دۆسیە
كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رنامه‌ی كاره‌كانی جێبه‌جێده‌كات؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم


هه‌رچه‌نده‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆهه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان  زیاد له‌ 9 مانگى ڕێكى خایاند و زۆر به‌ سه‌ختى  له‌دایكبوو له‌نێوان كێشمه‌كێشى حیزبایه‌تى و حسابكردنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌ حیزبیه‌كان و دابه‌شكردنى پله‌وپۆسته‌كاندا،به‌ڵام دواجار له‌دایكبوو وتوانرا كه‌ له‌ 10/7/2019دا متمانه‌ى په‌ڕله‌مانى كوردستان به‌ده‌ستبێنێت .
نوسه‌ران و ڕۆشنبیران چۆن له‌ كابینه‌ی نوێی ده‌ڕوانن و تا چه‌ند گه‌ش بینن به‌ رانبه‌ر به‌ هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو،له‌م ڕاپۆرته‌دا بۆچونه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت.

دروشمەكانی ئەم كابینەیە زۆر گەورەن و جێبەجێكردنیان ئاسان نییە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ری نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوس قسەوباسی زۆر لەبارەی ئەجێندای حكومەتی نوێ‌ دەكرێت. جارێ‌ دیار نییە ئەولەیەت و كاری لەپێشینەی ئەم كابینەیە چییە، بەڵام ئەوەی ئێمە لێمانەوە دیارە، دروشمەكانی ئەم كابینەیە زۆر گەورەن و جێبەجێكردنیان ئاسان نییەو ئیرادەیەكی بەهێزی دەوێ‌ وئەجێندای ئەم حكومەتە، ئەجێندای پێكهێنەرانی كابینەكەن. واتە ئەجێندای پارتی و یەكێتی و گۆڕانە، بەشێك لەئەجێندای ئەم حكومەتە لەچوارچێوەی رێككەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەكان بەتایبەت لەنێوان یەكێتی وپارتیدا نوسراوەتەوەو كراوەتە مەرجی بەشداریكردن لەكابینەی نوێ‌. 
با لەئێستاوە رەشبین نەبین به‌رامبه‌ربه‌ كابینه‌ی نوێ

سه‌رتیپ باس له‌وه‌شده‌كا:كەموكوڕیی و كێشەكانی حكومەت زۆرە، زادەی كەڵەكەبونی دەیان ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانە، ئاڵۆزییەكانی حوكمڕانیی چۆتە هەموو كون و قوژبنێك و دەستبردن بۆ چاككردنی هەم وەختێكی زۆری دەوێت، كورد وتەنی لەدروشم واوەترەو كرداری هەقیقی گەرەكە!با لەئێستاوە رەشبینی نەبین، بەڵام راستەڕێ كردنی بەشێك لەئیشوكارەكانی حوكمڕانیی لەهەرێم پێویستی بەخوێندنەوەیەكی واقعی بارودۆخ و هەروەك دەكرێت بڵێین پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی پێشوەختەش هەیە! بۆیە بەدڵنیاییەوە چاكسازیی بەكەسێك و حزبێك و تیمێكی دیاریكراو ناكرێت، بەڵكو هەموو لایەنەكان تێیدا بەشداربن.



زۆر ڕەشبینم بەداھاتوی کوردستان وبەتایبەتی کابینەی نۆ


سەمەدچاوشین ی نوسه‌ریش بۆچۆنی خۆی لەسەرکابینەی نۆ ده‌خاته‌ ڕوو ده‌ڵێت:نایشارمەوە بەڕاستی زۆر ڕەشبینم بەداھاتوی کوردستان وبەتایبەتی کابینەی نۆلەبەرئەم ھۆکارانە ..
یەکەم/من چاوەڕوانی ئەوەبووم کەیەکەم لایەن بەھەموو شێوازێک پشتیوانی کابینەی نۆ بکات ،پارتی بێت چونکە
*زۆربەی ستافەکە گۆڕاوە .سەرۆکی حکومەت تازەیە .زۆرینەی دەنگیان ھێنایەوە .زۆربەی وەزیرەکان پارتین .کەچی بەداخەوە لەیەکەم رۆژەوە پارتی خۆی کەوتۆتە ..تەقەکردن ...لەکابینەکە..بۆراستی قسەکەم برواننە ..دەزگای روداو ...کەکابینەکە بەكوده‌تا ناودەبات.
دوەم /پارتی ھەرخۆی لەرقی یەکێتی ..ھەرزوو ...زۆربەی پۆستەکانی بەگۆڕان بەخشی .
سێ یەم/دیسان لەرقی یەکێتی پۆستی بەسۆسیالیست بەخشی .
چوارەم /تورکمانی خەنی کرد.
پێنجەم /لەیەکەم رۆژی دەست بەکاربوونی کابینەی نۆ..ووتی ھەزارەھا ملیارقەرزارین .
شەشەم /لەیەکەم کۆبونەوە شەش بریاریان دەرکرد ھیچیان ناچنە بواری جێ بەجێ کردنەوە .
حەوتەم /ھەموو موچەخۆران وفەرمانبەرانیان نائۆمیدکرد ..بەیەک ووشە ..باسی موچەی یەک ساڵی دزراو لووشکراوی موچەخۆران نەکرا.
ھەشتەم /ھەرشەش بریارەکە بایی ئەوەنەبوو بڵێن بەنیازین لەچوارساڵی داھاتوو موچەی دزراوی خەڵک دەدەینەوە .
نۆیەم /لەوشەش بریارە ..بەیەک پیت ..باسی کەرکوک نەکرا .
ده‌یه‌م/دووجێگری سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ عاقیبه‌تی باش نابێت ،هه‌ربۆیە من لەئێستاوە رەشبینم بەچارەنوسی کابینەی نۆ..ترووسکاییەک گەشبینی نابینم .


خۆنه‌دزینه‌وه‌ له‌ به‌ڵێن و ڕێكه‌وتن و كارنامه‌ و دروشمه‌كانه‌ى هه‌ڵبژاردن گه‌لێك پێویست بوو


چاودێری سیاسی نه‌وزادی  موهه‌ندیسیش ده‌ڵیت :ڕاسته‌ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ و گفتوگۆكان له‌سه‌ر هێڵه‌ گشتى و وورده‌كاریه‌كانیشى زۆرى خایاند،به‌ڵام تێگه‌یشتنى زیاتر له‌ به‌رنامه‌ و تێڕوانین و دونیابینى یه‌كترى به‌تایبه‌تیش 3 لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى كابینه‌كه‌ گرنگ بوو،باسكردن و قوڵبونه‌وه‌ له‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كان و له‌خواست و ویسته‌ ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رێم و كه‌ركوك و به‌غداد گرنگبوو،به‌ستنه‌وه‌ى هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كان پێكه‌وه‌ و هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ڕێگاچاره‌یه‌كى گشتگیر به‌هیمه‌تى هه‌موولایه‌ك زۆر پێویست بوو.خۆنه‌دزینه‌وه‌ له‌ به‌ڵێن و ڕێكه‌وتن و كارنامه‌ و دروشمه‌كانه‌ى هه‌ڵبژاردن گه‌لێك پێویست بوو.ده‌ستخستنه‌ سه‌ر خاڵى ناكۆكیه‌كان و دیاریكردنى پشك و قه‌واره‌ و لێپرسراوێتى هه‌ر لایه‌ك گه‌لێك پێویست بوو،بنه‌ماى وه‌كیه‌كى و شه‌ریكایه‌تى ڕاسته‌قینه‌ دوور له‌ برا گه‌وره‌یى و بچوكى زۆر پێویست بوو.بۆیه‌ هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ پێویستیان به‌كاتى زیاتر و گفتوگۆى جدیانه‌ ده‌كرد له‌نێوان لایه‌نه‌ براوه‌كاندا،بۆئه‌وه‌ى بناغه‌یه‌كى تۆكمه‌ و به‌هێز بۆ حكومه‌تى ئاینده‌ دابڕێژرێت و وه‌كو ئه‌زمونى ساڵانى ڕابووردوو حكومه‌ت له‌نیوه‌ى ڕێگه‌ دابه‌شنه‌بێت و هه‌رلایه‌ك به‌ئاره‌زوو یان له‌ژێر فشاردا یان به‌پاڵنه‌رى حیزبایه‌تى كابینه‌كه‌ به‌جێبهێڵێت و پشت بكاته‌ هه‌موو كار و به‌رنامه‌ و جه‌ماوه‌رى گه‌له‌كه‌شمان و جارێكى تر ڕووبكاته‌وه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى دروشمى بریقه‌دارى بێناوه‌ڕۆك و به‌ناو سه‌نگه‌رى ئۆپۆزسیۆن و وه‌ستانه‌وه‌ دژى حكومه‌ت و كابینه‌كه‌ى.


به‌پێكهێنانى كابینه‌كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێینایه‌ قۆناغى حكومه‌تى ڕاسته‌قینه‌وه‌


ئه‌و چاودێره‌ ده‌شڵێت:درێژه‌كێشانى ئه‌م گفتوگۆیانه‌ش له‌لایه‌كى تره‌وه‌ گه‌رچى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى بێمتمانه‌یى ساڵانى ڕابووردوو بوو به‌یه‌كترى به‌ڵام بینین و دانیشتن به‌رامبه‌ر یه‌كتر و ڕووبه‌ڕوو و زۆرى سه‌ردانه‌كانیش توانى به‌سته‌ڵه‌كى دڕدۆنگى و دابڕانى زیاد له‌ 2ساڵى نێوان هه‌موان بتوێنێته‌وه‌ و گرژی و ئاڵۆزیه‌كان خاوبكاته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هێشتاش نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستى ته‌واو كه‌ماڵ. بۆیه‌ دواكه‌وتنى كابینه‌كه‌ له‌ پێكنه‌هێنانى باشتر بوو وه‌كو ده‌ڵێن (( دواكه‌وتن له‌ هه‌ر نه‌گه‌یشتن باشتره‌)).ئیدى به‌پێكهێنانى كابینه‌كه‌ هه‌رێمى كوردستانیش پێینایه‌ قۆناغى حكومه‌تى ڕاسته‌قینه‌ و متمانه‌ پێكراو و دووركه‌وته‌وه‌ له‌حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر و بێده‌سه‌ڵات له‌بڕیارداندا.
له‌ئێستادا ئه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌  ئایا گه‌شبینبین به‌ ئاینده‌ى حكومه‌ته‌كه‌ و كار و به‌رنامه‌ و گوتار و سیاسه‌ته‌كانى ؟ یانیش هه‌رله‌ئێستاوه‌ تۆوى ڕه‌شبینى بچێنین و حكومه‌ت و پێكهاته‌كه‌ى بده‌ینه‌ به‌ر پلار و ڕه‌خنه‌ى ڕوخێنه‌ر و هه‌موو هیوا و ئاواته‌كان له‌گۆڕ بنێین و هه‌موان ده‌سته‌وئه‌ژنۆ لێى دابنیشین و ئه‌م حكومه‌ته‌ش به‌ كابینه‌كانى پێش خۆى بچوێنین؟ ئایا كارێكى ڕاست و عه‌مه‌لى و زانستیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بڕیارى پێشوه‌خته‌ى خۆمان بده‌ین و ڕاستوچه‌پێك بهێنین به‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ماندا؟یانیش لێگه‌ڕێین با ماوه‌یه‌كى 3 تا 6 مانگى كاربكات و ئه‌وكات بڕیارى ڕاسته‌قیتنه‌ى خۆمان بده‌ین و هه‌ڵوێستى ڕاست و دروستى خۆمان له‌سه‌ر ئاشكرا بكه‌ین؟ و ده‌یان پرسیارى تریش..

ڕۆژی  چوارشەممە 10-7-2019، پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا، متمانەی بە مەسرور بارزانی وەک سەرۆک و قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك جێگری سه‌رۆكی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی کابینەکەی بەخشی.
1241 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/17/2019 4:16:16 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ