هەواڵ
هه‌رێم 3100 شوێنی گه‌شتیاری هه‌یه‌
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
وه‌زاره‌تی گه‌شت و گوزاری هه‌رێم: لەئێستادا زیاتر لە 3100 شوێنی گەشتیاری جۆراوجۆر لەهەرێمی كوردستان هەیە كە لەو ژمارەیە 2900 شوێنیان بنكەو شوێنی گەشتیارین و 200 تریان شوێنی كلتوری و شوێنەواری و هاوینەهەوارین .

لەوبارەیەوە نادر روستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند: شوێنە گەشتیاریەكان لەهەرێمی كوردستان بریتین لەهۆتێل و مۆتێل و ریستوڕانت و گوندی گەشتیاری و چێشتخانەی خواردنی خێرا كە لە 610 هۆتێل و 319 مۆتێل و 2118 رێستورانت و 52 گوندی گەشتیاری پێكدێن لەموتێل و هۆتێلەكانیش 60 هەزارو 913 قەڕەوێڵەو 23 هەزارو 597 ژوور هەیە.

وتیشی: لەئێستادا زیاتر لە 480 كۆمپانیای گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان تۆماركراون كە 95% یان گەشتیار دەبەنە وڵاتانی دەرەوەی هەرێم و 5% یان بەگرووپ گەشتیار دەهێننە هەرێم و ژمارەكەش لەگۆڕاندایە و لەكاتی هەر سەرپێچیەك لەلایەن كۆمپانیاكان بەرامبەر گەشتیاران بەتایبەتی لەدەرەوەی هەرێم ، بەڕێوەبەرایەتیەكانمان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكەن كە بریتین لەئاگاداركردنەوەی كۆمپانیاكە دواتر پێ بژاردنی بەبڕێك پارەو پاشانیش داخستن و وەرگرتنەوەی مۆڵەت لەكۆمپانیاكە كە بەپێی جۆری سەرپێچیەكە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت كە چەندینجار سزای كۆمپانیامانداوە.

ئاشكراشی كرد: بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2020 بەبەراورد بەساڵی 2019 بەڕێژەی 78% كەمیكردووە كە لە 2020 دا 845 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم ، بەڵام لە 2019 دا 3 ملیۆن و 789 هەزارو  983 گەشتیار هاتوون ، بەڵام تائێستا هیچ ئامارێك گەشتیاری لەم چەند مانگەی 2021 مان لەبەردەستدانیە.

روونیشی كردەوە: لەئێستادا بەپێی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان سنوورەكانی ئێمە لەگەڵ شارەكانی تری عیراق داخراون بەر لەڕەمەزان رێپێدان بۆ گەشتیارانی عیراق هەبوو ، بەڵام رێژەكە كەم كرابووەوە بۆ نمونە هاتنی گروپی گەشتیار لەڕۆژانی هەینی و پشووەكان بۆ دروستنەبوونی قەڕەباڵخی قەدەغە كرابوون لەگەڵ ئەوەشدا گەشتیار لەجەژنی نەورۆزی ئەمساڵ هاتنە هەرێم و بەپێی رێنماییەكان دەبێت گەشتیار پشكنینی كۆڕۆنای پێبێت ئینجا رێگا دەدرێت بێنە ناو هەرێمی كوردستان.

باسی لەوەشكرد لەساڵانی رابردوودا زیاتر لە 100 كۆمپانیای گەشتیاری عیراقی گرووپی گەشتیاریان لەباشوورو ناوەڕاستی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە.

وتی : ئێستا لەپێنج زانكۆی هەرێمی كوردستان بەشی گەشتیاری هەیەو لەلای ئێمە ناسراون ، هەروەك لەپێنج پەیمانگاش بەشی گەشتیاری هەیەو سێ ئامادەیی گەشتیاریش ئێستا لەكوردستان هەن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: گەشتیار لەوڵاتانی وەك ئێران و توركیاو ئەڵمانیاو وڵاتانی تری ئەوڕوپاو چین دێنە هەرێمی كوردستان ، بەڵام لەئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا ژمارەیان زۆر كەمبۆتەوە.
55 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/4/2021 9:30:03 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ