ترافیک
دوای‌ چوار مانگ له‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یاندا سووتان
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
محەممەد چوار مانگ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو، ئێوارەی رۆژی هەینی لەگەڵ هاوژینەکەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیان لەسەر رێگەی نێوان ئاخجەلەر - گۆپتەپە پێکەوە سووتان و گیانیان لەدەستدا.
 
ئەو رووداوە هاتووچۆیەی ئەو دوو هاوژینە تێیدا گیانیان لەدەستدا، کاژێر 05:00ـی ئێوارەی رۆژی هەینی لە نزیک گوندی عەسکەر روویدا، دوو ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و سێ کەس تێیدا سووتان. 
 
محەممەد سابیر تەمەنی 22 ساڵان بوو و کۆچەر لەتیفی هاوژینیشی تەمەنی 20 ساڵان بوو، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەیان، سەرەتا تەرمەکەیان نەناسراوەتەوە.
 
شڤان هاوڕێی منداڵی محەممەد بوو، ئەو قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "محەممەد خەڵکی گوندی گۆپتەپەی شەهیدە لە سنووری قەزای ئاخجەلەر، چوار مانگ پێش ئێستا ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و هەر لەو گوندە دادەنیشت". 
 
محەممەد بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خێزانەکەی کە تازە پێکەوەی نابوو، لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیش لە سنووری کانی شەیتانی سەر بە شارۆچکەی تەکێ کاری دەکرد. 
 
سەرەتا تەرمی محەممەد سابیر و هاوژینەکەی بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەیانەوە نەناسراوەتەوە، شەریف رەحیم، گوتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ لەبارەی رووداوەکە له‌ لێدوانێكدا رایگەیاند: تیمێکی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە، ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو دوو کەسە هاوژینی یەکدین و تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵاندایە. 
 
لە دوایین پۆستی فەیسبووکیدا، کۆچەر بۆ محەممەدی هاوژینی نووسیوە، "هیچ شتێک لە پێکەوەبوونمان جوانترنییە، تاقانەی دڵم".
 
هەر لەو رووداوەدا کەسێکی دیکەش سووتا کە لەگەڵ کوڕەکەیدا لەو ئۆتۆمبێلەدا بوون لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەی محەممەد و هاوژینەکەی پێکیاندادابوو کە لە جۆری ئۆپڵ بوو. ئەو کەسە لەگەڵ کوڕێکیدا بوو و تەمەنی 55 ساڵان بوو، خۆی بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەی گیانی لەدەستدا و کوڕەکەیشی برینداربوو. 

141 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/21/2020 9:52:04 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ