هەواڵ
ناوەڕۆکی کۆبوونەوە هاوسەرۆکانی یەکێتیی و سەرۆکایەتی هەرێم ئاشکرا کرا
 ئاڕاستە : هەردی حەسەن

ئەمڕۆ سێ شەممە 4 ی ئایاری 2021 ، لە دەباشان هەڤاڵان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پێشوازییان کرد لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەیدقادر جێگرانی سەرۆکی ھەرێم .

لە دیدارێكدا كەهەریەکە لە هەڤاڵان ڕەفعەت عەبدوڵڵا و ڕزگار عەلی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و ئەمین بابە شێخ و د.میران محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوون، گفتوگۆ كرا دەربارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان و دۆخی سیاسیی ئێستا و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی نووسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی هەمەلایەنە و پێویستیی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكان و لێكتێگەیشتنی هاوبەش و كاری پێكەوەیی لە پێناو درووستكردنی متمانەیەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێككەوتنە ئیمزاكراوانەی كە لە نێوان لایەنەكان هەیە بە تایبەت لەسەر بابەتە نیشتیمانیی و ستراتیژییەكان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان.

هاوكات جەختكرایەوە لەسەر درووستكردنی كەشێكی ئارام و وەلانانی كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكان و دۆزینەوە و دیاریكردنی چوارچێوەیەكی هاوبەش كە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەكان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكان و بەرگریكردن لە مافەكان.

لە دیدارەكەدا هاوسەرۆكان سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی كە دەیبینێت بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان، هاوكات ڕووناكییان خستە سەر ئەو كێشە و گرفتانەی كە بوونەتە مایەی قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان. ڕوانینی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان دووپاتكردەوە بۆ یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان و گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و هەر پڕۆژە و بڕیارێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات.

وەك كوردیش بە پێویستیان زانی لێكتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان لایەنەكان درووست بكرێت و بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بكرێت لە پێناو داكۆكیكردنی زیاتر لە مافە نەتەوەییەكان و بەھێزی پێگەی كورد لە بەغدا بە تایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و نەفەوتانی دەنگی كورد.

لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هەڵوێست و ڕوانینە واقیعییەكانی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەنجامدانی كاری پێكەوەیی نێوان لایەنەكان.

46 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/4/2021 5:43:48 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ