هەواڵ
‎كۆسرەت ڕەسول پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە كوردستانیان دەكا
 ئاڕاستە


‎بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بەناوی خۆم و هەڤاڵانم لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزباییەكی گەرمتان ئاراستە دەكەم، هیوادارم خوای گەورە ڕۆژوو تاعەت و عیبادەتی هەموو لایەكمانی قبوڵ كردبێ و ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ گەلەكەمان و زاڵبین بەسەر قەیرانەكان.
‎ئەمساڵ جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز هاوكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆناو قەیرانی دارایی و وەستانی جموجۆڵی بازرگانی و داراییە لە جیهان و ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی، كە بێگومان ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق دروستكردووەو هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی ژیانێكی قوڕس كردۆتەوە و كارو كاسبی وەستاوەو ژیان شێوازێكی جیاوازتر لەجارانی وەرگرتووە، ئەركە لەسەر هەموومان لەهێزو لایەنە سیاسییەكان هاوكارو پشتیوان بین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەو پێویستیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكاو لەسەرووی هەموویانەوە بەدەم داواكاری هاووڵاتیانەوە بێ و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین بكاو مووچە لەكاتی خۆی دابەش بكات.

‎هاونیشتمانیانی خۆشەویست....
‎ئەم دۆخەی ئەمڕۆ لەكوردستان هەیەو كوردستانیانی گیرۆدە كردووە پێویستی بە بڕیاری بوێرانەو حەكیمانە هەیە بۆ بنبڕكردنی، لە سەرووی هەموویانەوە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پەرەپێدانی شەفافیەت و چاكسازی لە سێكتەرە جیاوازەكانی حوكمڕانی، بە جۆرێك سەرجەم داهات و سامانەكانی هەرێمەكەمان لە خزمەتی گەلەكەمان و بۆ خۆشگوزەرانی هەرێمەكەمان بەكاربێت، ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانیشە كە لایەنە سیاسییەكان لەبری ململانێ و شەڕكردن لەسەر دەستكەوتە حزبییەكان، دانیشن و بەیەكەوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن و ئەم دۆخە تێپەڕێنین و چیتر لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە هێرش نەكەنە سەر یەكترو دەروونی هاووڵاتیان لەوە زیاتر ماندوو نەكەن و لەبری چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان خەڵك بە پرس و كێشەی لابەلا سەرقاڵ نەكەن و قەیرانی دەستكرد دروست نەكەن.
‎دووبارە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی جیهان بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی دەكەم و ئەم جەژنە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم سوپاسی تایبەتی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆو پێشمەرگە بكەم، كە لەكاتی قەیرانی كۆڕۆنادا ماندوونەناسانە كاریان كرد بۆ ڕێگرتن لەزیاتر تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە، هەروەها سوپاس بۆ خەڵكی خۆڕاگری كوردستان كە خۆڕاگرانە لەماڵ مانەوەو پابەندی ڕێنماییەكان بوون.


‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
79 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/24/2020 3:10:59 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ