هەواڵ
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات وداوا یەکیشیان ئاڕاستە دەکات
 ئاڕاستە

بەبۆنەی یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆک کۆماری عێراق د. بەرھەم ساڵح، وێڕای پیرۆزبایی لە سکرتێری گشتی رێکخراوەکە رایدەگەیەنێت پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان درێژەیان هەبێت بۆ بەگژداچوونەوە و بنبڕکردنی سەرچاوەکانی دارایی تیرۆر لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا.

سەرۆک کۆمار دووپاتیشیکردەوە عێراق هەنگاودەنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی بەتاڵانبراو و راوەدونانی گەندەڵکاران لەپێناو وشکردنی سەرچاوەی داهاتی تیرۆر و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان.

دکتۆر بەرهەم لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد کە  پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکار بێت بۆ زامنکردنی پاک و بێگەردی هەڵبژادنی داهاتوو دوور لە ساختەکاری و فروفێل. 

سەرۆک کۆمار روونیشیکردەوە گەنجانی عێراق چاویان لە سازدانی گۆڕانکارییە کە لەگەڵ خواستی ئەوان یەکبگرێتەوە و سەردەمی ئازار و نەھامەتییەکانیان  تێبپەڕێنێت و سود لە سامان و خێروبێری وڵاتەکەیان ببینن لە رێگەی حکومڕانیەکی دروست.

سەرۆک کۆمار داوای درێژەپێدانی پشتیوانی نێودەوڵەتیشی بۆ عێراق کرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. 

ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمارە: 

بەڕێز سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتریش گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە ئێوە و لە تەواوی ستافی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەم بەبۆنەی 75 مین ساڵیادی دامەزراندنیەوە. 

ئەمڕۆ عێراق وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووەکان پشتیوانی ئەو بەها و پرەنسیپانە دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی جیهانی بەرزی کردوونەتەوە، سه‌ره‌ڕای پشتیوانی له‌ ده‌ستپێکردنی دیالۆگ له‌ پێناو کەمکردنەوەی گرژیی و رێگریکردن لە ناکۆکییەکان و پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ.

هاوکات عێراق جەخت لەو رۆڵە پێشەنگەی رێکخراوەکە دەکاتەوە کە لەیەکخستنی بەرژەوەندی وڵاتانی ئەندام دەیبینێت، لەپێناو  پتەوکردنی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان کە خزمەت بە تەواوی گەلانی جیهان بکات.

لەم ساتەوەختە قورسەدا کە جیهان رووبەڕووی کۆڤید 19 بووەتەوە بە هەموو لێکەوتە تەندروستی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیەوە، هیواخوازم ئەمە دووبارە ببێتە مایەی سەرنجدان لەگرنگی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەکان و ئەو رۆڵە ئیجابیەی  رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە رووبەڕووبونەوەی پەتای کۆرۆنادا دەیبینن. 

ئەمڕۆ جیهان لە بەردەم ئاسته‌نگی دیکەدایە، کە لەپێشترینیان تیرۆرە و عێراق ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵدا هەیە، بەڵام بە یەکریزی گەل و تێکڕای هێزە ئەمنییەکان  و بە پشتیوانی هاوپەیمانان و دۆستەکان توانیان گورزێکی کەمەرشکێن لە تاقمی داعش بوەشێنن، بەڵام هێشتا جەنگی دژ بە تیرۆر بەردەوامە و پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان درێژەیان هەبێت بۆ بەگژداچوونەوە و بنبڕکردنی سەرچاوەکانی دارایی تیرۆر لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەو پێیەی ئابووری سیاسی توند و تیژی و تیرۆرە، ئێستاش عێراق سه‌رقاڵی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی بەتاڵانبراو و راوەدونانی گەندەڵکارانه‌.

لێرەوە جارێکی دیکە داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین درێژە بە پشتیوانیکردنی گەلی عێراق بدەن لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکاندا، هاوکات هەڵبژاردنێکیشمان لە بەردەمە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان زامنی پاک و بێگەردی و ئیرادەی سەربەخۆی هاووڵاتیانی بکات دوور لە ساختەکاری و فروفێل، هەروا گەنجانی عێراق چاویان لە سازدانی  گۆڕانکارییەکه‌ لەگەڵ خواستی ئەوان یەکبگرێتەوە و سەردەمی ئازار و نەھامەتیەکانیان تێبپەڕێنێت و بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاوبنێن کە هاووڵاتیان تیایدا سود لە خێروبێری وڵاتەکەیان ببینن لە رێگەی حکومڕانییەکی دروست و دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری تەواو کە ببێتە مایه‌ی ئەوەی وڵات خاڵی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندی هاوبەشی گەلان بێت لە ناوچەکە و جیهاندا، نەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە و ململانێکان.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەم بەبۆنەی  75 مین ساڵەی دامەزراندنیەوەو بەو پەڕی شکۆشەوە یادی سێرجیۆ دیمیلۆ نوێنەری سکرتێری پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق دەکەینەوە کە بەدەستی تیرۆری گیانی سپارد، هەروا ئەو کارمەندانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوشانی عیراقییەکان گیانی خۆیان بەختکرد، ئیرادەی ئەوان زۆر بەهێزتر بوو لە پلانی تیرۆرستان کە مەرامیان پەکخستنی کاروانی ئاشتی و ئازادی بوو. 

بەرھەم ساڵح 
سەرۆک کۆماری عێراق
53 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/24/2020 9:02:42 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ