تا ھەموومان پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوەببەین و بەشداری راستەقینە بین لە سەرخستنی ئەزموونەکەمان.

وەفدەکەی یەکێتی ئەوەشیان ئاشکراکرد، یەکێتی ھەر لەسەرەتای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا رۆڵی ئیجابی گێڕاوە و لەھەوڵی جدیدا بووە تاوەکو کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکرێت و دۆخەکە بگاتە ئەم ئاستە کەمایەی گەشبینییە. ئەمڕۆش کە لەسەر ئاستی باڵا لەبەغدادین دەمانەوێت ئەو پەیامە دووپاتبکەینەوە کە لەگەڵ پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنین بۆ پرسەکان و بەرژەوەندی ھاوبەشمان وا دەخوازێت ھەموومان پێکەوە جیاوازییەکانمان بکەینە خاڵی ھاوبەش و زاڵبوون بەسەر تەحەدییەکاندا.

یەکڕیزی و کۆدەنگی هێز و لایەنە سیاسییەکان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و وەفدی یەکێتی رایانگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یەکڕیزی نیشتمانی و یەکدەنگی بەتایبەت لە بەغدا کورد وەک یەک تیم کاربکات و پێکەوە پێگەی ھەرێم بەبەھێزی بپارێزین و کار بۆ بەدیھێنانی مافە نەتەوەییەکان بکەین.

ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرددایە لەکات و ساتی خۆیدا و دەمانەوێت زەمینەی لەبار بۆ ئەو پرسە بڕەخسێنین و بێێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی نەک لێکترازانی زیاتر و شێواندنی دۆخەکە.

115 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/8/2021 12:11:11 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ