هەواڵ
بزوتنە وەی گۆڕان..رۆژئاوا تەنیا نیە
 ئاڕاستە
لەباری هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لەسوریا  بزوتنە وەی گۆڕان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە،،

دەقی بەیاننامەکە...

جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەین و بڕوامان وایە ئەم پڕۆسەیە نەک خزمەت بە سەقامگیری سیاسیی لە ناوچەکە ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی کێشەکان و کارەساتی مرۆیی و، ئاوارەبونی سەدان هەزار خەڵکی سیڤیل بەدوای خۆیدا دەهێنیت، هاوکاتیش دەرفەتێک دەبێت بۆ خۆرێکخستنەوەی شانە نوستوەکانی داعش و 
بەهێزکردنەوەی گروپە تیرۆریستییەکان لەناوچەکە و شکاندنی ئیرادەی نەتەوەیەکی ئازا کە بەخوێنی خۆیان بەرگرییان لە ئازادییەکانیان کردوە.

رۆژئاوای کوردستان کە قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ پاراستنی خاکەکەیان لەچنگی گروپە تیرۆریستیەکان و لەبری هەمو جیهان شەڕی داعشیان کردوە، شایەنی قەرەبوکردنەوە و لالێکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتین، نەک پەلاماردانی تورکیا و جێبەجێکردنی پڕۆسەی داگیرکاری، ئەمەش بەرپرسیارێتیی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانانی دژی داعشە، کە رێ لە پڕۆسەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بگرن و رێگربن لە ئەگەرە نەخوازراوەکان کە روبەڕوی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچانە دەبنەوە.

کێشەی کورد، بە شەڕ و داگیرکاری و ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی چارەسەر ناکرێت، رێگەی ئاشتییانە و گرتنەبەری لێکتێگەیشتن کلیلی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکەیە. ئەم دۆخە وادەخوازێت هەمو لایەک بە گیانی بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی و مرۆیی مامەڵە لەگەڵ کەیسی رۆژئاوای کوردستان بکەن و ئەگەرەکانی جەنگ و ماڵوێرانی و خوێنڕشتن و کارەساتی مرۆیی دور بخەنەوە.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، سەرباری ناڕەزایەتیی توندمان بۆ ئەو هێرشە دوژمنکارییە و پشتگیریی تەواومان بۆ خەبات و مافی رەوای گەلەکەمان و دانیشتوانی رۆژئاوا، لەهەمان کاتدا داوا لەسەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان و حکومەتی هەرێم و عێراق و جەماوەر دەکەین،  کە لەم ساتەوەختە هەستیارەدا پشت و پەنای رۆژئاوا بن و بەهەمو شێوازێکی خەباتی دیبلۆماسی و سیاسی و مەدەنی و جەماوەری ئەو پشتگیرییەی خۆیان پێشان بدەن و هەرێمیش هەمو جۆرە کۆمەکێک بۆ هاوڵاتیانمان لە رۆژئاوا فەراهەم بکات. هاوکات داوای دەست پێکردنی کەمپینی جەماوەری بەرفراوان ئەکەین هەم بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو داگیرکاریەو هەمیش بۆ پشتگیری مادی و مەعنەوی گەلەکەمان لە رۆژئاوا. داواش لە رەوەندی کوردی ئەکەین بە هەمو شێوازێکی مەدەنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕن و یارمەتیی خێرا بۆ رۆژئاوا کۆ بکەنەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
163 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/10/2019 10:42:23 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ