هەواڵ
بەوێنە : هاوسەرۆکانی یەکێتیی لەگەڵ وەفدێکی باڵای ئەمریکا کۆبوونەوە
 ئاڕاستە : هەردی حەسەن

ئەمڕۆ چوارشەممە 5 ی ئایاری 2021 ،بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر، پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا کە پێکهاتبوو لە دیرێک شولیت، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و برێت مەکگۆرک، ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و جوی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک و خاتوو دانا سترول، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەفدێکی یاوەریان.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەردار هەرکی ئەندامی سەرکردایەتی و پۆڵاد شێخ جەنگی فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر ئامادەیبوون، گفتوگۆیەکی جدی و هەمەلایەنە کرا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ڕێوشوێنەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

هاوسەرۆکان جەختیان لە بەردەوامی ڕۆڵی ئەمریکا کردەوە بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا، پێزانینی خۆشیان دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ئەمریکا هەیبووە لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە جەنگی دژەتیرۆردا، پێویستی بەردەوامبوون و ئەنجامدانی کاری ھاوبەشیان دووپاتکردەوە بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش و لەناوبردنی شانە نوستووەکانیان لە وڵاتدا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هاوسەرۆکانی یەکێتی ڕوانینی خۆیان لەبارەی دۆخی ئێستا و کێشە و قەیرانەکان و ڕێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکانیان بۆ وەفدی ئەمریکا خستە ڕوو.

جەختیشیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی ناکۆکی و گرژییە سیاسییەکان و بە فاکتەرێکی گرنگیان دانا بۆ برەودان بە پڕۆسەی سیاسی بەهێزی پێگەی کورد لە بەغدا، لەو ڕووەشەوە پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی فراوانیان بە گرنگ زانی بۆ یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی لەبارەی ئەو بابەتانەی ڕەھەندی نەتەوەیی و نیشتیمانییان ھەیە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هاوسەرۆکان دووپاتیان کردەوە کە گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پەنابردن بۆ دەستوور تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە لە نێوان ‌‌حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان کە ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی داعشەوە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ژیانیان لە مەترسیدایە.

سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، ھاوسەرۆکان تەئکیدیان کردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دوور لە دەستتێوەردان.

وەفدەکەی ئەمریکاش جەختیان کردەوە لە سەر بەردەوامیی ئەرکەکەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پابەندبوونی وڵاتەکەشیان بۆ پشتیوانیکردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئابووری و بەردەوامی کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەردولا لە تەواوی بوارەکاندا.

51 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/5/2021 8:22:47 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ