دۆسیە
بۆچی ئێزیدییه‌كان دوو میریان هه‌یه‌؟
 ئاڕاستە



ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و عه‌شیره‌ت له‌ شنگال، میرێكی نوێیان بۆ ئێزدییه‌كانی قه‌زاكه‌ هه‌ڵبژارد له‌كاردانه‌وه‌ی دانانی میر حازم به‌گ له‌ لالش، كه‌ بۆته‌ جێی ناڕه‌زایی ئه‌نجومه‌نی روحانی و جگه‌ له‌وانیش به‌ره‌ی دیكه‌ی ئایینی، هه‌ردوو میره‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و داوای میرێكی بێلایه‌ن ده‌كه‌ن.


شنگال  كێ به‌ به‌میری خۆیان ده‌زانن

4ی ئاب له‌ مه‌زاری شبیل قاسم له‌ شنگال، ژماره‌یه‌ك له‌ پیاوانی ئایینی و كه‌سایه‌تی ئێزیدییه‌كان بڕیاریاندا به‌ دانانی نایف داود سه‌لمان، وه‌ك مێری شنگال و پێكهێنانی ئیماره‌تی قه‌زاكه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق. 
فەقیر شەمۆ، كه‌سایه‌تی ئایینی له‌ شنگال و یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی به‌شداربووه‌ له‌ دیاریكردنی میری نوێ  ڕایگه‌یاند،به‌بێ وه‌رگرتنی بۆچونی خه‌ڵكی شنگال و رایگشی ئێزدیان لایه‌نێكی سیاسی حازم ته‌حسین به‌گ-ی وه‌ك میر دیاریكردووه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ره‌تمانكرده‌وه‌ .وه‌ك كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆز و دیندارانی ئێزیدی نایف داود سه‌لمان-مان وه‌ك میر دیاریكردووه‌ و هه‌ر ئه‌و به‌ میری خۆمان ده‌زانین.
به‌پێی به‌یاننامه‌ی راگه‌یاندنی دیاریكردنی میری نوێ، حازم به‌گ مه‌رجه‌كانی بوون به‌ میری تێدا نه‌بووه‌ و به‌و رێكارانه‌دا نه‌رۆێشتووه‌ كه‌ ئایینی ئێزیدی دیاریكردووه‌، بۆیه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و نایف داود وه‌ك میر ده‌ناسێنن.

له‌هه‌موو مێژووی ئایینی ئێزیدی دوو میر نه‌بووه‌

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت 27ی ته‌مموز له‌ په‌رستگای لالش له‌ قه‌زای شێخان، حازم ته‌حسین به‌گ له‌ رێوره‌سمێكی ئایینیدا وه‌ك میری ئێزیدیان له‌ عیراق و جیهان ده‌ستبه‌كاربوو، ئه‌وه‌ش دوای دیاریكردنی له‌نێو حه‌وت كاندیدا بۆ ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی میره‌وه‌.
حازم تەحسین بەگ، کوڕی میری كۆچكردوی ئێزدیان تەحسین بەگه‌، لەساڵی 1964 لە ناحیەی باعەدرێ سەر بەقەزای شێخان لەدایک بووە، لە ساڵی 1989ـه‌وه‌ بۆته‌ بریكاری باوكی و ئه‌ندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بوو له‌ پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان.
عەلی خدر، لێپرسراوی نوسینگەی جڤاتی روحانی ئێزیدی بۆ کەرکوک ناو وتی "له‌هه‌موو مێژووی ئایینی ئێزیدی دوو میر نه‌بووه‌ ته‌نیا یه‌ك میر هه‌بووه‌، به‌دڵنیایه‌وه‌ ئێمه‌ دژی هه‌ڵبژاردنی میرێكی نوێن له‌ قه‌زای شنگال و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ئێزدییه‌كان جگه‌ له‌ میر حازم به‌گ كه‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی میره‌وه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ هیچ میرێكی تری هه‌بێت".

ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له‌ جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه‌ شێخ، شێخی وه‌زیره‌  و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.

كه‌سانێك هه‌ن سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان و خه‌ڵكی ئێزیدی له‌ شنگال هانده‌ده‌ن

باش ده‌زانین لایه‌نێكی سیاسی له‌ پشت ئه‌م بابه‌ته‌وه‌یه‌ و كه‌سانێك هه‌ن سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان و خه‌ڵكی ئێزیدی له‌ شنگال هانده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دوبه‌ره‌كی و كێشه‌ له‌ نێوان ئێزدییه‌كاندا دروستبكه‌ن..
عه‌لی خدر وتیشی حازم به‌گ شه‌رعیه‌تی پێدراوه‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی میر، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و سیاسی هه‌یه‌و  هیچ پێویست به‌ میرێكی نوێ ناكات،
پێگه‌ی میر له‌ نێو ئێزیدییه‌كاندا، له‌ نێو هه‌مان بنه‌ماڵه‌دا بووه‌ و ده‌بێته‌ نوێنه‌ری ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ ئاستی جیهان، له‌ دوای ئه‌ویش باباشێخ، وه‌كو مه‌رجه‌عی دینی ئێزیدیی له‌ روی ئایینه‌وه‌ كاره‌كان راییده‌كات.

ده‌نگمان نه‌داوه‌ به‌ میری تازه‌ی شنگال و پشتگیری ناكه‌ین


شێخ فاخر خه‌ڵه‌ف، لێپرسراوی ده‌سته‌ی ئایینی ئێزیدی له‌ قه‌زای شنگالیش ڕایگه‌یاندوه‌،ئێمه‌ ده‌نگمان نه‌داوه‌ به‌ میری تازه‌ی شنگال و پشتگیری ناكه‌ین كه‌ به‌پێی ده‌ق و تێكستی ئایینی ئێزیدی هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌، هه‌روه‌ها پشتگیری له‌ حازم ته‌حسین به‌گ-یش ناكه‌ین و به‌میری خۆمان نازانین، چونكه‌ ئه‌ویش له‌لایه‌ن حزبێكی سیاسی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دانراوه‌ وئه‌و ده‌سته‌ ئایینه‌ مانگی رابردوو له‌ شنگال پێكهێنرا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌و قه‌زایه‌وه‌.
فاخر خه‌ڵه‌ف هۆشداریدا له‌وه‌ی بارودۆخی ئێزیدییه‌كان زۆر ئاڵۆز ده‌بێت، به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنی میرێكی نوێ له‌ قه‌زای شنگال؛ "ئیتر كێشه‌كان زۆر زیاد ده‌بن و ره‌نگه‌ بگاته‌ ئاستی خوێنڕشتن، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مولایه‌ك هۆشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا‌ بكه‌ن.


كێشه‌كان زۆر زیاد ده‌بن و ره‌نگه‌ بگاته‌ ئاستی خوێنڕشتن


لێپرسراوی ده‌سته‌ی ئایینی ئێزیدی له‌ شنگال داوایكرد بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، میرێكی نوێی بێلایه‌ن دابنرێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێكاره‌كانی ئێزیدیایه‌تی و ده‌ق و تێكسته‌ ئایینیه‌كان، تا هه‌موو ئێزیدییه‌كان پشتگیری بكه‌ن.دیاریكردنی میری ئێزیدیان چه‌ند مانگێكه‌ مشتومڕی له‌سه‌ر هه‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ 28ی كانونی دوه‌می 2019 ته‌حسین سه‌عید عه‌لی به‌گ، میری ئێزدییان له‌ عیراق و جیهان به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه‌ له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له‌ شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد.

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه‌ قه‌زای شێخان (ده‌كه‌وێته‌ باكوری موسڵ و له‌روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ هه‌ولێره‌) و له‌گه‌ڵ قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ).

ئه‌و پێكهاته‌یه‌ روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌ستی داعش، كاتێك هێرشیكرده‌ سه‌ر شنگال له‌ ئابی 2014دا و له‌وكاته‌شدا، زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار كه‌س له‌ نێویاندا ژن و منداڵ رفێنران و هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی نیوه‌یان نادیاره‌، جگه‌ له‌ ئاواره‌بونی هه‌زاران خێزان.

ئێزیدی یەکێک لە گەورەترین خێڵەکانی کوردە که خاوەنی ئاینی تایبەتن و زۆربەیان لە باشووری کوردستانن لە دەڤەری شێخانی نێوان مووسڵ، پارێزگای دھۆک و دەڤەری شنگاری سەر سنووری سووریادا دەژین. ھەروەھا لە بۆتان و دەربێسیە‌ و باکووری پارێزگای ئەلحەسکە‌ و دەڤەری عەفرین لە حەلەب و ئەلەگەزی ئەرمەنستان و پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باکووری ڕۆژھەلاتی تورکیادا دەژین. ئێزیدی بە کوردی کورمانجی دەئاخڤن 

1382 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/5/2019 3:08:10 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ