هەواڵ
حزبی سۆسیالیست بەم بۆنەیەوە ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە
  ئاڕاسته‌: پشتیوان عه‌زیز

مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كورستان،به‌بۆنه‌ی 43 هه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حزبەکەوە راگه‌یه‌نراوێك بڵاودەکاتەوە.

ده‌قی راگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی‏‎‏ حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان:

حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە یادی 43 ساڵەی دامەزراندنیدا

‏‎جــــەمـــاوەری تـێـکــۆشــەری کوردســـتان
‏‎‏‎کــەسـوکـاری ســـەربـــەرزی شـــەهــیــدان
‏‎‏‎پیشــمەرگە قــارەمانەکـــان
‏‎هەڤاڵانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

‏‎‏‎ئەمڕۆ 43 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان. ئەو حزبەی لە رۆژانی دژوار و قۆناغی سەختی بەرگری بەرامبەر هەڵمەتی لەناوبردنی خەڵک و وێرانکردنی خاک و سڕینەوەی ناوو ناسنامەی گەلەکەمان، وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان لە ڕۆژی 8/8/1976 دامەزرا.

‏‎ئەو حزبەی مەحاڵی گۆڕی و لە سەنگەرە خامۆشەکانی بەرگری و کونجی زیندانە تاریکەکانی دوژمن و باخ و مەزرا سووتاوەکانی گوندەکان و کۆڵانە بە سوپا و زرێپۆش تەنراوەکانی حزبی بەعس لە ناو شارەکاندا، جارێکی تر بانگی نەبەزین و دروشمی مانەوە و بەرخودانی بەگوێی دۆست و دوژمنی گەلەکەمان گەیاند، سەرکردەو پێشمەرگەو هەڤاڵەکانی ئێوە، بێ گوێدانە ژیان و مەرگی خۆیان بەگژ دڕندەترین رژێمدا چوونەوە ،بۆیە ئێوە سەر بەرزن کە خاوەنی ئەو مێژووە پرشنگدارەن. 

کە حزبەکەتان 43 ساڵە بێوچان، بێلادان، بێترس و بێباک لە مردن، بەو رێ و رێبازی گیانبازییەدا کاروان لەدوای کاروان بەڕێدەکات.

شانازی بکەن کە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆش تێکۆشەرانی ئێوە بە گیانی خۆیان پشکۆی کوانوی خەباتیان جۆشدایەوە و نائومێدیی جەستەی خاک و خەڵکی برینداری ئەم گەلە تیمار دەکەن و ئاسۆی ئایندەی رووناک دەکەنەوە

جــــەمـــاوەری کوردســـتان

‏‎حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وەک پێویستییەکی مێژوویی لەدوای پەیماننامەی شومی جەزائیر و پیلانی نێودەوڵەتی ساڵی 1976 هاتە مەیدانی خەبات و ئەمڕۆ لەدوای 43 ساڵ وا بە سەر بەرزییەوە لاپەڕەکانی مێژووی هەڵدەداتەوەو لە هەر وێستگەیەکیدا هەزاران شەهید و نەبەردی و داستانی مقاوەمەی جەسوورانە یاد دەکاتەوە.

‏‎ئەم ساڵیش بە هەمان گوڕو تین، بە هەمان گیان و گەرمیی جاران، بەڵێنی نەسرەوتن تا بەدیهێنانی ئامانجی سەدان ساڵەمان دووپات دەکەینەوەو بەڵێن بە جەماوەری کوردستان دەدەین وەک هەمیشە خەباتکاری سەرسەختی بەدیهێنانی سەروەری و ئارامی و خۆشگوزەرانی بین تا ئەم گەلە مەینەت چەشتووە بە ژیانێکی شایستە دەگات.

‏‎ئێستاش پەیمان بێ بە کوردستان ، بە دایکانی مەینەت چەشتوو و جگەر سووتاو ، بە روفاتی بێ نزرگەو دوورمەنزڵی نێو سەحراکانی سەماوەو نوگرە سەلمان، بە که‌رکوک و گەرمەسێر، بۆ جارێکی تر لەپێناو گەیاندنەوەی ئاڵای شەکاوەی کوردستان بۆ حەمرین و دوایین سنووری کوردستان هەمیشە لەڕیزی پێشەوەی تێکۆشاندا بین بۆ پاراستنی خاک و ناسنامەیان.

‏‎هەڤاڵانی تێکۆشەر
‏‎ئەم ساڵ لەکاتێکدا یادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە، پێنج ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردستان و قەتڵ و عام و تاوانە دڕندانەکانیان و لەبەرامبەریشدا بەرگری قارەمانانەی گەلەکەمان و هێزی پێشمەرگە کە بە گیانبازییەکی بێ وێنە رووبەڕووی تیرۆریستان بوونەوەو توانییان لەبری جیهان شەڕی تیرۆر و بەرگری لەبوون و کەرامەت و بەهاکانی مرۆڤایەتی بکەن ، لەوەشدا پێشمەرگەو تێکۆشەرانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەریزی پێشەوەی بەخشش و بەرگری بوون.

ئێستا کە هەرێمی کوردستان پێیناوەتە قۆناغێکی سیاسی نوێوە بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی رۆژانی سەختی گەمارۆ و قەیرانە قورسەکان، کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە رەو گۆڕانکاری گەورە و پێشهاتی گرنگ هەنگاو دەنێت، ئەمەش پێویستی بە بەیەکگوتاری نیشتمانی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە تێکۆشەری ئەو رێیەین و دۆست و هاوسەنگەری هەر کەس و لایەنێکین کە بەو گیان و ئامانجە خەبات بکات لەپێناو یەکڕیزی و رێکخستنی نێوماڵی کوردی و بانگی هەموو دڵسۆزانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەکەین کە کاتی ئەوەیە دەست لەناو دەست تێبکۆشین لە پێناو ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان و پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی سیاسی بە گرنگ دەزانین

پیرۆزبێت 8ی ئاب ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

‏‎سەرکەوێت پەیامی دیموکراسی و دادپەروەری و مافی چارەنووس
‏‎‏‎ سڵاو بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان

مەکتەبی سیاسی

‏‎‏‎حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
8/8/2019
681 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/8/2019 3:28:18 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ