هەواڵ
نه‌خۆشیه‌كی‌ پێستی‌ مه‌ترسیدار بلاَوده‌بێته‌وه‌
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
لە ماوەی (10) مانگدا (200) هاوڵاتی سنووری ئیدارەی گەرمیان تووشی نەخۆشی لیشمانیا بوون و پسپۆرانیش دەڵێن، ئەو نەخۆشییە لە جرج و سەگی بەرەڵاوە لەڕێگەی مێشولەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

لیشمانیا یان زامی بەغدادی، ناوی نەخۆشییەكی پێستەو دەبێتە هۆی دروستبوونی برین لەسەر پێستی تووشبوو، لە ساڵی (2014) ەوە ئەو نەخۆشییە بە ڕێژەیەكی زۆر ساڵانە تووشی هاوڵاتیانی گەرمیان دەبێت.

سەرەتا نەخۆشییەكە لەناو كامپی ئاوارەكاندا بڵاوبوویەوەو دواتر زیاتر تەشەنەی كرد، ئەویش بەهۆی كەمی خزمەتگوزاری تەندروستی لەناو كامپەكان و نەبوونی خاوێنی و بوونی مێشولەیەكی زۆر لە كامپەكاندا.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان، لە سەرەتای ساڵەوە تاكۆتایی مانگی (10) لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكە (200) حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەكە تۆمار كراوە.

جیا لە مرۆڤ، نەخۆشییەكە تووشی ئاژەڵیش دەبێت و بەهۆی جۆرە بەكتریایەكەوە دروست دەبێت كە لەناو مێشولەی ساندفلادا هەیە، ئەو مێشولەیەش زۆر بچووكەو لەكاتی فڕیندا بێ دەنگە، لە كەشی گەرم و شێدارداو لەسەر خوێنی مرۆڤ و ئاژەڵ دەژی، هەر ئەو میشولەیە هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشییەكەیە لە تووشبوویەكەوە بۆ تووشبوویەكی دیكە.

لە ئەمساڵدا لە گەرمیان دوو جار هەڵمەتی قەڵاچۆكردنی مێشولە بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتاش نەیتوانیوە ڕێژەی تووشبوان بە ڕادەی بەرچاو كەمبكاتەوە.

(موحەمەد عیسام) یەكێك لە تووشبووەكانی سنوورەكەیەو باس لە سەرەتای دەركەوتنی نەخۆشییەكە دەكات و دەڵێت: سەرەتا پێستم سووربووەوەو دەخورا، دوای چەند ڕۆژێك بوو بە برین، ئێستا هەموو چوارشەمەیەك سەردانی نەخۆشخانەی گشتی كەلار دەكەم و دەرزییەك لە شوێنی برینەكە دەدەم، دەرزییەكە لە دەرەوەی نەخۆشخانە زۆر گرانەو لە كڕین نایەت.

ئەو دەرزییەی بۆ چارەسەری لیشمانیا بەكاردێت، بەسێ جۆر لە برینەكە دەدرێت، لەڕێگای دەمارو شوێنی برینەكەو بەڕێگەی گازی نایترۆجین.

(موحەمەد) دەڵێت، كە پێشتریش خوشكەكەی تووشی هەمان نەخۆشی بووەو ماوەی ساڵێكی خایاندووە تا چاك بۆتەوە.

بەشێك لەو نەخۆشیانەی تووشی مرۆڤ دەبن، بەزۆری دابەشبوون بەسەر وەرزەكاندا، بۆنموونە لەهەردوو وەزری پایزو زستاندا، ئەنفلەوەنزا (هەڵامەت) بە زۆری بڵاودەبێتەوە، نەخۆشیەكانی پێستیش، لە وەرزی هاویندا بە زۆری دەردەكەون و ڕوو لەزیادبوون دەكات.

(لاوین زەید) پزیشكی پسپۆری پێستـەو دەڵێت، راستە نەخۆشییەكە لە وەرزی هاویندا دروست دەبێت، بەڵام لە مانگی (12 – 1) دا بە تەواوەتی دەردەكەوێت و گەشە دەكات، مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەكە دروست ناكات، بەڵام بۆ ماوەیەك كە لەنێوان شەش مانگ بۆ زیاتر لە (12) مانگدایە، لەسەر جەستەی تووشبوو دەمێنێتەوە، پاش تەواوبوونی سوڕەكەیی و وشكبوونی، شوێنەكەی وەك پەڵەیەك لەسەر پێستەكە دیار دەبێت.

وەك (موحەمەد مەدحەت) بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییە گوازراوەكان لەبەرێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان باسی دەكات، زۆرترین ڕێژەی توشبوونی نەخۆشی لیشمانیا لەناو سەنتەری شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و شارۆچكەی كفری و دەوروبەریەتی.

پسپۆران ئاماژە بەوە دەكەن، كە لە گەرمیان زیاتر نەخۆشییەكە لە جەستەی جرج و سەگی بەرەڵاوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، پێویستیشە مەرهەمی (ئارۆمومیسین) و دەرزی (بینتۆستام) بەكاربهێنرێت بۆ نەمانی برینەكە، هەروەها دووكەڵی تایبەت بە قەڵاچۆكردنی نەخۆشییەكە لەو شوێنانەی نەخۆشیەكە بوونی هەیە‌ بڕژێندرێت.

رۆژنیوز نووسیویەتی، بۆ یەكەمجار، لیشمانیا لە ساڵی (1885) لەلایەن پزیشكێكی بەریتانی بەناوی (كانینگهام) وەك نەخۆشی دۆزرایەوە، (30) جۆر لیشمانیا هەیەو (24) یان لەسەر پێستی مرۆڤ دەردەكەون، ئەوانی دیكەش تووشی ئەندامەكانی ناوەوەی جەستە دەبێت وەك جگەر، ڕیخۆڵە، مۆخی ئێسك و غودەكان
837 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/21/2020 9:36:20 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ