هەمەڕەنگ
ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ی‌ كه‌هه‌موو ساڵێك به‌قۆپی‌ ده‌رچووه‌ ڕوون كردنه‌وه‌ ده‌دات
 ئاڕاستە:ڤانیا بێستون



ئاشنا فه‌لاح به‌ڕێوبه‌ر و خاوه‌نی په‌یمانگه‌ی ئاشنا بۆ گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و فێركردنی زمان  له‌دوای‌ به‌شداری‌ كردنی‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ (100) پرسیاری‌ كه‌ناڵی‌ ئاڤا تیڤی‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕاگه‌یاند :" له‌ پۆلی 2ی ناوه‌ندیه‌وه‌ به‌ قۆپی ده‌رچووم و له‌ زانكۆش ئیبداع و داهێنانم له‌ قۆپیه‌ كردووه‌.

جێی‌ باسه‌ له‌دوای‌ پرۆگرامه‌كه‌ هه‌موو سۆشیال میدیا به‌ته‌واوی‌ ڕه‌خنه‌ و پێشنیاریان بۆ خاتوو ئاشنا خسته‌ ڕوو و ڕه‌خنه‌باران كرا له‌لایه‌ن كه‌سانی‌ دیار و شاره‌زاوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌رخستنی‌ شێوازه‌ قۆپیی‌ كردنی‌ له‌ قوتابخانه‌و خوێندنی‌ زانكۆش .

د.فه‌رهاد پیرباڵ  له‌ پێگه‌ی‌ فه‌یس بووكی‌ خۆی‌ ڕه‌خنه‌ له‌ خاتوو ئاشنا ده‌گرێت و ده‌ڵێت :
" تۆ كه‌ ساقیتی چۆن ده‌بێ ببیت به‌به‌ڕێوه‌به‌ر؟
ئه‌گه‌ر حكومه‌تیش ساقیت و بێ كه‌ڵك نه‌بێ چۆن ده‌تكاته‌ مودیر؟
زبڵ زبڵ ئاخخخ".

سه‌رباری‌ ئه‌مانه‌ به‌ڕێوبه‌ر ئاشنا فه‌لاح له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی‌ لێی‌ گیرا ڕوون كردنه‌وه‌ بۆ ڕای‌ گشتی‌ ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت :-
"هاوڵاتیانی كوردستان، په‌روه‌رده‌كاران، میدیاكاران و مامۆستایانی به‌ڕێز.
به‌ پێویستی ده‌زانم ڕوونكردنه‌وه‌ بده‌م ده‌رباره‌ی بابه‌تێك له‌سه‌ر من دوای به‌شداریكردنم له‌ به‌رنامه‌ی ١٠٠ پرس كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌واو ته‌رفیهیه‌ له‌ كه‌ناڵی ئاسمانی ئاڤا ئینته‌رته‌یمێنت.
له‌و به‌رنامه‌یه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی گه‌مه‌ ئامێز و بۆ گاڵته‌ و گه‌پ (كه‌ ستایلی به‌رنامه‌كه‌ وا ده‌خوازێت) باسی قۆپیه‌كردن له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌ كرا، به‌ڵام به‌ شێوه‌كی فراوان، ره‌نگه‌ پلان بۆ داڕێژراو و دوور له‌ هه‌ر به‌هایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌چاوكردنی كه‌سایه‌تی ئێمه‌ له‌ سۆشیاڵ میدیا ده‌ستكراوه‌ به‌ ناوزڕاندن و له‌كه‌داركردنی كه‌سایه‌تیمان.

له‌ كاتێكدا به‌ ڕوونی رایده‌گه‌یه‌نم كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ كاره‌دا نیم و هه‌رگیز به‌هانه‌ی بۆ ناهێنمه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا من خۆم یه‌كێكم له‌و ڕاهێنه‌رانه‌ی كه‌ سه‌دان و هه‌زاران قوتابی و منداڵی شاره‌كه‌مم پێگه‌یاندووه‌ و په‌روه‌رده‌یه‌كی دروستمان پێبه‌خشیون به‌ شاهیدی دایك و باوكیان.

هه‌ر بۆیه‌ زیاتر له‌ جارێك به‌شداریان به‌ منداڵه‌كانیان كردۆته‌وه‌ له‌ خول و چالاكییه‌كانماندا.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌دان سیمینار و چالاكیمان ئه‌نجامداوه‌ له‌ بواری گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و شا رێگای ڕاستی زانست و زانیاری و هه‌وڵ و كۆششدانمان بۆ ئاماده‌بووان خستۆته‌ ڕوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێشتا خۆمان به‌ قوتابی ده‌زانین و له‌ هه‌وڵ و گه‌ڕان بۆ زانست و خۆ په‌روه‌رده‌كردن نه‌وه‌ستاوین و پێمان وایه‌ تازه‌ له‌سه‌ره‌تای رێگه‌داین بۆیه‌ به‌رده‌وام له‌ كۆرس و خولی فێركاری به‌شدار ده‌بین.

له‌ كۆتاییدا جگه‌ له‌وه‌ی دووپاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز بانگه‌شه‌ بۆ هیچ جۆره‌ كارێكی ساخته‌ و نا دروست ناكه‌ین، چ جای له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و فێركردن كه‌ خۆمان له‌ كایه‌كه‌داین هه‌م وه‌ك قوتابی، هه‌م وه‌ك په‌روه‌رده‌كار، دڵنیایی ده‌ده‌ین كه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر كاری خۆمان و درێژه‌ به‌ كاروانی په‌روه‌رده‌یی ده‌ده‌ین و كوالیتی باشتر و خزمه‌تی زیاتر به‌ به‌شداربووانمان ده‌كه‌ین و له‌ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌ ناوه‌ستین."

له‌گه‌ڵ رێزدا..
ئاشنا فه‌لاح















598 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/1/2021 11:48:29 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ