زانست
توویته‌ر : ئه‌و حه‌وت ده‌زگایه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ بۆیان هه‌یه‌ براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مه‌ریكا رابگه‌یه‌نن
 ئاڕاستە:ڤانیا بێستون

 توویته‌ر، زانیاری زیاتری له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی سیاسه‌تی خۆی، به‌ڕێگه‌دان به‌ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژادنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا، ئاشكرا ده‌كات.

توویته‌ر ئاشكرایكرد ته‌نیا 7 ده‌زگای میدیایی ده‌كرێ وه‌ك سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو ته‌ماشا بكرێن بۆ ئاشكراكردنی ناوی براوه‌ی پێشبڕكێكانی سه‌رۆكایه‌تی وڵات و توویته‌ر رێگه‌ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانیان له‌سه‌ر تۆڕه‌كه‌ی ده‌دات.

لیستی ئه‌و ده‌زگایانه‌ی توویته‌ر رایگه‌یاندووه‌ بریتین له‌: ABC News ، تۆڕی هه‌واڵی CNN ، ئاژانسی AP, CBS News، Decision Desk HQ، Fox News و NBC News. 

نووسینگه‌ی بڕیار له‌ تۆڕی Fox News، به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی متمانه‌دار داده‌نرێت و خاوه‌ن رێزێكی زۆره‌ له‌ نێو میدیاكاندا و لای به‌رپرسانی سیاسیش، توویته‌ر له‌باره‌ی ئه‌و نووسینگه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ، نووسینگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌تۆڕه‌كه‌یه‌ و پاش لێكۆڵینه‌وه‌ لێیان، ده‌ركه‌وتووه‌ جێگه‌ی متمانه‌ن.

پێشتر توویته‌ر رایگه‌یاندبوو، به‌ر له‌ رێگه‌دان به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر توویت و هه‌واڵێك له‌باره‌ی كه‌سی ده‌رچووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌، یان ده‌بێ لێدوانی پشتڕاستكراوه‌ی به‌رپرسانی هه‌ڵبژاردنی له‌ ویلایه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ توویته‌كاندا هه‌بێت، یان راگه‌یاندنێكی گشتی لانیكه‌م دوو سه‌رچاوه‌ی رۆژنامه‌وانیی نیشتمانی فه‌رمی له‌گه‌ڵدا بێت.

توویته‌ر ئاشكرایكردووه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و حه‌وت ده‌زگا میدیاییه‌، له‌ ماڵپه‌ری خۆیه‌وه‌ له‌ 'توویته‌ر' ئه‌نجامی سه‌ركه‌وتنی یه‌كێك له‌ به‌ربژێره‌كان رابگه‌یه‌نێت، له‌ كاتێكدا هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستنه‌كردبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ رێگه‌ی لێناگرێت، به‌ڵام هه‌موو دامه‌زراوه‌یه‌كی دیكه‌ی میدیایی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حه‌وت ده‌زگایه‌، ده‌بێ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی به‌ربژێره‌كان، پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی‌ سه‌ره‌وه‌ بن.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی توویته‌ر، ئه‌گه‌ر په‌یامنێر یان به‌كاربه‌رێكی تۆڕه‌كه‌، له‌ توویتێكدا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاوبكاته‌وه‌، به‌بێئه‌وه‌ی پشتی به‌یه‌كێك له‌و حه‌وت ده‌زگا باوه‌ڕپێكراوه‌ به‌ستبێت، ئه‌وكات 'توویته‌ر' توویته‌كه‌ ده‌سڕێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ دانانی تێبینییه‌ك له‌سه‌ری كه‌ ده‌ڵێ 'سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كان هێشتا ناوی براوه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه‌'.

هۆشداری و ڕێنماییه‌كانی‌  توویته‌ر، بۆ رێگرتن له‌ دروستكردنی سه‌رلێشێوان و گه‌یاندنی زانیاری نادروسته‌ به‌خوێنه‌ره‌كانی، له‌ كاتێكدا پێشبینیده‌كرێت ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری توویت له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌.

ماڵپه‌ری 'ئیكسیۆس' ئاشكرایكرد سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ، به‌نزیكه‌كانی خۆی راگه‌یاندووه‌ ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌، سه‌ركه‌وتنی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا راده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر به‌ 'پێشكه‌وتوو' له‌ ده‌نگدانی پێشوه‌ختدا ده‌ربكه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی كۆی ده‌نگدانیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌بێت، به‌ڵام تره‌مپ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و هۆشداریدا له‌ ساخته‌كاری له‌ ده‌نگداندا.

ئه‌وه‌ هه‌ر 'توویته‌ر' نییه‌ كار به‌و رێنوێنییه‌ تایبه‌ته‌ ده‌كات، به‌ڵكو زۆرینه‌ی سۆشیال میدیاكان هه‌مان هۆشداری و رێسایان راگه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مساڵی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، سرووشتێكی ئاسایی و باویان نییه‌.
99 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/3/2020 11:46:46 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ