هەواڵ
تەندروستی:لە 2هەفتەی داهاتوو ڕێژەی توشبوانی کۆرۆنا دەگاتە لوتکە لە هەرێم
 ئاڕاسته‌:چاوان حسام

 وەزارەتی تەندروستی هەرێم: شەپۆلی کۆرۆنا لەم دوو هەفتەدا دەگاتە لووتکە. 
 
د. خاڵس ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان  "ئەو دوو هەفتەی ئێمە لەپێشمانە دوو هەفتەی سەرکەوتنی لووتکەکەیە، لەبەر ئەوە بەڕاستی ترسمان لەم دوو هەفتە هەیە. دەبێت خەڵک زۆر زیاتر پابەندبن. تکایە هەمووتان لە ماڵ بمێننەوە".
 
باسی لەوە شکرد"زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاوەڕوانکراوە ، بە رێکارەکانمان خێرایی شەپۆلی کۆرۆنامان کەمکردووەتەوە ، پێشبینی دەکەین لە هەفتەی داهاتوودا ژمارەی تووشبووان زیاتر ببێت".
 
ئاماژەی بەوە شکرد"بە دڵنیاییەوە ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە، وەڵامدانەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسەکاندا جیاوازە ،گەنجەکان زیاتر هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان" و هۆکاری ئەوەشی بۆ زیاتر بەرکەوتنی نێوانیان گەڕاندەوە وتیشی "لە پابەندبوونی خەڵکی بە قەدەخەی هاتووچۆوە رازی نیین." 
 
باسی لەوە شکرد"ئەو چارەسەرەی لە هەموو دنیا بەکاردێت لەلای ئێمەش بەکاردەهێنرێت. هەموو ئەو دەرمانانەی بەکاردێن دەمانی یاریدەدەرن".
 
ئەوەشی خستەڕوو "هیچ کەسێک بەرگرییەکی تایبەتی دژەکۆرۆنا لە لەشیدا نییە. ئەوانەی جگەرەناکێشن و ماددە کحوولییەکان ناخۆنەوە بەرگریی لەشیان بەهێزترە. بەهێزبوونی بەرگریی لەش بەندە بە وازهێنان لە جگەرەکێشان. دەبێت خەڵک خۆراکی هەمەچەشن بخۆن و لە شەکر دووربکەونەوە".
 
 باسیشی لەوە شکرد، " ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رێگەی هەواوە ناگوازرێتەوە. ئەوانەی دەچنە مارکێتەکان نابێت دەستیان لە دەموچاویان بدەن. چوون بۆ مارکێتە گەورەکان خراپە و باشترە بچنە دووکانەکان. دەبێت خاوەنی دووکانەکان کیسە و نایلۆنەکان لەبەردەستی کڕیاراندا دانەنێن".
 
 ئاماژەی بەوە شکرد، "لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایریۆسی کۆرنادا نزیکەی 100 ئامێری هەناسەدانی دەستکردمان کڕیوە و ئێستا ژمارەکە بووە بە 200 دانە. تواناکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا سنووردارە. پزیشکی تایبەتمەندی چاودێریی چڕ لەلای ئێمە نییە. لە هەموو هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 پزیشکی سڕکردن سەرپەرشتیی چاودێریی چڕ دەکەن. کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینمان هەیە، بەڵام سنووردارە".
 
ئەو پزیشکە بە باشی دەزانێت خەڵکی بۆ ماوەیەک تاوەکو کاریگەرییە خراپەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدەپەڕێت،  "لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییەکانیان بەکاربهێنن".
 
لەبارەی هاوکاریەکانی عێراق و وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، د. خاڵس ئەحمەد گوتی، "بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتان بڵاوبووەتەوە، وڵاتانی جیهان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا یارمەتیی یەکدی نادەن و هەر فریای چارەسەری تووشبووانی خۆیان دەکەون. تەنیا چین نەبێت کە مەترسییەکەی کەمێک تێپەڕاندووە و هاوکاریی وڵاتان دەکات".
 
 ئاشکرای کرد"ئەو هاوکاریانەی چین کە گەیشتوونەتە عێراق، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بەشی هەرێمی کوردستانی نەناردووە. سوپاس بۆ خودا دۆخی ئێمە لە رێگریکردن لە کۆرۆنا لە بەغدا باشترە".
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 161 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 57 تووشبوو چاکبوونەتەوە و دوو تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
874 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/30/2020 11:29:40 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ