سلێمانی.. پیاوێك هاوسەرهكهی و خهسووی دەداتە بەر چەقۆ
ئاڕاسته:بههار ئهحمهد
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە پیاوێك لە ناوچەی تاسڵوجە هەریەك لە هاوسەر و دایكی هاوسەرەكەی دەداتە بەر چەقۆ و برینداریان دەكات و وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت ، " لە ئێستادا تۆمەتبارەكە دەستگیركراوە".
سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ٢٤ی تشرینی دووەم لە ناوچەی تاسڵوجە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەنێوان خێزانێك ڕوویداوە، بەهۆیەوە پیاوێك هێرشیكردوەتە سەر ماڵی خەزوری و دوو چەقۆی لە خەسوی داوە و دواتر دوو چەقۆی دیكەی لە هاوژینەكەی داوە".
ئەوەشی خستەڕوو، دوو بریندارەكە باری تەندروستییان جێگیرە و لە نەخۆشخانە لەژێر چارەسەركردندان.
وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە دوای ڕووداوەكە تۆمەتبارەكە هەڵهاتووەو دواتر لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركراوە و لێکۆڵینە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
|