ئەمرۆ ، پێنج شەممە ، ٢٦ ی ١١ ی ٢٠٢٠ ، لاهور شێخ جەنگی ، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ، لە شاری سلێمانی پێشیوازیکرد لە عەدنان دەرجال وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق و وەفدێکی هاورێی.
لە دیدارێکدا کە حەمەی حەمە سەعید ، وەزیری رۆشنبیریی لاوانی حکومەتی هەرێم ئامادەیبوو ، گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگی هەمئاهەنگی نیوان هەرێم و بەغدا لە بواری وەرزش.
لە دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی بە ووردی باسی لە رەوشی وەرزشکرد لە هەرێمی کوردستاندا و پشتیوانی تەواوی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ هەر پرۆسەیەکی چاکسازیی و پێشخستن و گۆڕانکاریی وەرزشی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە سلێمانی شارێکی پر ووزە و جوڵەیە و جیاوازە لە چاوشارەکانیتر لە بواری وەرزشدا بەپێی ئەو گرنگییەی کە پێی دراوە.
وتیشیی وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەوڵمانداوە لە بەپێی توانا هاوکاری وەرزش و وەرزشکاران بکەین لە هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا یاریگایەکی نێودەوڵەتیمان پێشکەش بە شاری سلێمانی کرد.
داواشی لە وەزیری لاوان و وەرزشی عێراقکرد کە هاوکاربێت و گرنگی بدات بە وەرزش لە هەرێمی کوردستاندا ، هەوڵبدرێت بەشێک لە خول و چالاکییە وەرزشییەکان بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان ، رێگەش نەدرێت وەرزش تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت.
وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق-یش سوپاسی لاهور شێخ جەنگی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ئەو ڕوانین و سەرنجانەی کە هەیەتی بۆ پێشخستنی وەرزش لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
هاوکات ستایشی رۆڵی حەکیمانەی لاهور شێخ جەنگی کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نیوان هەردوولا.
خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ دروستکردنی یاریگایەکی نێودەوڵەتی لە سلێمانی و وتیشی سبەینێ سەردانی ئەو پرۆژە گرنگە دەکات.
راشیگەیاند وەک وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق بە یەکچاو دەڕوانمە هەموو پارێزگاکانی عێراق ، دەمانەوێت کاری هاوبەش ئەنجام بدەین لە بواری وەرزش و هەوڵبدەین کەرتی تایبەت بەشدار پێبکەین لە وەبەرهێنانی کەرتی وەرزشی لە هەمووعێراقدا.