هەواڵ
دوو تۆمەتبار لەسەر کوشتنی گەنجەکەی حاجیاوا دەستگیرکران
 ئاڕاستە : هەردی حەسەن

دوای ئەوەی ئەمشەوی ڕابردوو گەنجێکی تەمەن 33 ساڵان لە ناحیەی حاجیاوا بەدەستڕێژی گولە کوژرا ، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند لەسەر ئەم کەیسە دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون .

 
شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند " شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک دوای ئەوەی هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی حاجیاوا ئاگادار کرانەوە بە بوونی ڕووداوێکی تەقەکردن لە حاجیاوا گەڕەکی دابان، دەرکەوت کە کەسێک لە ڕوداوەکە دراوەتە بەر دەسڕێژی گوله‌ و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. دەست بەجێ هێزەکانمان ڕێکاری یاساییان گرتەبەر. لەشوێنی ڕوداوەکە چەند قەوانێکی چەکی کڵاشنکۆف دۆزرایەوە و وەک بەڵگەی تاوانکاری دەستیان بەسەردا گیرا " .

ناوبراو وتیشی "کەسەکە بەناوی (س،خ،پ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ پیشەی کاسب دانیشتوی حاجیاوا/دابان کە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیەوە هەبووە و گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە" .

وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد" مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە. لەسەر ڕوداوەکە ٢ کەس لە ئێستادا دەستگیر کراون و بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە" .

385 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/22/2021 4:29:19 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ