هەمەڕەنگ
هه‌موو زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی‌ ڕه‌نگی‌ ڕه‌ش بزانه‌ !
 ئاڕاستە:ڤانیا بێستون

ره‌نگه‌كان له‌رووی سایكۆلۆژیی و ده‌روونیه‌وه‌ كاریگه‌ری و مانای جیاوازیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ، به‌پێی توێژینه‌وه‌كانیش ره‌نگه‌كان دابه‌شكراون بۆ سێ به‌ش یه‌كه‌میان ئه‌و ره‌نگانه‌ی ده‌روون ئارام ده‌كه‌نه‌وه‌، دووه‌میان ئه‌و ره‌نگانه‌ی ئاره‌زووه‌كانت چالاك ده‌كه‌ن و سێیه‌میان ئه‌و ره‌نگانه‌ی كه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر جه‌سته‌ و ده‌روون هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌وترێت ڕۆژانه‌  پێویسته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ره‌نگه‌كان وریا بین بۆ جلوبه‌رگ وڕازاندنه‌وه‌ی‌  ناوماڵ. 

لێره‌دا باس له‌ ره‌نگی ره‌ش ده‌كه‌ین كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ره‌نگه‌ باوه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهان، هاوكات به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م ره‌نگه‌ مانای جیاوازی هه‌یه‌ له‌ لایه‌نی سلبی و ئیجابیش، له‌لایه‌كه‌وه‌ سه‌رنجڕاكێش و جوان و فه‌رمیه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ره‌نگێكی ناڕوون و شاراوه‌ و داخراوه‌ و جۆرێك له‌ خه‌مۆكی نیشان ده‌دات و ئاماژه‌یه‌ بۆ مه‌رگ، هه‌ندێك ره‌نگی ڕه‌شیان هێنده‌ خۆشده‌وێت بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ ژیانیان.
به‌ڵام ره‌نگی ره‌ش بۆ نینۆك كه‌ زیاتر خانمان به‌كاریده‌هێنن، كاردانه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ی دیكه‌ی له‌گه‌ڵه‌ و ئاماژه‌یه‌ بۆ بوونی سه‌روه‌ت و ده‌وڵه‌مه‌ندی یان بیركردنه‌وه‌ی جیاواز به‌رامبه‌ر ژیان.
بۆ جلوبه‌رگ ئه‌م ره‌نگه‌ ته‌واو ناوازه‌یه‌ و به‌گشتی هێمایه‌ بۆ هێز و شیكی و سه‌رنجڕاكێشی، هه‌ردوو ره‌گه‌زیش بێ جیاوازی ئاره‌زووی ده‌كه‌ن.
بێگومان به‌پێی زانسته‌كان ئاماژه‌ی جیاواز بۆ ره‌نگی ره‌ش هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌ رووی زانستی ده‌روونیه‌وه‌ به‌ مانای تاریكی و نهێنی و بوونی دیوارێكی گه‌وره‌ دێت له‌نێوان مرۆڤ و جیهان یان ژیان، یاخود نه‌بوونی متمانه‌ به‌خۆبوون.
له‌ مێژوودا ئه‌م ره‌نگه‌ به‌ مردن و لایه‌نێكی سلبی لێكدانه‌وه‌ی بۆ كراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌نگێكی زۆر باو بووه‌ و له‌نێوان هه‌ردوو چینی رۆشنبیر و نارۆشنبیر، لای یۆنانیه‌كان و رۆمانیه‌كان به‌ ره‌نگی مه‌رگ ناسراوه‌، به‌ڵام له‌ مێژوو میسریه‌كان به‌ ره‌نگی ژیان ناسراوه‌.
359 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/5/2021 10:40:09 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ