هەواڵ
سەرۆک کۆمار باس لە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدیەکان دەکات
 ئاڕاستە


د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٤/٧ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی ئەنجومەنی ئێزیدی لە شەنگال.

لەو دیدارەدا دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و مرۆیی شەنگال و ئەو کێشانەی رووبەڕووی دانیشتوانی شەنگال دەبێتەوە گفتوگۆی لەبارەوەکرا. جەختیشکرایەوە لە پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ هێنانەدی ئاسایش و ئارامی لە شارەکەدا.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی زامنکردنی پێویستییەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ئێزیدی بۆ ناوچەکانی خۆیان، کە بەھۆی تیرۆر ناچار کران ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، هەروەها پێویستی لابردنی بەربەستە سیاسی و کارگێڕییەکان کە رێگرە لە بەردەم قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و کارکردن لەسەر رێکخستنی ئیدارەی شەنگال، پشتبەستن بە خواستی خەڵکی شەنگال و دوور خستنەوەی لە ململانێ سیاسییەکان و بونیادنانەوەی شارەکە و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەشکردنی یارمەتی ماددی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

لەلای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاس و پێزانیانی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار کرد، بۆ بەدواداچوونی بەردەوامی لەسەر دۆسێی ئێزیدییەکان، ھاوکات بەبایەخەوە رۆڵی سەرۆک بەرھەمیان بەرزنرخاند لە پەسەندکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزیدی و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و جەختکردنەوەی بەرێزیان لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی یاساکەدا لە زووترین کاتدا.

76 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/7/2021 4:32:42 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ