هەواڵ
هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە
 ئاڕاستە

پەیامی هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی لە ساڵیادی هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال وەک سەرۆککۆماری عێراق.

دەقی پەیامەکە:


یٔەمڕۆ شانزە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ کە یٔەو ڕووداوە وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە ژیانی سیاسیی عێراقی دوای دیکتاتۆری، بۆ گەلی کوردیش دەستکەوتێکی گرنگ بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کوردێکی سیاسەتمەدار و مامۆستا و خەباتگێڕ و دیپلۆمات و شارەزا بە هەڵبژاردنێکی یٔازادانە ببێت بە سەرۆككۆماری عێراق.
مامی گەورەمان بە حیکمەت و دانایی و پشوودرێژییەکەی سەرکەوتن و دەستکەوتی زۆری پێشکەش بە گەلەکەی کرد بە کورد و عەرەبەوە، توانی ببێتە نوێنەر و پارێزەری هەموو پێکهاتەکان، چەتری کۆکەرەوەی هەموو بیروڕا جیاوازەکان، پارێزەری دەستوور بوو، هەمیشە لەگەڵ یەکڕیزیی و تەبایی و سەقامگیری و پێکەوەژیان بوو، دیموکراسی و فیدراڵی کردە ناسنامەی عێراقی نوێ، هەر بۆیە نازناوی (صمام الأمان)ـی لێنرا.
لە ناوخۆشدا لەگەڵ یەکڕیزیی هەموو لایەنەکان بوو، دەستی هاوکاری و یٔاشتی و تەبایی بۆ هەمووان ڕادەکێشا، هەمیشە کاری بۆ بەهێزبوونی پێگەی کورد دەکرد لە بەغدا، یٔەو کاتەی مام سەرۆککۆمار بوو هەرێمی کوردستان گەشانەوە و بوژانەوەیەکی گەورەی بەخۆوە بینی.
یٔەمڕۆش کە بە شانازییەوە یادی یٔەو ڕۆژە پرشنگدارە دەکەینەوە، یٔێمە لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە خوێندکاری ڕێبازە پیرۆزەکەی مامی گەورەمان بین، بیروباوەڕە نەگۆڕەکانی مام دەکەینە پلان و بەرنامە و هەنگاوەکانی کارکردنی سیاسیمان، یٔێستاش لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە سیاسەت و ڕێبازەکەی سەرۆک مام جەلالە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە کۆتایی بە ململانێ کەسی و ‌بەرژەوەندییە حزبییەکان بهێنن و پێکەوە کار بکەین بۆ چەسپاندنی مافەکانی میللەتەکەمان و ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەین.
425 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/6/2021 8:14:42 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ