هەواڵ
زانیاری نوێ له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 5
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
حكومه‌تی هه‌رێم داهاتی مانگانه‌ی زیاتره‌ له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش لێبڕینی موچه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ هاوكات ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بۆ ئه‌م مانگه‌ش لێبڕینی موچه‌ كه‌مبكڕێته‌وه‌ بۆ له‌ 15%.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی دراون به‌ ئاڕاسته‌ ئاماژ به‌وه‌ كراوه‌: نزیكەی مانگێكە وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و شارەزایان و پسپۆڕانی بواری موچەو بودجە شەو ڕۆژ لە كاردان بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم بۆ ئەمساڵ ئامادە بكەن و پێدەچێت هەفتەی داهاتو بە تەواوی كۆتایی پێبێت و لەدوای پشوی جەژن ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.

باس له‌وه‌شكراوه‌: بڕیاری دابەشكردنی موچە بەبێ‌ لێبڕین لەدەستەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایەو دەبێت لەوێ‌ بڕیاری لەبارەوە بدرێت، بۆیە تا ئێستا بەرچاوی ئەنجومەنی وەزیران ڕون نییە ئاخۆ موچەی ئەم مانگە بە چ شێوەیەك دابەش بكات، بەڵام هەمو ئەگەرەكان ئەوە دەردەخەن كە ئەم مانگەش بە لێبڕین مووچە دابەشدەكرێت، بەڵام پێدەچێت بڕەكەی بۆ لە %15 كەمبكرێتەوە بەو پێیەی داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و داهاتی گومرگ زیادیان كردووە.

غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند: بە گوێرەی ئەو مادانەی كە لە بودجەی گشتی عێراق پەسەندكراون و تایبەتن بە پشكی هەرێمی كوردستان، دەبێت ڕۆژانە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمو و %50 ی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغداد بكات، بەڵام تا ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم نە نەوتی ڕادەست كردوە نە داهاتی ناوخۆ، لە بەرامبەریشدا بەغدا هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم نەناردوە.

ده‌شڵێت: حكومەتی هەرێم لەڕاگەیاندنەكانەوە دەڵێت پابەندین بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەكردار هیچ هەنگاوێكی نەناوەو ئەم بابەتە به‌گرنگ دانانرێت، چونكە حكومەتی هەرێم دەزانن نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و داهاتی ناوخۆشیان زیادیكردوە، داهاتە گومرگییەكانشیان بە دۆلار وەردەگرن، هاوكات مووچەش بە لێبڕینی لە %21 دابەشدەكەن، هەموو ئەمانە لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێم و زیانی هاووڵاتیان و مووچە خۆران كۆتایی دێت.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد: حكومەتی هەرێم وا بانگەشە دەكات كە ڕۆژانە 430 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە ڕاستیشدا زیاد لە 630 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە و داهاتەی مانگانە نزیك دەبێتەوە لە ترلیۆنێك دینار، لە ئیستادا نرخی بەرمیلێك نەوت لە 70 دۆلار نزیك بوەتەوە، لە داهاتی ناوخۆش زیاد لە 400 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆیان دەستدەكەوێت، بەو شێوەیەش مانگە بە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ ترلیۆنێك و 400 ملیار دینار یان دەستدەكەوێت، لەكاتێكدا بۆ مووچەی فەرمبەران 700 ملیار دینار خەرجدەكەن، لەكۆی گشتیش 500 ملیار دیناریان بۆ دەمێنێتەوە و بە ئارەزوی خۆیان خەرجی دەكەن، بۆیە ئەگەر پابەندبن بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەوە ئەوا بۆ هەموو لایەك ڕووندەبێتەوە چەند پارە دێتە هەرێم و بەچی دەدرێت، بۆیە حكومەتی هەرێم نایەوێت پابەند بێت و بەغداش ئەمەی پێخۆشە چونكە لەبەرژەوەندی خۆیەتی كە پارە ڕەوانەی هەرێم نەكات.
1229 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/8/2021 10:08:47 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ