دۆسیە
كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی بۆچی گرنگه‌؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ ده‌بوو زۆر له‌مێژه‌ ببه‌ستریاته‌ به‌لأم هۆكارگه‌لێكی زۆر هه‌بو هه‌ربۆیه‌ نه‌به‌سترا،به‌لأم له‌ ئێستادا هیچ بیانویه‌ك نه‌ماوه‌ كه‌ یه‌كێتی كۆنگره‌ نه‌به‌ستێت.
له‌م ڕاپۆرته‌دا كادیرانی یه‌كێتی ده‌یخه‌نه‌ ڕوو بۆچی كرنگه‌ یه‌كێتی كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت،كام گۆڕانكاری دروست ده‌بێت له‌ دوای ئنجامدانی كۆنگره‌.

چۆن كۆنگره‌ ببه‌ستین؟  كێن ده‌بنه‌ ئه‌ندامی كۆنگره‌؟

دكتۆر وه‌لی مه‌حمود ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ده‌ڵێت، بۆ ده‌بێت كۆنگره‌ ببه‌ستین.چۆن كۆنگره‌ ببه‌ستین؟ و كێن ده‌بنه‌ ئه‌ندامی كۆنگره‌؟ و به‌ چ به‌رنامه‌ و سه‌ركراده‌یه‌تییه‌ك ده‌رده‌چن؟، له‌مه‌شدا جۆرێك له‌ لێك حاڵی نه‌بوون تا راده‌ی مه‌ترسی وه‌لانان (اقصا‌‌و) و ئه‌وانه‌شی دروستكردووه‌. به‌بۆچوونی من سه‌ركردایه‌تی ئیستا ده‌بێ هه‌م له‌وه‌ تێبگات كه‌ ئیتر یه‌كێتی ناتوانێ به‌م وه‌زعه‌ی به‌رده‌وام بێت و ده‌بێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌بێ بۆ سوپایه‌ك له‌ كادرو ئه‌ندام كه‌ له‌ (٢٠١٣)ه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كه‌ن، هه‌ردوو ئۆرگانه‌كه‌ش چ مه‌كته‌بی رێكخستن ‌و چ ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند ئۆرگانی گرنگی ئه‌و حزبه‌ن و نابێت هیچ لایه‌كیان پڕۆژه‌كه‌ی لاكه‌ی دیكه‌ سفر بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ دیدو بۆچونه‌كان قابیلی گفتوگۆن، بۆیه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌ستبكه‌ن به‌ گفتوگۆ، تاوه‌كو هه‌ردوو ئۆرگان به‌ قازانجی گشتیی یه‌كێتی و گشت خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ ته‌بایی و ته‌فاهوم دروست بكه‌ن كه‌ پێكه‌وه‌ داكۆكی له‌ دیاریكردنه‌كه‌ی رۆژی به‌ستنی كۆنگره‌ بكه‌ن كه‌ (٢١/١١/٢٠١٩) كه‌ رۆژی (شه‌هیدی یه‌كێتی)یه‌.

یه‌كێتی ده‌بێت خۆی نوێ بكاته‌وه‌

ده‌شڵێت،گفتوگۆ و ئارامیی نێوان ئه‌و دوو ئۆرگانه‌، پاڵنه‌رێكی گرنگ ده‌بێت بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ر ترس و ناڕوونییه‌ك له‌ به‌ستنی كۆنگره‌، چونكه‌ دوا بڕیارو هه‌ڵوێستی كۆتایی له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ ده‌بێت. خاڵه‌ گرنگه‌كانی كه‌ هه‌موومان ده‌بێت داكۆكی لێ بكه‌ین ئه‌مانه‌ن:-
1-یه‌كێتی ده‌بێت خۆی نوێ بكاته‌وه‌ و به‌گوڕو تینی نوێ و وزه‌یه‌كی نوێوه‌ بێته‌وه‌ ناو كایه‌كه‌
2-ده‌بێت گۆڕانكاریی له‌ ستافی سه‌ركردایه‌تیدا بكرێت و خیبره‌ی كۆن و نوێ به‌ به‌رگێكی نوێوه‌ تێكه‌ڵ بكرێت
3-حسابی ناوچه‌ جیاجیاكان و توانا و پیشه‌ و پسپۆڕییه‌ جیاجیاكان بكرێت واته‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی بێ كه‌موكوڕی بێت چونكه‌ له‌ كۆنگره‌كانی تردا باڵی سه‌ربازی زۆر به‌ زه‌قی به‌ ئه‌نجامی كۆنگره‌وه‌ دیاربووه‌
4-یه‌كێتی ده‌بێت به‌ ئاراسته‌یه‌ك بێته‌وه‌ مه‌یدانه‌كه‌ حزبی ئاینده‌ی خه‌ڵك بێت و پاشه‌كشه‌ی ده‌نگه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات
5-یه‌كێتی گرنگه‌ حسابی بادینان و سنووری توركیا و سوریا بكات كه‌ له‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌ كه‌ له‌ حزبی گشتی سه‌رساحه‌كه‌وه‌ ده‌بێته‌ حزبێكی لۆكاڵی و ناوچه‌یی
6-پایته‌خت گرنگه‌ (یه‌كێتی نابێت حسابی ته‌نها ده‌نگ بكات) له‌و پارێزگایه‌دا، چونكه‌ هه‌موو كونسوڵ و دیپلۆماتكار و نوێنه‌ر و نێرده‌ی ده‌وڵه‌تان و كۆمپانیاكانی ئابووریی له‌ هه‌ولێرن
با ده‌ست له‌ناو ده‌ست و وه‌ك وه‌فا بۆ ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی له‌ پێناو یه‌كێتیدا رژاوه‌ بۆ نوێبوونه‌وه‌ و ئاینده‌ی یه‌كێتی و هه‌موو خه‌باتكارانی و خۆشمان رۆژی كۆنگره‌ دیاری بكه‌ین، به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ش له‌ ئه‌ستۆی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تییه‌ ‌و دڵنیابن له‌ مێژووی یه‌كێتیش ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌نووسرێته‌وه‌.


بۆ كۆنگره‌، پێویستمان به‌ حه‌كیمێکه‌

بارزان شێخ عوسمانیش ده‌ڵێت،به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌ی گشتیی ی.ن.ك بووه‌ته‌ دیفاكتۆ (ئه‌مری واقیع)، تازه‌ ناتوانرێت خۆی لێ لابدرێت و پێچ و په‌نا و بیانووی بۆ بدۆزرێته‌وه‌.
بۆ زامنبوونی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو، وه‌ك هه‌مووان پێی له‌سه‌ر داده‌گرن، به‌ جۆرێك كه‌ یه‌كێتییه‌كه‌مان به‌ گوڕو تین و به‌هێزیی و یه‌كگرتوویی زیاترو شێوازێكی هاوچه‌رخ و مۆدێرنتر درێژه‌ به‌ خه‌باتی بدات و بێته‌ مه‌یدان، پێویسته‌ به‌رله‌ كۆنگره‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بنرێت وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك، تا لانیكه‌م له‌ كۆنگره‌دا گفتوگۆ و مشتومڕه‌كان زۆر نه‌چنه‌ ورده‌كارییه‌كانه‌وه‌ و له‌واده‌ی ئاسایی هه‌ر كۆنگره‌یه‌ك زیاتر درێژه‌ نه‌كێشێت.
راسته‌ نۆ ساڵه‌ كۆنگره‌ نه‌به‌ستراوه‌ و له‌ نیوه‌ی مانگی یه‌نایر/كانونی دوه‌می ٢٠١٢یشه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی ئێجگار زۆری حزبی و رێكخراوه‌یی و شه‌خسیی كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌و پێویسته‌ كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ خاڵ به‌خاڵیان تاوتوێی بكات و قسه‌یان له‌سه‌ر بكات و یه‌كلاییان بكاته‌وه‌و بنبڕیشیان بكات، راسته‌ نابێت چاوپۆشیی بكرێت له‌ چه‌ندین سه‌رپێچیی و پێشێلكاریی هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ و كادیران له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا و ده‌بێت لێپێچینه‌وه‌ی ورد بكرێت و سزا و پاداشت په‌یڕه‌و بكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كۆنگره‌ بكه‌ین به‌ دادگایه‌ك و رۆژی قیامه‌ت، ئه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌ كاره‌كانی كۆنگره‌ به‌ ساڵێكیش كۆتایی پێبێت، زه‌حمه‌تیشه‌ هه‌موو سه‌ركرده‌كان به‌ ساغی ده‌ربچن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو برینه‌كان قووڵتر ده‌بنه‌وه‌، گیانی تۆڵه‌سه‌ندن و رق هه‌ڵگرتن ئه‌وكاته‌ زاڵتر ده‌بێت، ره‌نگه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ به‌و جۆره‌ بێت كه‌ نه‌یار و ناحه‌زه‌كانمان خۆزگه‌ی پێ ده‌خوازن.

ئه‌گه‌رهێرۆخان له‌كایه‌ سیاسییه‌كه‌دا ئاماده‌ بویایه‌ بارودۆخه‌كه ده‌گۆڕا

بارزان شێخ عوسمان باسی له‌وه‌شكردوه‌،ئه‌گه‌ر له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا هێرۆخان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی له‌كایه‌ سیاسییه‌كه‌دا ئاماده‌ بویایه‌، ره‌نگبوو بارودۆخه‌كه‌ و ره‌وتی روداوه‌كان به‌ ئاقارێكی ئیجابیی تردا بڕۆشتایه‌، بۆیه‌ بۆ خۆپاراستن له‌ گرژیی و توندتربوونه‌وه‌ی ململانێكان و ره‌خساندنی كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌بار و گیانی لێبورده‌یی، كۆنگره‌كه‌مان سه‌رباری هه‌وڵه‌كانی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی و هه‌ڤاڵ بافڵ تاڵه‌بانی، پێویستی به‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی قاڵبووشه‌ كه‌ رۆڵی ناوبژیوانیی تێدا ببینێت و كوتله‌ و باڵه‌كان له‌ یه‌كتریی نزیك بكاته‌وه‌.
به‌ بڕوای به‌نده‌، ئه‌و سه‌ركرده‌ كامڵ و پێگه‌یشتووه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك د.فوئاد مه‌عسومه‌، له‌پاڵ ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌ركرده‌ و هه‌ڤاڵانی دیكه‌ی ئێستای مه‌كته‌بی سیاسیی و سه‌ركردایه‌تیی.
هه‌ڤاڵ د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مام جه‌لال- ی مه‌زندا له‌ دیمه‌شق و قاڵبووی خه‌باتێكی دوورودرێژی سیاسیی و پێشمه‌رگایه‌تییه‌، سه‌ركرده‌یه‌كی كارامه‌ و داناشه‌ به‌ تایبه‌تی بۆ دانوستاندن و رێككه‌وتنه‌وه‌ی دژه‌كان، له‌و بواره‌شدا ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌.
كه‌ ئێستا هه‌مووان چاویان له‌ هه‌نگاوه‌كانی به‌ڕێزیانه‌ بۆئه‌وه‌ی زیاتر رۆڵی خۆی ببینێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی زۆرجار باری ته‌ندروستیی ده‌بێته‌ رێگر، به‌ڵام وه‌ك چۆن له‌ئاست ئه‌و دۆخه‌دا ته‌ندروستیی خۆی كردووه‌ته‌ قوربانیی بۆ ی.ن.ك و خوێنی شه‌هیده‌كانمان، ئه‌وهاش له‌م قۆناغه‌دا گه‌وره‌یی خۆی زیاتر بنوێنێت و چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان بێت و هه‌مووان له‌سایه‌ی یه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی به‌هێزدا كۆبكاته‌وه‌. ئه‌و حزبی شه‌هیدانه‌ی كه‌ وه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال-ی مه‌زن هه‌میشه‌ دووپاتی كردۆته‌وه‌ مانه‌وه‌ و بوونمان و سه‌روه‌ریمان و گه‌شه‌ كردنمان به‌نده‌ پێوه‌ی.

كۆنگره‌ی‌ چواره‌م  كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی یه‌كێتی

ئازاد ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش ده‌ڵێت،به‌بێ جیاكاری‌؛ هه‌ر هه‌ڤاڵێكی یه‌كێتی له‌ هه‌ر پۆستێكی نێو ئه‌م حزبه‌دا بێت، ئه‌گه‌ر كۆنگره‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ دۆخی ناوخۆی‌ یه‌كێتی و سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ئێستای‌ یه‌كێتی، به‌گرنگ نه‌زانێت، ئه‌وا تووشی جۆرێك له‌ ناكۆكی له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازی بووه‌ته‌وه‌.
نها پرسی كۆنگره‌ی‌ چواره‌می یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان هه‌موو كادران و دڵسۆزانی‌ یه‌كێتی خستۆته‌سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ خه‌نده‌ و خۆشحاڵی بۆ نوێكردنه‌وه‌ و چاككردنه‌وه‌ی‌ ناته‌واوییه‌كانی‌ ناوخۆی یه‌كێتی، به‌ڵام دڵته‌نگی و نائومێدییه‌كانیش كه‌م نین كه‌ رۆژانه‌ وه‌ك په‌یام سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه‌ پێمان ده‌به‌خشێت. یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی‌ له‌ ئێستاوه‌ پرسی كۆنگره‌ مووچڕكی نائومێدی و ره‌شبینی پێده‌گرێت، مه‌سه‌له‌ی‌ «ته‌وافوق»ه‌. چونكه‌ ته‌وافوق كۆی‌ گشتی هێز و سیحری‌ كۆنگره‌یه‌ك بۆ نوێبوونه‌وه‌ و به‌هێزكردنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌.

یه‌كێتی به‌چ جۆره‌ كۆنگره‌یه‌ك نوێ ده‌بێته‌وه‌

داخڵكردنی‌ یه‌كێتی بۆناو كۆنگره‌ی چواره‌م ئاسانتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی به‌چ جۆره‌ كۆنگره‌یه‌ك نوێ ده‌بێته‌وه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی‌ چاك ده‌كرێته‌وه‌.
پێش هه‌ر شتێك ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ خه‌یاڵدانی‌ به‌شداربووانی‌ كۆنگره‌دا بچه‌سپێنرێت كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ناوبنرێت به‌ (كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی). كۆنگره‌ی‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی ده‌بێت جارێكیتر ئه‌و پرسیاره‌ بوروژێنێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ساڵی 1975 سه‌رۆك مام جه‌لال له‌نامیلكه‌ی‌ «یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، بۆچی؟» ده‌یوروژێنێت. وه‌ك چۆن ئه‌وكات ئه‌و پرسیاره‌ له‌زه‌مه‌نی‌ نشوستی بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورددا وه‌ڵامێكی بۆ دۆخی سیاسی و خه‌باتی سیاسی كورد هه‌بوو، ئه‌وا ده‌بێت دوای‌ نزیكه‌ی چل و پێنج ساڵ له‌و مێژووه‌ش؛ هه‌مان پرسیار وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ كه‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بۆ ئێستا چ سوودێكی بۆ كورد ده‌بێت؟
وه‌ك چۆن دامه‌زراندنی یه‌كێتی هه‌ژانێكی گه‌وره‌ی سیاسی بوو له‌ ئانوساتی خۆیدا و دابڕانێكی گه‌وره‌ی‌ مێژوویی بوو له‌ ته‌واوی‌ مۆدێله‌كانی‌ حزبی كوردی سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م و دواتریش، ئه‌وا ده‌بێت كۆنگره‌ی‌ چواره‌می یه‌كێتی به‌هه‌مان خه‌ونی یه‌كێتییه‌كی نوێ-وه‌ ببه‌سترێت و ده‌ستپێبكات.
1247 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/27/2019 5:28:17 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ