هەواڵ
مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبایی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان دەکات
 ئاڕاستە


بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبایی خۆی لە تەواوی موسڵمانان وخەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.



دەقی پیرۆزباییەکە....


بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە ، پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی تەواوی موسوڵمانانی جیهان و عێراق و بەتایبەت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەهەرچوارپارچەی کوردستان دەکەین ، بە تایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگە و کارمەندانی تەندروستی و سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ ، کە لەم بۆنە پیرۆزەدا و هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەگیانی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی و لەخۆبوردنەوە ئەرکی پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی هەرێمی کوردستان و گیان و تەندروستی خەڵک و ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان لەئەستۆدایە و بێ ماندووبوون لەوپێناوەدا شەونخوونی دەکەن ، مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) بەڕێزەوە لەماندوونیان دەڕوانێت.

وەک چۆن جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە هەڵگری پەیامی ئاشتەوایی و لێبووردەییە بۆ گشت موسوڵمانان و مرۆڤایەتی بەگشتی، ئومێد دەکەین بەهەمان شێوە ئەم جەژنە پیرۆزە ببێتە هەوێنی قوڵبووەی لێبوردەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی  و  پتەوکردنی ڕیزەکانی نێوان  لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ، بەئامانجی هەوڵدانی زیاتر بۆ چارەسەری کێشە و گرفتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی ، بەتایبەتی چارەسەری ئەو کێشە و گرفتە داراییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە و خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران تیاندا زەرەرمەندی یەکەمن و ئەم بارودۆخە زیاتر درێژەنەکێشێت و خۆشگوزەرانی و  ئارامی  بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەربکرێ.

دووبارە جەژن لەتەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پیرۆزدەکەین  هیوای کامەرانی و ئاسودەیی بۆ هەمووان دەخوازین .



مەکتەبی سیاسی 
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
23/5/2020
66 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/24/2020 3:09:15 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ