ترافیک
هاتوچۆی‌ سلێمانی‌: سزای‌ سه‌رپێچیكران قورسترده‌كات
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام
هاتوچۆی سلێمانی هۆشداری دەدات لەوەی، بەهۆی دواكەوتن‌ و كەمكردنەوەی موچە و هەروەها بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە، زەمینەی لێپرسینەوە و سزادانی سەرپێچیكاران سەخت بوە و سەرپێچیی شۆفێران زیادیكردوە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، لە رۆژی جیهانیی یادكردنەوەی قوربانیانی روداوەكانی هاتوچۆدا پەیامێكی بڵاوكردەوە، ئاشكرایكردووە، بەپێی داتاكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵی ڕابردو لەهەر 24 چركەیەكدا كەسێك بە روداوی هاتوچۆ گیانیلەدەستداوە، ڕێژەكەش تادێت رو لەهەڵكشان دەكات بەهۆی زیادبونی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی عیراق لەساڵی 2008 تاوەكو ساڵی 2018، بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە نزیكەی 23 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و 79 هەزار كەسیش برینداربون‌، بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمیش، ساڵانە زیاتر لە هەزار كەس بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە گیانلەدەستدەدەن‌ و 10 هەزار كەسیش برینداردەبن.

هاتوچۆی سلێمانی‌ داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات، بودجەی تایبەت‌ و ستراتیژێكی نیشتیمانی بۆ كەمكردنەوەی قوربانیانی هاتوچۆ دابڕێژێت‌، بەشێك لەو داهاتەی بەناوی ژینگە و ڕێگەوبان لەشۆفێران وەردەگیرێت، بخرێتە سندوقێكی تایبەتەوە و پارەكەی بۆ بواری پەرەپێدانی هاتوچۆ خەرجبكرێتەوە.

هاتوچۆی سلێمانی ئاشكراشیكردووە، ئەمساڵ سەرپێچیی شۆفێران زیادیكردوە، ئەوەش بەهۆی بارودۆخی گشتییەوە، زەمینەی لێپرسینەوە و سزادانی سەرپێچیكاران سەخت بوە، بەو پێیەی دۆخی ئەفسەران‌ و كارمەندان دژوار و نالەبارە بەهۆی دواكەوتن‌ و كەمكردنەوەی موچە، هەروەها بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا، ئەمە جگە لە بێباكیی بەشێكی زۆری شۆفێران.

ساڵانە لە سێیەم یەكشەممەی مانگی تشرینی دووەمدا رۆژی جیهانیی یادكردنەوەی قوربانیانی روداوەكانی هاتوچۆیە، ئەو رۆژە لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە دیاریكراوە.

245 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/15/2020 11:31:03 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ