دۆسیە
ئەشکەوتی جاسەنە
 ئاڕاستە
گرنگی ئەشکەوتی جاسەنە لە مێژووی سیاسی و ڕۆژنامەگەری کوردیدا
ئەشکەوتی جاسەنە دەکەوێتە نزیک گوندی جاسەنە لە زنجیرە چیای پیرەمەگرون لەسەر ڕێگای دوکان – سلێمانی، بە دووری ٥٠ کم ڕۆژئاوای سەنتەری پارێزگای سلێمانی، لە ناوچــەی سورداش. ئەشکەوتەکە دەکەوێتە نێو دەربەندێک کە سەرەتای ئەشکەوتەکە دەرگایەکەی شێوە سێ گۆشەی هەیە و لە ناوەوە لە هۆڵێکی درێژ پێکدێت کە نزیک بە چل مەترێک درێژە. بەرزی ئەشکەوتەکە دەگاتە نزیکەی نۆ مەتر و بگرە لەهەندێک شوێنیشدا زیاترە و پانیەکەشی لەپانترین شوێندا زیاترە لە حەوت مەتر.
ئەشکەوتەکە لە ڕووی گەشتیاری دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە هەم لە دیوی دەرەوە هەم لە دیوی ناوەوە. هەروەها لە ڕووی مێژوویی و سیاسی و ڕۆژنامەگەریەوە ئەشکەوتی جاسەنە گرنگی خۆی هەیە لە مێژووی شۆڕشی گەلی کورد و لانکەی سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید بووە لە ساڵی ١٩٢٣. 
پاش هێرشی فڕۆکەکانی سوپای ئینگلیز لە ساڵی ١٩٢٣ بۆ سەر شاری سلێمانی کە ئەوکات ناوەندی دەسەڵاتدارێتی مەلیکایەتی کوردستان بو، شێخ مەحمودی حەفید و و شوڕشگێرانی هاوڕێی ئەشکەوتی جاسەنە دەکەنە پەناگەی خۆیان و سلێمانی جێدەهێڵن لەپێناو پاراستنی سەرو ماڵی خەڵکی سلێمانی، هاوشانی خۆیان چاپخانەی بەلەدیەیی سلێمانی لەگەڵ خۆیان دەبەن تا بتوانن لەڕێگەی ئەو چاپخانەیەوە زمانی شۆڕش بە  بەرزی بهێڵنەوە.

شێخ مەحمود و هاوڕێکانی لەم ئەشکەوتەدا چاپخانەکە دادەنێن و یەکەم ڕۆژنامەی تێدا بڵاو دەکەنەوە بەناوی بانگی حەق لە ٢ی ئازاری ١٩٢٣.ڕۆژنامەی (بانگی حەق) بەیەکەم ڕۆژنامەی سەردەمی شاخ و زمانحاڵی شۆڕشی کورد دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخی کوردا، کەئەوکات ئەحمەد خواجە سەرنوسەری دەبێت و سێ ژمارەی لێ دەردەکەن کە تەنها ژمارە (١ و ٣)ی لەبەردەست ماوە.

هاوکات ئەشکەوتی جاسەنە لە شۆڕشی نوێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا دژی ڕژێمی بەعس پەناگەیەکی گرنگی هێزەکانی پێشمەرگە بووە لە ناوچەی سورداش و دوکان و زنجیرە چیای پیرەمەگرون. لەئێستاشدا ئەشکەوتەکە بووەتە جێی سەنجی گەشتیاران و هەندێک لەو گەشتیارانەی بە مەبەستی شاخڕەوی سەردانی ناوچەکە دەکەن شەوان لەو ئەشکەوتەدا ڕۆژ دەکەنەوە.

168 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/17/2021 2:46:46 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ