دۆسیە
دڵشاد مه‌ریوانی ئه‌و ناوه‌ی هه‌میشه‌ به‌سه‌ربه‌رزی ده‌مێنێته‌وه‌
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
دڵشاد مه‌ریوانی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ی له‌پێناو كوردایه‌تی شه‌هیدكراو سه‌ری به‌رزی بۆ دوژمن شۆڕنه‌كرد ته‌رمه‌كه‌ی ونكرا.

ناوی ته‌واوی دڵشاد محه‌مه‌د ئه‌مین فه‌تاحی مه‌ریوانییه‌ و له‌ 28/3/1947 له‌دایك بووه‌ و خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی به‌شی وێژه‌یی هه‌ر له‌سلێمانی ته‌واو كردووه‌، بۆ ته‌واو كردنی خوێندنی زانستگاچووه‌ته‌ شاری به‌غدا به‌شی زمان‌و ئه‌ده‌بی كوردی له‌ زانستگای به‌غدا، كۆلێژی زمان‌و ئاداب ته‌واو كردووه‌‌و سالی ساڵی 1972 (به‌كالۆریۆس) لیسانسی تیادا وه‌رگرتووه‌.

له‌ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا به‌هۆی خه‌باته‌ ژێرزه‌مینه‌یه‌كانیه‌وه‌ چه‌ندین جار زیندانی كراوه‌ و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌.

دڵشاد مه‌ریوانی له‌به‌رئه‌وه‌ی نۆبه‌ره‌ی خێزانه‌كه‌ی بووه‌، له‌ ساڵی 1959-1962 له‌خه‌باتی یه‌كێتی خوێندكارانی كاتی خۆی كاری كردووه‌، هه‌ر له‌مانگی 3 ی 1963وه‌ كاری سیاسی‌و خه‌باتی ژێر زه‌مینی كردوه‌، چه‌ندین جار زیندانی كراوه‌و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌ و ده‌ربه‌ده‌ركراوه‌، هاوكات له‌ شۆرشه‌كه‌ی ئه‌یلوولی 1961و له‌شۆڕشه‌كه‌ی حوزه‌یرانی 1976دا دوو ساڵ ژیانی پارتیزانانه‌ی ناو شاری تاقیكردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها جارێك به‌ده‌ربه‌ده‌ری‌و چه‌ندین جار به‌ گه‌شت زۆربه‌ی شاره‌كانی ووڵاتانی عه‌ره‌ب‌و توركیا‌و ووڵاتانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوای دیوه‌.

ئه‌ندام بووه‌ له‌چه‌ندین شوێن و به‌رنامه‌ی ڕادیۆی و ته‌له‌فزوێنی پێشكه‌شكردووه‌.

شایه‌نی باسه‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵی رۆشنبیری كورد و یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد و نه‌قابه‌ی رۆژنامه‌ گه‌رانی عێراق ئه‌ندامی هاوبه‌ش و ماوه‌یه‌ك چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری له‌رادیۆی عێراق به‌شی كوردی وته‌له‌فزێونی كه‌ركوك به‌شی كوردی بردووه‌ به‌رێوه‌، هاوكات چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیرییه‌كانی له‌رۆژنامه‌كانی: ژین، هاوكاری، كاری میللی، بیری نوێ‌، ده‌نگ‌وباس..هه‌روه‌ها له‌ گۆڤاره‌كانی: به‌یان، رۆشنبیری نوێ‌، رۆژی كوردستان، ده‌نگی كرێكار، تریفه‌..هتد…بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.


چه‌ندین كتێبی بۆ نوسه‌رانی كورد نوسیووه‌.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ گه‌لێك ووتاری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له‌سه‌ر نووسه‌ران‌و شاعیران‌و رۆشنبیرانی كوردنووسیوه‌ له‌وانه‌: ئیبراهیم ئه‌جه‌مه‌د، د. مارف خه‌زنه‌دار، محه‌مه‌د مه‌ولوود، د.ئه‌مین موتابچی، هێمنی شاعیر، د. عبدوڕه‌حمانی قاسملۆ، شێركۆ بێ‌كه‌س، د.كاوس قه‌فتان، كه‌ریمی حوسامی، حه‌مه‌ ساڵح دیلان، شوكور مسته‌فا، ره‌ووف بێگه‌رد، رفیق سابیر، ره‌ووف حه‌سه‌ن، حسێن عارف، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 17حه‌ڤده‌ شانۆنامه‌ و نمایشنامه‌ی نووسیوه‌و وه‌ریگڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و ئاماده‌ی كردووه‌، له‌وانه‌: نازدار و شوان، په‌روانه‌، خۆركه‌، چاوی ڤێتنام، پراوه‌ی ژن هێنان، بووكه‌ خان،مانگیش ئاوابوو..هتد.


چه‌ندین محازه‌ره‌ و كۆڕی ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری كۆڕی ره‌خنه‌ سازی به‌ درێژایی 12دوازده‌ ساڵ ده‌رباره‌ی: شیعر، ره‌خنه‌، ئافره‌تان، چیرۆك، ئه‌ده‌بی فۆلكۆری كوردی  له‌شاره‌كانی  سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆك، به‌غدا پێشكه‌ش كردووه‌، له‌كاتێكدا چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری‌و سیاسی له‌ رۆژنامه‌و بڵاوكراوه‌و گۆڤارو نه‌واره‌ نههێنییه‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه‌.

*له‌هاوینی 1962تا پاییزی 1966 له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی لاوانی هۆشیاری ئه‌و كاته‌دا، دامه‌زرێنه‌ری (كۆمه‌ڵه‌یی بوژاندنه‌وه‌ی سامانی نه‌ته‌وایه‌تی كورد)بوو، كه‌ كۆمه‌ڵێكی ئه‌ده‌بی‌و هونه‌ری بوو، باوه‌ڕیان به‌ خه‌باتی ژێر زه‌مینیی ئه‌دیبان‌و هونه‌رمه‌ندانی خێر خوازو پێشكه‌وتووی كوردبوو، تا به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی‌و هونه‌ری به‌ره‌نگاری، به‌شێوه‌ی بڵاوكراوه‌و نامیلكه‌ی ده‌ستاو ده‌ست كردوو به‌ناو جه‌ماوه‌ردا بڵاوبكه‌نه‌وه‌ له‌ولاوانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌( فه‌ره‌یدوون قادر، عه‌لی توانا، دارا شێخ نوری شێخ ساڵح عه‌بدوره‌زاق پشده‌ری، ئه‌كره‌م قه‌رداغی، عومه‌ر ساڵح، جه‌لال محه‌مه‌د، جه‌لال مه‌هدی، محه‌مه‌د ئه‌كره‌م كه‌ریم، عه‌بدوڵڵا عه‌باس، عومه‌ر چاوشین..هتد).
چه‌ندین شیعری به‌ره‌نگاری گه‌لێك له‌ شاعیرانی عه‌ره‌ب‌و فارسی‌و ئه‌وروپایی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی له‌وانه‌: موزه‌فه‌ر نه‌واب، محمود ده‌رویش، سه‌میح القاسم، پاپلۆ نێرۆدا، پۆل ئیلوار، فابتزارۆف، مایكۆفسكی، یه‌سه‌نین، كاڤاڤی.. هتد.

له‌ ژیانی ئاشكرای ئه‌ده‌بیدا ئه‌م نامیلكه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ی له‌ چاپ داوه‌:
1-فرمێسك‌و زه‌رده‌خه‌نه‌_ شیعر 1968
2-یه‌كه‌م هه‌نگاو_ په‌خشان1973
3-دڵدارانی شۆرش _چیرۆك 1973
4-پێشوازی خاوه‌ن شكۆ_ ره‌خنه‌ 1973
5-ببن به‌تیشك _شیعر1976
6-به‌په‌نجه‌كانم ده‌تبینم_ چیرۆك 1977
7-دێر یاسین _چیرۆك 1978
8-سه‌مفۆنیای وه‌نه‌وشه‌_ شیعر1980
*له‌دوو شانۆنامه‌دا وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری كردووه‌:
1-لانه‌وازان 1973
2-پردی ووڵات1974

وه‌كو ئه‌كته‌ ر له‌فیلمێكی سینه‌مایی 12خولكه‌ییدا  به‌شداری كردووه‌ فلیمه‌كه‌ به‌ناوی ( ژیانی شوان) 1972 كه‌ به‌رهه‌می زانستگای سلێمانی بوو، له‌كاتی خوێندی له‌ زانستگای به‌غدا 1969-1972 دامه‌زرێنه‌رو سه‌رۆكی تیپی شاڵاوی كه‌ركوكی هونه‌ری بوو كه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیدا رۆڵێكی گرنگی دیاری بینی له‌ ناوه‌ندی زانستگای به‌غدا و موسته‌نسه‌رییه‌دا, جگه‌ له‌و ئاهه‌نگانه‌ی له‌یاده‌ فه‌له‌ستینییه‌كاندا ده‌یان گێڕا بۆ ناساندنی كورد به‌و كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتییه‌ شۆرشگێڕانه‌ی له‌شاری به‌غدا داڵده‌ داربوون، له‌ئه‌ندامانی ئه‌م تیپه‌: ووریا حه‌سه‌ن فیكری، دڵشاد ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئه‌مین، په‌خشان جه‌لال، كاژاو محه‌مه‌د ئه‌مین مه‌ریوانی، به‌هجه‌ت ره‌شید، عه‌بدورره‌حمان ئه‌بوبه‌كر ،مسته‌فازه‌نگه‌نه‌، گه‌وێژ حه‌مه‌ ئه‌مین، گوڵستان حه‌سه‌ن عه‌باس.

*له‌فرمانی ده‌وڵه‌تیدا ئه‌م كارانه‌ی دیوه‌:
1-چاودێری زمانه‌وانی (مشرف لغوی)وه‌زاره‌تی راگه‌یاندن.
2-مه‌شقیاری هونه‌ری (مدرب فنی بدرجه‌ معلم)له‌ به‌شی زمان‌و ئه‌ده‌بی كوردی كۆلێژی ئاداب، هه‌روه‌ها له‌ لقی كوردی كۆڵیژی په‌روه‌رده‌. بۆ ماوه‌ی مانگ‌و چه‌ند رۆژێكیش مامۆستای میوان له‌به‌شی خوێندنی كوردی له‌ زانستگای سلێمانی. تۆماركاریخوێندكاران (مسجل غیابات)له‌ كۆڵیژی پزیشكی ئاژه‌ڵ (كلیه‌ الگب البیگری) له‌ ئه‌بو غرێبی نزیك به‌غدا.
3-رۆژنامه‌ نووس له‌ وه‌زاره‌تی ترانسپۆرت له‌ به‌غدا نووسیاری گۆڤاری رساله‌ النقل.
4-مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بی كوردی له‌ قوتابخانه‌ی سانه‌وی سه‌رچنار پاشان ناوه‌ندی برایه‌تی له‌سلێمانی سه‌ر به‌ ئه‌میندارێتی په‌روه‌رده‌.
*له‌ كاری یه‌كه‌میدا نه‌بێ‌، كه‌ به‌ مه‌یلی خۆی گوێزراوه‌ته‌وه‌، ده‌نا له‌ هه‌موو كاره‌كانی تریدا به‌هۆی سزادان‌و دوور خستنه‌وه‌و ناچارییه‌وه‌ شوێنه‌ گوڕكێ‌ی پێ‌ كراوه‌. جگه‌ له‌ دووجار دوورخستنه‌وه‌ی له‌كاری ده‌وڵه‌تی به‌ناوی پێویست پێ‌ نه‌بوونه‌وه‌ (فائڤ عن الحاجه‌).

ژیانی تایبه‌تی:
له‌ساڵی 1975به‌شه‌كه‌ی تری ژیانی هاوسه‌ری خۆی دیوه‌ته‌وه‌ پاشان نیشانی كردووه‌، به‌ڵام تا ساڵی 1978له‌به‌ر ده‌ربه‌ده‌ری‌و له‌كاركردن‌و به‌ندی مۆڵه‌تیان نه‌بووه‌ پێكه‌وه‌ بژین‌و خاوه‌ن خانه‌ بن.



*هاوسه‌رو هاورێگه‌ی شیرین ك.ی ئه‌دیب‌و چیرۆك نووسه‌.
*له‌ 18-10-1983تا 13-2-1985 ژیانی پارتیزانانه‌ی ناو چیای بردۆته‌ سه‌ر له‌گه‌ڵ هاوسه‌رو كچه‌كه‌یدا.
*له‌ ئه‌یلوولی 1984ه‌وه‌ وازی له‌ هه‌موو ئیلتیزام‌و كاروبارێكی سیاسی هێناوه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ لای نامه‌و ده‌فته‌رو قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی.
*به‌كرێكاری و بێ‌ كاری ژیانی بردۆته‌ سه‌ر هه‌تا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاری ده‌وڵه‌ت بووه‌ به‌ مامۆستا له‌ ئاماده‌یی هه‌ڵگورد تا ساڵی 1987.
به‌هۆی ره‌فز كردنی جیش الشعبییه‌وه‌ دووباره‌ له‌ وه‌زیفه‌ ده‌ركرا.
*له‌ 1988 دانرایه‌وه‌ له‌ناوه‌ندی سه‌رۆك.
*له‌ 1989ئاماده‌یی شۆرش (2)مانگ
*له‌ 12-2-1989ده‌ستگیر كراوه‌.
32 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ به‌رواری 13 ی 3 ی 1989، له‌ شاری سلێمانی چه‌ند سه‌ربازێك و ئه‌فسه‌رێكی به‌عس، دڵشاد مه‌ریوانی به‌ قۆڵبه‌ستراوی ده‌به‌نه‌ ژێرزه‌مینه‌كه‌ی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌وه‌، ئامانجی ئه‌م به‌عسیانه‌ كوشتنی دڵشاد مه‌ریوانیه‌.

دڵشاد مه‌ریوانی باڵای مه‌ترێك و 92 سانتیم بوو، به‌سه‌ر به‌عسیه‌كاندا به‌ سه‌ربه‌رزی ده‌یڕوانی، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ به‌ دڵشاد مه‌ریوانی ده‌ڵێت،  سه‌رت نزم بكه‌ره‌وه‌  با ئه‌مری كوشتنه‌كه‌ت  ئه‌نجام بده‌ین، دیاره‌ باڵای كه‌سیان ئه‌وه‌نه‌ به‌رز نه‌بووه‌ كه‌ ده‌ستیان بگاته‌ سه‌ری سه‌ربه‌رزی دڵشاد مه‌ریوانی، دڵشادیش به‌ دڵخۆشیه‌وه‌ پێیان ده‌ڵێت، من قه‌ت سه‌رم بۆ دوژمنم نه‌وی ناكه‌م.

دڵشاد مه‌ریوانی به‌ ته‌مه‌نی 42 ساڵی به‌ 2 فیشه‌ك شه‌هید ده‌كرێت و ته‌رمه‌كه‌شی بزر ده‌كرێت، دوای خۆی 3 كچ و خێزانه‌كه‌ی به‌جێ ده‌هێڵێت.

دڵشاد مه‌ریوانی به‌ سه‌ربه‌زی له‌ ناو گه‌له‌كه‌ی خۆیدا ژیا و له‌سه‌ر خه‌باتی كه‌لتوری و ئه‌ده‌بی به‌ سه‌ربه‌رزی شه‌هید كرا، له‌ به‌یاننامه‌ی شه‌هیدكردنه‌كه‌ی دا هاتوه‌، كه‌ ناوبراو له‌سه‌ر وتنه‌وه‌ی وانه‌ی كوردی به‌ پیتی لاتینی شه‌هیدكراوه‌.


222 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/6/2021 10:13:51 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ