هەواڵ
وه‌زیری ناوخۆ كاری دووه‌م له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
دوای قه‌ده‌غه‌ كردنی كاری دووه‌م له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆوه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن.

باڵانبۆ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: نیگه‌رانین له‌بڕیاره‌كه‌ی وه‌زیری ناوخۆو داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یاخود ڕاگرتنی ده‌كه‌ین تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی بارودۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان باش ده‌بێت و لێبڕینی موچه‌ نامێنێت.

وتیشی: "ئێستا 21%ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌بڕدرێت، هه‌روه‌ها به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار، نرخی كه‌لوپه‌ل و خواردن زۆر گرانبوه‌، ئه‌و هۆكارانه‌ وایكردوه‌ كارمه‌ندانی ناوخۆ نەتوانن به‌موچه‌ بژین بۆیه‌ كاری دووه‌م ده‌كه‌ن".

باسی له‌وه‌شكرد: "به‌هۆی ده‌ركردنی بڕیاره‌كه‌و هه‌ندێك كێشه‌ی دیكه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، داوای بانگهێشتكردنی نوێنه‌ری وه‌زیری ناوخۆمان كردووه‌ بۆ په‌رله‌مان تاوه‌كو ڕونكردنه‌وه‌مان له‌سه‌ر ده‌ركردنی بڕیاره‌كه‌ پێبدات، هه‌روه‌ها له‌یاداشتێكدا داوا ده‌كه‌ین تاوه‌كو بارودۆخی دارایی ئاسایی ده‌كرێته‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ ڕابگیرێت یاخود هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌".

به‌پێی نوسراوی ژماره‌ (7548)ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ 11ی نیسانی 2021 ده‌رچووه‌ ، ڕێبه‌ری ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریداوه‌ به‌قه‌ده‌غه‌كردنی كاری دووه‌م له‌فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ناوخۆ.

بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، كاردانه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی لێكه‌وتۆته‌وه‌و داوا له‌وه‌زیری ناوخۆ ده‌كه‌ن، بڕیاره‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ترسی لێپرسینه‌وه‌و سزادانیان ناتوانن به‌ئاشكرا ناڕه‌زایی دەر‌بڕن و بۆ ده‌زگاكانی راگەیاندن قسه‌ بكه‌ن.

1220 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/8/2021 11:56:43 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ