دۆسیە
بۆیه‌كه‌م جار له‌ ئاڕاسته‌وه‌ ڕاستی شەڕی هەكاری بزانە
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
شه‌ڕی هه‌كاری له‌نێوان قیاده‌ موقەتە ی  ئه‌وكاته‌ و پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی نوێ ڕوویدا كه‌تیایدا زیاتر له‌ 100 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و هاوكات دوای شه‌ڕه‌كه‌  (عه‌لی عه‌سكه‌ری و د. خالید و شێخ حسێن )به‌نامه‌یه‌كی مه‌لا مسته‌فا له‌لایه‌ن قیاده‌ مۆقه‌ته‌وه‌ كوژران.

3 پێشمه‌رگه‌مان له‌برس و سه‌رمایا ڕه‌قبونه‌وه‌

 حه‌مه‌ ڕه‌سوڵ مام ئاغا ناسراو به‌ (حه‌مه‌ هه‌ژار)  پێشمه‌رگه‌یه‌كی شه‌ڕی هه‌كاری تایبه‌ت به‌ ئاڕاسته‌ باسی شه‌ڕه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: ئێمه‌ دوای كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك و پێداویستی شه‌ڕ له‌دوای ئه‌وه‌ی سێ شه‌و و سێ ڕۆژ له‌ دۆڵه‌ نێ ماینه‌وه‌ هێزه‌كان به‌ڕێكه‌وتن له‌پێشدا  هێزه‌كه‌ی دكتۆر خالید و شێخ حسێن یه‌زیدی به‌ڕێكه‌وتن كه‌ ئه‌وان 400 بۆ 450 پێشمه‌رگه‌ بوون و به‌ئاسانی گه‌شتنه‌ ناوچه‌ی برادۆست و لۆلان ، ئه‌و هێزه‌ی ماینه‌وه‌ی 550 بۆ 600 پێشمه‌رگه‌ ده‌بووین كه‌ كاك (عه‌لی عه‌سكه‌ری) سه‌رپه‌رشتی ده‌كردین كه‌ هه‌ڵوێستی ئێرانیه‌كان گۆڕا و تۆپبارانیان كردین كاتێك به‌ڕێكه‌وتین و ڕێگه‌یان پێگۆڕین و توشی ناڕه‌حه‌تی بووین و له‌ (كێله‌ شینێ) 3 پێشمه‌رگه‌مان له‌برس و سه‌رمایا ڕه‌قبونه‌وه‌ كه‌یه‌كێكیان خه‌ڵكی سلێمانی بوو به‌هۆی ته‌م و مژه‌وه‌ سه‌رمان لێشێوابوو كه‌ هه‌رچه‌نده‌ كۆتای مانگی 5 و سه‌ره‌تای مانگی6 بوو به‌ڵام ساردوو سه‌رماو به‌فر بوو ئه‌و ساڵه‌ ، ئێرانیه‌كان نه‌یانده‌هێشت بچینه‌ ئه‌ودیوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ناو نان كڕین هه‌موو كات كۆپته‌رمان له‌سه‌ر بوو هێزه‌كان زۆرهیلاك و برسی بووین .

هه‌م كۆپته‌ری ئێرانیه‌كانمان له‌سه‌ربوو هه‌م سوپای توركیا

دواتر له‌ لۆلان یه‌كترمان گرته‌وه‌ كاك عه‌لی به‌رپرسی هه‌موو هێزه‌كه‌مان بوو ئاڕاسته‌ی ڕێگه‌ ڕۆشتن و نان په‌یداكردنمان لای كاك عه‌لی بوو له‌خوار ئه‌ویشه‌وه‌ شێخ حسێن  و د.خالید و ملازم عومه‌ر بوو كه‌ ڕۆڵێكی باشیان هه‌بوو تایه‌ری عه‌لی والی كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌م قسه‌ ڕۆشتووبون لای كاك عه‌لی هه‌م خاوه‌نی پله‌ و پایه‌ بوون له‌ لۆلان تووشی شه‌ڕی گه‌وره‌ بووین دواتر خۆمان گه‌یانده‌ مارسی رو كوردستانی باكور كه‌ بۆماوه‌ی 5 بۆ 6 رۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌ دواتر كه‌وتینه‌ ڕێ دوای 9 ڕۆژ ڕۆشتن كه‌ هه‌م كۆپته‌ری ئێرانیه‌كانمان له‌سه‌ربوو هه‌م سوپای توركیا كه‌ هه‌وڵیان ده‌دا ده‌رمان كه‌نه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ سنوری توركیا‌ دواتر كه‌ چه‌ند نامه‌یه‌كمان بۆماڵی مه‌لا مسته‌فا نارد كه‌ خۆمان لادابوو له‌ دژایه‌تی كردنی قیاده‌ی مۆقه‌ته‌ وتاره‌كه‌ی كاك عه‌لی ئه‌وه‌بوو قیاده‌ی مۆقه‌ته‌ ڕیگری نه‌كه‌ن لێمان و كێشه‌مان بۆ دروست نه‌كه‌ن بۆیه‌ چوینه‌ سنوری توركیا بۆ ئه‌وه‌بوو خۆمان لاده‌ین له‌ بنكه‌ و باره‌گاكانی قیاده‌ی مۆقه‌ته‌ هه‌تا گه‌شتینه‌ بازێ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌وسه‌ری ناوچه‌ی هه‌كارییه‌وه‌ كه‌ جیهازی ته‌له‌فوناتی ده‌ستی و پاره‌و خواردنمان ده‌ستكه‌وت كه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ نانیان به‌ فیشه‌ك پێ ده‌فرۆشتینه‌وه‌ . 


له‌هه‌موو لایەكەوە  ته‌قه‌ ده‌ستی پێكرد به‌ره‌و ڕوی ئێمە

له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌ شه‌ڕه‌كه‌ی هه‌كاری كرد و ووتی:له‌ساڵی 1978 دا كه‌ سه‌رده‌می شابوو له‌ 2/6/1978 به‌شێك له‌ هێزه‌كانی قیاده‌ی مۆقه‌ته‌ دزه‌یان كردبووه‌ ناو ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ باریان بۆ ئێمه‌ ده‌گواسته‌وه‌ رێگه‌یان له‌باره‌كان گرتبوو له‌ ئه‌و خواردنانه‌ی بۆ ئێمه‌ ده‌هات ، ئێمه‌ش ده‌مه‌و ئێواره‌ به‌ره‌و به‌رزایه‌كه‌ به‌ڕێكه‌وتین  بۆ به‌یانێكه‌ی 3/6/1978  له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ ته‌قه‌ ده‌ستی پێكرد به‌ره‌و ئێمه‌ كه‌ به‌ته‌واوی ڕۆژ بۆیه‌وه‌ بۆ مان ده‌ركه‌وت كه‌ كێ به‌رامبه‌رمانه‌ براده‌ران له‌ڕێگه‌ی ئه‌و جیهازانه‌ی ده‌ستمان كه‌وتبوو یه‌كترمان ئاگاداركرده‌وه‌ كاك عه‌لی و كاك خالید كه‌ له‌و كاته‌دا كاك عه‌لی تووشی نه‌خۆشی بوو به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌ كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی و 4/6/1978 كه‌ ده‌كاته‌ سێهه‌م ڕۆژ له‌ناوچه‌ی (بازه‌) سه‌ر به‌هه‌كاری ڕزگارمان بوو ئه‌و شه‌و و دوو ڕۆژه‌ تووشی شكستی گه‌وره‌ نه‌بوبوین ئێمه‌ 9 شه‌هیدامان هه‌بوو كه‌ 2 شه‌هیدیان له‌ هێزه‌كه‌ی ئێمه‌ بوون كه‌ ناویان (محمدی حه‌وڵاغا و ئه‌بوبه‌كری خاڵه‌ حه‌مه‌ی مه‌رگه‌ی ) به‌ڵام ئێمه‌ 13 ته‌رمی ئه‌وانمان له‌لابوو.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات:خه‌ڵكی ناوچه‌ وا تێگه‌ندرابوون كه‌ ئێمه‌ ماركسین و پیاوی به‌عسین به‌هه‌موو جۆرێك بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ دوژمنایه‌تیمان بكه‌ن ، به‌ڵام خه‌ڵك له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ هاوكاریان ده‌كردین و به‌شداری شه‌ڕه‌كه‌شیان كرد ، شه‌وی سێهه‌م كه‌ ویستمان له‌جێگه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ربازبین هێزه‌كانمان ڕێكخسته‌وه‌ به‌نیازبووین شه‌و ده‌ربازبین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ره‌به‌یاندا هێزه‌كه‌مان بچڕابوو كه‌ئه‌ویش له‌لای كاك عه‌لیه‌وه‌ بچڕابوو له‌و كاته‌دا هێزه‌كه‌مان بوو به‌دوو به‌شه‌وه‌ به‌شێكمان كاك خالید و شێخ حسێن و ملازم عومه‌ر كاك تایه‌ری عه‌لی كه‌وتن به‌لایه‌كدا ئێمه‌ش كه‌ قادر ئاغا  به‌رپرسمان بوو و كاك خالید ڕۆسته‌م بوو كاك عه‌لیش له‌ هێزه‌كه‌ی ئێمه‌ بوو به‌ڵام كاك عه‌لی به‌هۆی نه‌خۆشی و بێ توانای له‌شیه‌وه‌ له‌ئێمه‌ دابڕا ئه‌وڕۆژه‌ش تا ئێواره‌ شه‌ڕبوو ئێمه‌ خۆمان گه‌یانده‌ سنورێك كه‌ نه‌مانده‌زانی ئه‌و دیوی سنوره‌كه‌ عێراقه‌ یان كوێیه‌ ئه‌وه‌ بوو هاتین سنوری عێراق و توركیا بوو وه‌ هه‌ندێك  له‌ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌بوو كاك خالید ڕۆسته‌م كاك شێرزاد به‌رپرسی هێزه‌كه‌ی كاك عه‌لی بوو ، وه‌ هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه‌ و هێزانه‌ی دابڕابوون خۆیان دابه‌ده‌ست سوپای عێراقه‌وه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ماینه‌وه‌و خۆمان نه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌ نزیكه‌ی 57 پێشمه‌رگه‌بووین كه‌ خۆمان دابه‌ده‌ست قیاده‌ی مۆقه‌ته‌وه‌ بۆ شه‌وی چواره‌م 

كۆتایی شه‌ڕه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو هه‌موو هێزه‌كه‌مان له‌ناوچوو زیاد له‌ 100 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوو

له‌ كۆتایی وته‌كانیدا ده‌لێت:كۆتایی شه‌ڕه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو هه‌موو هێزه‌كه‌مان له‌ناوچوو زیاد له‌ 100 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوو دوای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ براینه‌ گوندی (شوشێ) له‌وێ كاك عه‌لیمان بینیه‌وه‌ بڕیاربوو كه‌ ڕێكه‌وتن بكه‌ین له‌گه‌ڵیان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مان كوژن ، به‌ڵام كاتێك نامه‌ی مه‌لا مسته‌فا هات له‌سه‌ر نامه‌ی مه‌لا مسته‌فا دوای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مانگێك بۆ 40 شه‌و لای ئه‌وان دیل بووین تا ئه‌و كات كاك عه‌لی عه‌سكه‌ری و كاك خالید و شێخ حسێن مابوو به‌ڵام دواتر كه‌سێك هات بۆ لامان ووتی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌ هه‌رسێكیانمان كوشتوون.
 


دکتۆر خالید و کۆمەڵێک پێشمەرگەی یەکێتی لە کارەساتی هەکاریدا



عەلی عەسکەری و کۆمەڵێک پێشمەرگە پێش کارەساتی هەکاری

وێنه‌ی هه‌رسێ شه‌هید كه‌ به‌ده‌ستی قیاده‌ی مۆقه‌ته‌ كوژران 
346 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/6/2021 1:05:33 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ